لەتەوێڵە هێزەكانی پاسەوانی سنور كۆڵبەرێكیان كوشت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە تەقەیان لەسێ كۆڵبەر كردو یەكێكیان گیانی لەدەستداوەو دوانەكەی دیكەش بریندار بوون.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی كانونی دووەمی 2024، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە، كۆڵبەرێكی تەمەن 40 ساڵان بەناوی هوشیار مەحمودی خەڵكی ئاوایی شمشێری پاوە گیانی لە دەستدا و دوو كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە"ئەو كۆڵبەرە فیشەك بەر سەری كەوتوەو راستەوخۆ گیانی لەدەستداوەو دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناسنامەی یەكێكیان ئاشكرا كراوە بە ناوی رزگار فەرەجی بریندار بوون و بەمەبەستی چارەسكردن بۆ نەخۆشخانەی شاری نەوسوو گواستراونەتەوە".
كوژرانی ئەم كۆڵبەرانە دوای ئەوە هات، كە دوێنێ یەكشەمە 21ی كانونوی دووەمی 2024، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنووری تەوێڵە سوكایەتیان بە هەشت كۆڵبەر كردوەو سەریان تاشیون و ئەشكەنجەیان دابوون.
