رووفاتی 41 کوردی ئێزدی لە رێوڕەسمێکدا گەڕێنرانەوە شەنگال

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رووفاتی 41 کوردی ئێزدی ئەمرۆ چوارشەممە لە رێوڕەسمێکدا گەڕێنرانەوە شەنگال کە سەرجەمیان خەڵکی سنوورەکەن و بە دەستی داعش لە ساڵی 2014 کۆمەڵکوژ کرابوون.
سەرەتا رووفاتەکان برانە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی کوردانی ئێزدی، دوای تەواوکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکانیش، لە چوار گۆڕستانی ناوچەکە بە خاک دەسپێردرێن. رۆژانی 24 و 25 و 26ـی ئەم مانگە پرسەیان بۆ دادەنرێت.
کەسوکاری قوربانییان و خەڵکی شنگال و کەسایەتییە ئایینییەکان لە مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی ئێزدیان لە شنگال لە رێوڕەسمەکە ئامادەن و رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
روفاتەکان خەڵکى ناوچەکانى (حەردان، کۆجۆ، خانەسۆر، قنێ)ـن، لەسەر تابوتەکانیان وێنە و ناویان نوسراوە و تابوتەکانیشیان بە ئاڵاى عێراق داپۆشراون.
جێگەیباسە، ئەمە شەشەمین کاروانی رووفاتی کوردانی ئێزدییە دەگەڕێندرێنەوە و کۆی گشتییان 188 روفاتن، لە بەغداوە دوای رێکاری پشکنین رادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەى نۆ ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش پرسى گەڕاندنەوەى روفاتەکان و دۆزینەوەى ونبوان بە تەواوەتى یەکلایی نەکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەى بەشێکى زۆرى ئاوارەکانى ئەو ناوچانەیش نەگەڕاونەتەوە زێدى خۆیان و بە ئاوارەیی ژیان بەسەر دەبەن.
