بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: مانەوەی نەخۆش لەبەشە نوێیەكەی چاودێری چڕ بەپارە دەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردوە بەشێكی نوێی چاودێری چڕ كە بیناو ئامێرەكانی ئامادەیە بكەنەوەو مانەوەی نەخۆش تێیدا بۆ شەوێك بە 150 هەزار دینار بێت.

د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری هاووڵاتی -دا لەبارەی بەشی چاودێری چڕ، وتی " بەشی چاودێری چڕ یەكێكە لە كێشەی گەورەكانی تەندروستی سلێمانی، چونكە لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی ( هەڵەبجە، گكەرمیان، راپەڕین بەشی چاودێری چڕ نیەو هەموو فشارەكە دەكەوێتە سەر پارێزگای سلێمانی، تەنانەت لەكەركوك و شوێنەكانی تریشەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ نەخۆش دێت".
وتیشی " لەبەشی چاودێری چڕ، ژمارەی قەڵەوێرەكان و كارمەندەكانمان دیاریكراوە، بۆ چارەسەری كێشەكەش داوامان لەحكومەتی هەرێم كردوە سیستمێكی نیمچە تایبەت دابمەزرێنێت، لەبری ئەوەی نەخۆشخەكان لەشوێنی بێ بەرامبەر جێگایان نەبێتەوەو بچنە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و شەوانە ملیۆنێك دینار بدەن،  ئێمە تەنها بە 150 هەزار دینار كە كرێی ئەو پزیشك و كارمەندانەیە لەوێ دەمێننەوە چارەسەریان بۆ دەكەن".
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت "بیناو ئامێرەكانمان بۆ ئەو بەشی چاودێری چڕە ئامادەیە، ئەنجومەنی وەزیرانیش نوسراوەكەی ناردوە بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دارایش بەئەڕێنی وەڵامی نوسراوەكەی داوەتەوەو ئێستا نوسراوەكە لەلای ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بەزووترین وەڵامی ئەو نوسراوە بداتەوە ئەوا زیاتر لە 40 نەخۆش بۆ بەشی چاودێری چڕ لەو بەشە نوێیەمان سودمەند دەبن".
  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار