ڕۆژنامەیەکی تورکی: تورکیا بنکەیەکی سەربازی نوێ لە سنوری دهۆک دروستدەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕۆژنامەیەکی تورکی لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردەوە سوپای تورکیا بنکەیەکی نوێی سەربازی لە ڕووبەرێکی فراوانی هەرێمی کوردستاندا دروستکردووەو دەشڵێت بەهەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دروست دەکرێت
لە ڕاپۆرتێکی دەیلی سەباحی تورکیدا هاتووە کە لە ئێستادا سوپای تورکیا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ قفڵ"و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بەدرێژایی 620 کیلۆمەتر کە دەکاتە 385 میل، ڕێگهی سەربازیی لەو ناوچانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تێدا ئەنجامدەدات دروستکردوە.
بەگوێرهى ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەهەماهەنگیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدەدات.
هەروەها ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە :"هەماهەنگییەکی گەورە لەنێوان ئەو دوو لایەنە لەبواری سیاسییو سەربازییدا هەیە، بەڵام چاوەڕوانییەکانی تورکیا سەبارەت بەدروستکردنی هاوبەشییەکی هاوشێوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دژ بەپەکەکە بەدینەهاتوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بێ گوێدانە هەر ڕێگرییەک کە دێتە بەردەمیان.
جێگەیباسە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و تائێستاش بە شێوەیەکی جدی کاری لەسەر نەکراوە و ژمارەیەکی زۆریش لە گوندە سنوورییەکان بەهۆی بۆردومانەکانەوە چۆڵکراون.
