کوژرانی پێنج فەرماندەی باڵای سوپای پاســـــداران لەســـووریا؛ هەڵوێستو ئەگەرەکان

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤، هێرشی ئاسمانی کرایەسەر بینایەک لەدیمەشقی پایتەختی سووریا، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کەپەیوەند درایەوە بەئیسرائیلەوە، پێنج ئەندامی باڵای سوپای پاسداران، کەسوپای پاسداران وەک راوێژکاری سەربازی ناویان دەبات کوژران.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنێکدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی جگە لەکوژرانی ئەو پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران ژمارەیەک لەهێزە سورییەکان لەهێرشە ئاسمانییەکی ئیسرائیل بۆ ناوچەی (ئەلمزە) کوژراون.
سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەکوژرانی چوار کەس کرد بەناوەکانی، حوجەتوڵڵا ئومیدوار(سادق ئومید زادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی و سەعید کەریمی. بەڵام باسی لەپلەی سەربازیی ئەم چوار کەسە نەکردووە.
چەند کاتژمیر دواترو ئێوارەی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران هەواڵی کوژرانی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسدارانی لەهێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بڵاوکردەوە. لەهەواڵەکەی ماڵپەڕی تەسنیمدا هاتووە، محەممەد ئەمی سەمەدی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسداران کە لەهێرشەکانی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممەدا بەخەستی بریندارببوو، بەهۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا ئاماژەی بەپلەی سەربازیی هیچکام لەو کەسانە نەداوە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژراون و وەک راوێژکاری سەربازی ناوی بردوون. بەڵام هەواڵنێرەکانی ئێران  باسیان لەوە کردووە سادق ئومێدزادە (حوجەتوڵڵا ئومیدوار) پلەی (سەردار) بووەو بەرپرسی بەشی هەواڵگری هێزەکانی قودس بووە.

سادق ئومێدزادە ( حوجەتوڵڵا ئومیدوار) کێیە؟
لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسداران یان لەماڵپەڕەکانی سەر بەسوپاو کۆماری ئیسلامی زانیاری ئەوتۆ لەسەر ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لەبەردەستدا نییە. وەک بەرپرسی بەشی هەواڵگری سوپای قودس ناسراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە هەر لەسەرەتای دەیەی ١٩٨٠ەوە پەیوەست بووە بەسوپای پاسدارانەوە. وێنەیەکی کۆنی سادق ئومێدزادە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتە کەساڵی ١٩٨٤ لەمزگەوتی گوندی (بارزان) وێڕای دوو کەسی تر بەناوەکانی نەسروڵڵا چغاکەبوودی و رەسووڵ، گیراوە. ئەم وێنەیە لەکتێبی بیرەوەرییەکانی ژیاننامەی (رەسووڵ حەیدەری) وەرگیراوە. 
رەسووڵ حەیدەری بەناوی ( مەجید مونتەزری) ساڵی ١٩٩٣ لەسارایۆڤۆ، لەسەردەمی جەنگی بۆسنە کوژرا. رەسووڵ حەیدەری یەکێک بوو لەو چوار ئەندامەی سوپای پاسداران کە بەناوی دیپلۆماتی سیاسییەوە سەردانی شارێکی بۆسنەیان کردو لەوێ کوژرا. 
هەروەها بەپێی هەندێ زانیاری کەماڵپەڕە حکومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە زیاتر لە دوو دەیەیە سادق ئومێدزادە لەسوریایە. ماڵپەڕی تابناک سەر بە موحسین رەزایی نووسیویەتی :» حاج سادق لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریا لەلایەن (بەرەی نوسرە)ەوە لەگەڵ ژمارەیەکی تری ئێرانی بەبارمتە گیران و لەناو دیلە ئێرانییەکاندا بوو. دواتر بەنێوانگیری قەتەر لەگەڵ دیلەکانی تر ئازاد کرا».
ماڵپەڕی (فرهیختگان) دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومێدوار نووسیویەتی :» حوجەتوڵڵا ئومیدوار کە بەناوی خوازراوی سادق ئومیدزادەوە لەسوریا چالاکی دەکردو لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهید کراوە، یەکێک بوو لەڕاوێژکارە ئێرانییەکان لەسووریا. ئەو کە بە حاج سادق ناوی دەرکردبوو میدیا ئەمریکییەکان تائێستا زۆرجار هەوڵیانداوە راپۆرتی لەسەر ئامادەبکەن. دەوترێت حاج سادق لەساڵی ٢٠١١ لەلایەن بەرەی نوسرەوە لەسووریا بەدیلگیراوە، دواتر بەنێوانگیری قەتەرییەکان ئازاد کراوە».
ئەم ماڵپەڕە هەروەها دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومیدوار نووسیوویەتی :» سەردار سادق ئومیدزادە پلانداڕێژو جێبەجێکاری دەرکردنی ئەمریکاییەکان بوو لەسووریا. سەرەتای مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ واشنگتۆن پۆست سادق ئومیدزادەی وەک پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان ناوبرد».

هەڵوێستی ئێرانییەکان دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لەپەیامێکدا ئەم هێرشانەی بەنیشانەی « شکستی ئیسرائیل» ناوبردو بەتوندی هێرشەکەی مەحکوم کرد. هەروەها رایگەیاند ئەم کارەی ئیسرائیل بێوەڵام نابێت و بیدەنگ نابین و وەڵامی شیاو دەدەینەوە.
محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەپەیامێکدا نووسیویەتی:» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە».
ماڵپەڕی (ئیرنا) ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەهەواڵی کوژرانی ئەم پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران لەسووریا، پەیامی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی :» لاپەڕەیەکی زێڕینی تر لەدەفتەری شەهادەت هەڵدرایەوەو جوامێرانێکی تر لەموجاهیدەکانی بەرەی جەنگ دژی زڵم و زۆر چوون بۆ ئاسمان».
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها نووسیویەتی:» پیاوانێکی مەزنی وەک سەردار حوجەتوڵڵا ئومیدوار (سادق ئومیدزادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، محەممەد ئەمین سەمەدی و سەعید کەریمی کە بۆ بەرگری لەئامانجەکانی ئیسلام و شوێنە پیرۆزەکان، وەک راوێژکاری سەربازیی خەریکی جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بوون، لەبۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی بەکرێگیراوە زایۆنیستییەکاندا لەدیمەشق شەهیدبوون، بەدڵنیاییەوە ئەمە دەرخەری دەروونی پیسی زایۆنیستە داگیرکەرەکانە».
موخەبر لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە، بەدڵنیاییەوە ئەم کارە بێوەڵام نابێت و بەرەی بەرگری بەهێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامی ئەم تاوانە دەدەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هێرشانەی بەهەنگاوی «هێرشبەرانە و شەڕخوازانە» لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوبردووەو داوای لەدەوڵەتەکان و رێکخراوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان لەوانە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران وتوویەتی ئەم هێرشانە :»پێشێلکاری بەردەوامی سەروەرییەکانی سووریایە» بەهۆی دەستەوەستانبوونی ئیسرائیلە لەجەنگی غەزەو هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ تەشەنەسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە».
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتوویەتی :» راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لەسەر داواکاری فەرمی دەوڵەتی سووریا لەو وڵاتەن و دەورێکی بەرچاوو کاریگەریان هەیە لەیارمەتیدانی سووریا بۆ وەستانەوە دژی تیرۆریزم و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەن بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لەو ولاتە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرەنجام باس لەوە دەکات ئێران بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامی گونجاوو شیاوی هەبێت بۆ ئەم هێرشانە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ، رۆژێک دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لەسووریا، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشانەی بەنیشانەی «شکستی ئیسرائیل» لێکدایەوەو وتی کۆماری ئیسلامی و بەرەی بەرگری ئیسرائیل لەم کردەیەی پەشیمان دەکەنەوە.
محەممەد باقر قاڵیباف لەسەرەتای دانیشتنی ئاشکرای پەرلەماندا رۆژی یەکشەممە ٢١-١- ٢٠٢٤، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردە، بەهۆی شکستە بەردەوامەکانی لەمەیدانی جەنگ و پاشەکشەیان لەبانگەشە پووچ و بێ بنەماکانیان دەربارەی هێرشی سەربازی بۆ سەر غەزە، دەستیان داوەتە ئەم هێرشە.
سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی هەروەها وتی، هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە.

گۆڕینی زمانی بەرپرسان
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هەرجارەی دوای کوژرانی فەرماندەیەکیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەلایەن خۆیانەوە و لەزمانی خۆیانەوە هەڕەشەیان دەکرد. خۆیان وەک کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان دەکرد. بەڵام دوای کوژرانی پێنج ئەندامەکەی سوپای پاسداران زمانی هەڕەشەیان گۆڕاوە. ئەمجارەیان جگە لە خۆیان بەرەی بەرگری ئەرکدار دەکرێت بەوەی تۆڵە بکەنەوە.
محەممەد موخەبر جێگری سەرۆککۆمار لەم پەیوەندەدا هەڕەشەی کردو وتی  :» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە».
محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەکات و بازنەی ئەرکدارەکان بۆ تۆڵە سەندنەوە بەرینتر دەکاتەوەو ئەڵێت :» هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە». کەئەمەش هەر مەبەستی بەرەی بەرگرییە. 
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێزو میلیشاکانی سەر بەخۆیان کەوەک گرووپە بریکارەکان دەناسرێن وەک « بەرەی بەرگری» لەناوچەکە ناودەبەن.

بەئامانجگرتنی هێزەکانی سوپا لەسووریا
لەچەند ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل زۆرجار هێرشی کردووەتەسەر سووریا و مەبەست لەهێرشەکانیشی بەوە ناساندووە کەئەو شوێن و کەسانە دەکاتە ئامانج کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە. ئێران بوونی هێزەکانی خۆی لەسووریا وەک راوێژکار دەناسێنێت. بەڵام ئیسرائیل هێزەکانی ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی ناودەبات. بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوەدەکەن ئێران لەڕێگای ئیسرائیلەوە چەک و تەقەمەنی دەگەیەنێتە دەست حزبوڵڵای لوبنان وەک گەورەترین هێزی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەناوچەکە. 
رۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢٣ رەزی مووسەوی، یەکێک لەکۆنترین فەرماندەکانی سوپا لەناوچەکە، لەماڵەکەی خۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. دوای کوژرانی رەزی مووسەوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لەئیسرائیل کرد. ماڵپەڕە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا باسیان لەوە کردووە بۆمبارانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە تۆڵەی کوشتنی رەزی مووسەوی بووەو ماڵی ئەم بازرگانە کوردەیان وەک بنکەی ئیسرائیل ناوبردووە.
بەرپرسانی سوپای پاسداران هەروەها وتبوویان، لەسووریا، هەر لەبەشار ئەسەدەوە بگرە تا کەسانی تر لەپلەی خوارترەوە، ئاگاداری چالاکییەکان و کارەکانی رەزی مووسەوی بوون. ئەو بۆ ئیسرائیل کەسێکی ناسراو بوو. لانیکەم دووجار لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوژرانی درابوو.
جگە لە رەزی مووسەوی لەساڵانی رابردوودا ژمارەیەک لەفەرماندە پلەباڵاکانی سوپای پاسداران لەوانە، حسێن هەمەدانی، حەسەن شاتری، محەممەد عەلی مورادخانی، محەممەد جەمالی پاقەلعە، لەسووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
ئیسرائیل زۆر بەدەگمەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لەسووریاو هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەوترێت بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی سەر بەئێران لەوانە حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج.
لەسەرەتای ئەمساڵدا و رۆژی ٢-١-٢٠٢٤ ساڵەح ئەلعاوری فەماندەیەکی باڵای حەماس لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی لەچوار مانگی رابردوودا و دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم زیاتر کردووە.

ئایا جەنگ تەشەنە دەستێنێ؟
هەر لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی غەزەوە یەکێک لەنیگەرانییەکانی دونیای رۆژئاواو ئەمریکاش ئەوە بووە کەجەنگ تەشەنە بستێنێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندجار بەڕاشکاوی باسی لەوە کردووە خوازیاری ئەوە نییە جەنگ تەشەنە بستێنێ و دەیەوێت بەر بەتەشەنەسەندنی جەنگ بگرێت. بەرپرسانی فەرەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی بەهەمانشێوە خوازیاری بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی ئەم جەنگە بوون. بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییانە ئەو نیگەرانییەی دروستکردووە کەجەنگ لەناوچەکە تەشەنەبستێنی.
ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر حەماس  کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت و وەک دەوترێت ژمارەی کوژراوەکانی غەزە ٢٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کەزۆربەیان ژن و مناڵن. 
رۆژی یەکشەمە ٢١-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»ی ئەمریکی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کەدوای چوار مانگ بۆردومانی بەردەوامی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێدەچێت کە لە ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرابن .
هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو کەهەرچەندە بزوتنەوەکە چەند مانگێکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلییەوە گەمارۆ دراوە، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی حەماس جبەخانەیەکی فراوانی لەبەردەستا ماوەو دەتوانێت زۆر بەئاسانی ئامانجەکانی لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت.
لەلایەکی ترەوە بەرپرسە ئیسرائیلییەکان لەلایەن خۆیانەوە ئەوەیان ئاسکراکردووە، کە بزووتنەوەی حەماس هەوڵی سەرکەوتن لەجەنگەکەدا نادات بەڵکو هەوڵی ئەوەدەدات کە بە کەمترین زیان لە جەنگەکە بێتە دەرەوە.
هەروەها ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانیان بەردەوام  تەقە لەیەکتر دەکەن. رۆژی یەکشەممە سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاشکرایان کرد، دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لەئەنجامی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لەنزیک خاڵێکی پشکنینی سووپای لوبنان، لەلایەن درونێکی ئیسرائیلییەوە لە باشووری لوبنان کوژراون. ژمارەیەک شایەتحاڵیش بەئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە :» دوابەدوای رووداوەکە بەپەلە ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکەو تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە».
میلیشیا شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە. 
رۆژی شەممە٢٠-١-٢٠٢٤ ، به ٢٠مووشهک بنكهی سهربازی عهین ئهسهد كههێزهكانی ئهمهریكا وهك بنكهیهكی سهربازی بهكاری دههێنێت، بۆردومانكرا، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەبەرپرسێکی ئەمریکایان وەرگرتووە، بەمووشەکی بالیستی  بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد هێرشی کراوەتەسەر کەهێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ژمارەیەک لەسەربازانی عێراقی بەو هێرشە مووشەکیە بالیستیەی کراوەتەسەر بنکەی عەین ئەسەد بەسەختی برینداربوونە.
دوابەدوای هێرشەکەش مقاوەمهی ئیسلامی لهعێراق بهپرسیارێتیی خۆی لهو هێرشه موشهكییه راگهیاندو لهبهیاننامهیهكدا كهدوای هێرشهكه دهریكردوه، ئاماژهی بهوهداوه كه بهگورزه موشهكێك هێرشیانكردووهتهسهر بنكهی عهین ئهسهدو بهردهوامیش دهبن لهگورزهكانیان بۆ سهر «مۆڵگهكانی دوژمن».
ئەمریکا و بەریتانیا لەماوەی رابردوودا چەندجار هێرشیان کردووەتەسەر حووسییەکان لەیەمەن. حووسییەکان گرووپێکی زەیدین کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن. و لە ١٩-١٠-٢٠٢٣وە دەستیان کردووە بەهێرشی بەردەوام بۆ سەر ئەو کەشتیە بارهەڵگرانەی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن لەهاتووچۆدان و مانگی ١٢-٢٠٢٣ ئەمریکا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەهێرشی حووسییەکان بەرەیەکی پێکهێنا کەچەند وڵات لەوانە، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئوسترالیاو بەحرین و... لەناو ئەو بەرەیەدان. لەم ماوەیەدا تا ئێستا ٣٠ جار لە لایەن حووسییەکانەوە هێرش کراوەتەسەر کەشتییە بارهەڵگرو سەربازییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە دا کەبایدن دەیەوێت بەردەوام بێت لەهێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن و بوون بەهەڕەشە بۆ سەر بازرگانی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن.
ئێران بەرەبەیانی  رۆژی دووشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ بەمووشەکی بالستیکی هێرشی کردەسەر چەند شوێن لەنزیک هەولێرو ماڵی بازرگانێکی ناسراو بەناو «پێشڕەو دەزیی». ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی عێراق و لەدەرەوەش لێکەوتەوە. عێراق باڵیۆزی خۆی لەئێران بانگکردووەتەوە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەپەراوێزی کۆبوونەوەی داڤووس کۆببێتەوە. ئێران رایگەیاند بنکەیەکی مووسادی لەهەولێر لەناوبردووەو هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوە رەتدەکەنەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی بنکەی مووساد بێت یان ئەوەی هیچ بنکەیەکی مووساد لەهەرێم بوونی هەبێت.
شەوی دووشەممەی رابردوو ١٦/١ ئێران هێرشی کردەسەر چەند شوێنێک لەخاکی پاکستان و دەوترێت دوو مناڵ بەبۆنەی ئەو هێرشانەوە کوژراون . سوپای پاسداران رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لەناوبردووە.
رۆژی پێنجشەممە ١٨-١ پاکستان رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئێرانمان داوەتەوە ، هاوکات هێرشمان کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی بەرەی سەربەخۆیخوازی بەلووچی پاکستان لەسنووری ئێران ودوو  پیاو و سێ ژن و  چوار مناڵ کوژران.
هەرچەند هەردوولایەنی پاکستان و ئێران دواتر باسیان لەگفتوگۆ کرد، بەڵام لەهەمانکاتدا هەردوولایەن زمانی هەڕەشە دەبەنە کار دژ بەیەکتر. 
رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستان رایگەیاند کەسێکیان دەستگیرکردکردووە بەناوی «سەید محەممەد مەهدی» کە سەر بەفەیلەقی زەینەبییون بووەو بۆ ئیتڵاعاتی ئێران کاری کردووە. 
لەکاتی لێپرسینەوە لەم کەسە ناوی دوو هاوکاری خۆی بەناوەکانی سەید رەزا جەعفەری و عابد رەزا بردووە کەدەستیان بووە لەچەند کاری تیرۆریستیدا لەپاکستان. لەوانە هێرش بۆ سەر موفتی تەقی عوسمانی لەساڵی ٢٠١٩.
لەڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستاندا هەروەها ئاماژە بەوەدراوە لەهێرشەکەیان بۆ سەر شوێنی ئەم کەسە، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و چۆڵ و ماددەی تەقینەوەو نارنجۆکدا گیراوە.
فەیلەقی زەینەبیون، سەر بەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەو سوپای پاسداران لەناو شیعەکانی پاکستاندا ئەم فەیلەقەی دروستکردووەو لەشەڕی ناوخۆی سووریا لەگەڵ فەیلەقی فاتیمیون کە لەناو شیعەکانی ئەفغانستان دروستیکردووە، بەکاریهێنان بۆ پشتیوانی لەحکوومەتی بەشار ئەسەد.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار