وەزارەتی ناوخۆ: سزای گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكان هەڵگیرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە دوو بڕیاری لەبارەی سزای گرێبەستە ئەلکترۆنییەکان و سەرپێچی هاتوچۆی شۆفێران دەرکرد و ڕایگەیاند، بۆ بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی كەم دەرامەتی و بێئاگایی لە رێنماییە یاساییەكان، سزا دراون، سزای گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكان هەڵگیرا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢/١/٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆ دوو بڕیاری نوێی لەبارەی سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی و سەرپێچی هاتووچۆی شۆفێران دەرکرد :
بڕیاری یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە رێکخراوە بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (3)ـی ساڵی 2021 و هەموارەکانی.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم لێخۆشبوونە، هەموو ئەو شۆفێرانە دەگرێتەوە کە تاوەکو 31-12-2023 سزای داراییان هاتووەتەسەر بەهۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بەهۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێ ئاگایی لە رێنماییەکان.
ئاماژە بەوەش کراوە، "پێویستە لەمەو بەدوا هاووڵاتییان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدووربن".
بڕیاری دووەم: راگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وەزاری ژمارە 25582 لە 10-09-2023 کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (20) لە یاسای هاتووچۆ ژمارە (86)ـی ساڵی 2004 لە دوای 28-02-2024. ئەمەش لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لەکاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتووچۆ.
ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وزارییەکەیە:
لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە:
یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن.
دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ.
داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە.
ڕێبەر ئەحمەد
وەزیری ناوخۆ
