سێ مانگە چارەنوسی رۆژنامەنوسێك لەلای ئاسایشی دهۆك نادیارە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
زیاتر لە سێ مانگە رۆژنامەنوسێكی رۆژنیوز دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئاسایشی دەروازەی فیشخاپورەوە لەپارێزگای دهۆك دەستگیركراوەو چارەنوسی نادیارە.
ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی كانونوی دووەمی 2024، دەزگای میدیای رۆژنیوز لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەدا كە 93 رۆژە، رۆژنامەنوسێكیان بەناوی سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لەدەروازەی فیشخاپور لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی دەروازەكەوە دەستگیركراوە.
ئەوەشیان خستەڕوو "سەرەتا ئاسایشی دهۆك نكوڵی كرد لەوەی كە رۆژنامەنوسەكەمان لەلای ئەوان بێت، دواتر دڵنیا بوینەوە كە كەیسەكەی لەلای پاراستنی پارتییە".
باسیان لەوەشكرد "هەموو رێكارە یاسایی و مەدەنییەكانمان گرتوەتەبەر بۆ دیاریكردنی چارەنوسی رۆژنامەنوسەكەمان و دەیان رێكخراو سەندیكای جیاوازیش دژی رفاندنی رۆژنامەنوسەكەمان هەڵوێستیان دەبڕیوە كە رفاندنی پێچەوانەی هەموو یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینە، چونكە بێتاوانەو لەسەر كاری رۆژنامەوانی رفێنراوەو چارەنوسی نادیارە و دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بكرێت"
لەبەشێكی تری كۆنگرەكەیاندا ئەوەشیان خستەڕوو كە رۆژنامەنوس سلێمانی ئەحمەد سێ مانگ پێش سەردانەكەی داوای مۆڵەتی لەدەروازە كردوەو ئەوانیبش رەزامەندیان دەربڕیوەو بۆ ماوەی 25 رۆژ لە رۆژئاوای كوردستان ماوەتەوەو دوای گەڕانەوەی لەپرسەی باوكی لەرۆژئاوای كوردستان لەدەروازەی فیشخاپور دەستگیركراوە، لەكاتێكدا  ئەگەر گومانی لەسەر بووە چۆن رێگەیان پێداوە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار