مەسرور بارزانی: هێرش و پەلامارەكان بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ئەو هێرش و پەلامارانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان هەوڵە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و داوا لەخەڵكی كوردستان دەكەم هەستی نیشتمانپەروەرییان بەهێز بێت، دەبێت حكومەتی عێراق هەرێم بپارێزێت.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشە درۆنی و موشەكییەكانی سەر هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیانوایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، كوردستان هەرەس دەهێنێت".
"سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەكەین، كە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار كردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزاركردن، كۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناكات". سەرۆكی حكومەت وا دەڵێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو "گرنگە هەنگاوی كرداری لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانەو دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بەهەرێمی كوردستانیشەوە بپارێزێت".
لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا دەشڵێت "داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەكەین، كە ڕێكاری جدی بگرنەبەر و هاوكاری مەیدانیمان بكەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵكی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت".
سەرۆكی حكومەت لەپەیامەكەیدا وتیشی "داوا لەخەڵكی كوردستانیش دەكەم، بەخۆڕاگری و ورەیەكی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاكفرۆش و كۆیلەی ناحەزان نەدەن".
