زانیاری لەبارەی ئەو 23 كامێرایەی هاتووچۆی سلێمانی كە لەئەمڕۆوە سەرپێچی تۆماردەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەهاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند لەئەمڕۆوە لەسلێمانی كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی دەكەونە كارو لەشەقامی مەلیك مەحمودیش كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە تا 69 تۆمار ناكرێت.
رائید فەرهاد گرون بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند " سەرجەم كامێراكان لەناو سلێمانی و شەقامی راپەڕین بۆ تاسڵوجە هەفتەیەك وەك تێست تاقیكراونەتەوە تا شۆفێران ئاگادار بكرێنەوە بۆ خستنەكاریان".
وتیشی: لەشەقانی بازنەی مەلیك مەحمود كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لەكاتی خێرایی شۆفێراندا تا 69 تۆمار ناكرێت، بەڵام كە خێراییەكەی گەیشتە 70 كامێراكان تۆماری دەكەن".
ئەوەشی خستەڕوو "سەرجەم ئەو كامێرایانەی ئەمڕۆ دەست بەتۆماركردنی سەرپێچی دەكەن بەسیستەمی (پۆینت توو پۆینت) كار ناكەن".
بەپێی بڕیارەكەی هاتووچۆی سلێمانی لە كاتژمێر 10ی بەیانییەوە كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی شۆفێران، لەشاری سلێمانی كە ژمارەیان 23 كامێرایەو لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سلێمانی- تاسڵوجەو چەند شەقامێكی تر جێگیركراون دەكەونەكار.
