وادەى ناردنى پارەکەى بەغداد بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێم ئاشکراکرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی گەیشتنى پارەکەى بەغداد و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى بۆ ئاژانسى بەغداد یەوم ئاشکراکرد و ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت،" حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ بەغدا نەناردووە بۆیە 618 ملیار دینارەکە نەهاتووە”.
ئاژانسی بەغداد یوم لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای دەستپێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە پارێزگاکانی عێراق بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە تا کۆتایی ئەم هەفتە، پارەکە دەنێرێت.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ سەر حسابی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کۆکردنەوەی داهاتە داراییەکانی تر کە لە باج و گومرگەوە دەستیکەوتووە، حکومەتی هەرێم بڕی 900 ملیار دینار تەواو دەکات و دەست دەکات بەخەرجکردنی مووچە لە کۆتایی ئەم هەفتە، یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو.
هاوکات شەوی ڕابردوش لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق لهگهڵ تهیف سامی وهزیری دارایی عێراق كۆبووهوه، نەمرین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، " وەزارەتی دارایی جەختی لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە تایبەت مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگەو مانگەکانی دواتریش، بەڵام بەو مەرجەی هاوشێوەی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵی وردبینی بکرێت لە لیستی ناوی فەرمانبەران و مووچەکانیان وحکومەتی هەرێم داتا و زانیاری بدات بە حکومەتی فیدڕاڵ."
سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی وتیشی: حکومەتی عێراق چاوەڕێی حکومەتی هەرێمە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەست بکات، تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بنێرێت، چونکە تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ نزیکەی 300 فەرمانبەر کراوە و نیوەی دیکەی ماوە”.
تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی 10 ،11، 12ی ساڵی ڕابردوو مانگی 1 ی ئەمساڵ 2024 یان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمیش لەم بارەیەوە دەڵێت ئەو سێ موچەیەی ساڵی ڕابردوو قەرزە لەسەر حکومەتی عێراق و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەو 618 ملیارەن کە بڕیارە عێراق بینێرێت .
