مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی :لەبەغدا بەڵێنی پشتیوانی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەیان پێداین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایانگەیاند تەواوی ئەو كوتلەو لایەن و كەسایەتییە عێراقییانەی دیدارمان لەگەڵ سازكردون بەڵێنی پشتیوانیكردنیان پێداین بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاساكە بەوجۆرەی كە پێویستە بۆ رزگاركردنی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی راگەیەنراوێكیان لەبارەی سەردانەكەیان بۆ بەغدا بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە رۆژی 20ی كانونی دووەمی 2024، شاندێكی لەنوێنەرایەتی سەرجەم شار و شارۆچكەكان رەوانەی بەغداد كرد و چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی كاریگەریی حكومی و حزبی و پەرلەمانی ئەنجامداوە.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو "لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا یاداشتێكمان ئاڕاستەی تەواوی هێزە سیاسییەكان و لیژنەكانی پەرلەمان و كەسایەتییە كاریگەرەكان كردووەو تێیدا سەرەرای روونكردنەوەی دۆخی ئێستاو رابردووی فەرمانبەران هاوكات جەختیشمان لەسەر داواكارییەكانی ئێوە كردۆتەوە كە خۆی لە دەرهێنانی فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشمەكێشمی سیاسی، دامەزراندنی وانەبێژان، گێڕانەوەی موچە فەوتاوەكان و پلەبەرزكردنەوەدا دەبینێتەوە".
"هەنگاوەكانی ئێمە بۆ پەكخستنی هەموو ئەو هەوڵانەی بەرپرسانی هەرێمە كە مووچەو قوتی خەڵك بەسیاسی دەكەن و وەك كارتێك لە هاوكێشە سیاسییەكان دژی یەكتری بەكاریدەهێنن، بۆ ئەوەش هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و خستنی مووچەی هەرێم بۆسەر نەفەقاتی حاكیمە بەچارەسەر زانرا لەم ڕووەوە تەواوی ئەو كوتلە و لایەن و كەسایەتییە عێراقییانەی دیدارمان لەگەڵ سازكردن بەڵێنی پشتیوانیكردنیان پێداین بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاساكە بەوجۆرەی كە پێویستە بۆ رزگاركردنی فەرمانبەرانی هەرێم" ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێت.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەیاندا دەڵێن "ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم بڕیاریداوە بەردەوامدەبێت لە درێژەدان بە سەردانەكانی بۆ بەغدادو لۆبیكردن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە و جێگیركردنی شایستەداراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم وەك مافێكی پیشەیی دوور لە سیاسەت".
دەقی راگەیەنراوەكە:
بەناوی خودا
ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەبارەی ناوەرۆكی سەردان و دیدارەكانی ئەمدواییەی نوێنەرانتان بۆ بەغدا
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆڕاگر و ماف خوراو
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و درێژەدان بە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بەرامبەر هەموو ئەو پێشێلكارییە نایاساییانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دەرهەق بە مافە داراییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان دەكرێت، تەنها خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەریی و بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندنی وەك رێگایەك بۆ گەیاندنی پەیامەكانی دەیان هەزار مامۆستا و فەرامانبەر هەڵنەبژاردووە، بەڵكو پەنای بۆ چەندین رێگا و بژاردەی دیكە بردووە و لەو چوارچێوەیەشدا هەمیشە بەغدادی وەك لایەنێكی گرنگی چارەسەركردنی كیشەكان سەیركردووە، بۆ ئەوەش پێشتر هاورێیانمان لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ لەدادگای فیدڕاڵی سكاڵایان دژی ( راگرتنی پلەبەرزكردنەوە) تۆماركردووە و چاوەڕێی ئەنجامەكانین، هاوكات رۆژی 20 /01/2024 شاندێكی لەنوێنەرایەتی سەرجەم شار و شارۆچكەكان رەوانەی بەغداد كرد و چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی كاریگەریی حكومی و حزبی و پەرلەمانی ئەنجامدا كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
-دیداری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و پەرلەمانتارەكانی كە بەشێكن لە كوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەپەرلەمانی عێراق
-دیداری بەڕێز عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە و پەرلەمانتارەكانیان
- دیداری سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەشێكی زۆر لە ئەندامە كاریگەر و دیارەكانیان لە كوتلە بڕیاربەدەستاكانی پەرلەمان
- دیداری سەرۆكی كوتلەی حقوق لەپەرلەمانی عێراق
- لەگەڵ دیداری چەندین كەسایەتی سیاسی و فیگەری دیكەی گرنگ و دیاری ناو پەرلەمان و كایەی سیاسی عێراق
مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەهەڵوێست
ئامانجی سەرەكی ئەم دیدارانە روونكردنەوەی كێشەكانی ئێوە و خستنەڕووی چارەسەرێك بوو و بۆ ئەوەش لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا یاداشتێكمان ئاڕاستەی تەواوی هێزە سیاسییەكان و لیژنەكانی پەرلەمان و كەسایەتییە كاریگەرەكان كردووە و تێیدا سەرەرای روونكردنەوەی دۆخی ئێستا و رابردووی فەرمانبەران هاوكات جەختیشمان لەسەر داواكارییەكانی ئێوە كردۆتەوە كە خۆی لە دەرهێنانی فەرمانبەرانی هەرێم لە كێشمەكێشمی سیاسی، دامەزراندنی وانەبێژان، گێڕانەوەی موچە فەوتاوەكان و پلەبەرزكردنەوەدا دەبینێتەوە.
هەنگاوەكانی ئێمە بۆ پەكخستنی هەموو ئەو هەوڵانەی بەرپرسانی هەرێمە كە مووچە و قوتی خەڵك بەسیاسی دەكەن و وەك كارتێك لە هاوكێشە سیاسییەكان دژی یەكتری بەكاریدەهێنن، بۆ ئەوەش هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و خستنی مووچەی هەرێم بۆسەر نەفەقاتی حاكیمە بەچارەسەر زانرا لەم ڕووەوە تەواوی ئەو كوتلە و لایەن و كەسایەتییە عێراقییانەی دیدارمان لەگەڵ سازكردن بەڵێنی پشتیوانیكردنیان پێداین بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاساكە بەوجۆرەی كە پێویستە بۆ رزگاركردنی فەرمانبەرانی هەرێم.
هەر لەم سۆنگەیەوە، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم بڕیاریداوە بەردەوامدەبێت لە درێژەدان بە سەردانەكانی بۆ بەغداد و لۆبیكردن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە و جێگیركردنی شایستەداراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم وەك مافێكی پیشەیی دوور لە سیاسەت.
بەردەوامی پشتیوانییەكانی ئێوە لەسەرجەم شارەكانی هەرێم و خۆڕاگریتان لەبەردەم فشارە نایاساییەكانی دەسەڵات نزیكترمان دەكاتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانمان و كۆتایهێنان بەو یارییە بێ مانایەی دەسەڵاتدارانی هەرێم كە ماوەی نزیكەی دە ساڵە بە ژیان و قوتی فەرمانبەرانی هەرێمی دەكەن.
لەكۆتایدا سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە هاوكاربوون لە ڕێكخستنی دیدارەكان
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
٢٤/ ٠١/ ٢٠٢٤
