چوار زیندانی سیاسی کورد لە سێدارە دران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێران سزاى سێدارەى چوار بەندکراوى سیاسیی کوردى جێبەجێکرد، ئەو چوا بەندکراوە سیاسییەش لەماوەى 18 مانگى دەستبەسەربونیاندا بە تۆمەتى ''افساد فی الارض''، لە مافى هەبونى پارێزەر بێبەشبون و دۆسییەکەیشیان ناڕون بوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووهەم کاتژمێر 5:00ی  سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵان و خەڵکی شاری کامێران، موحسین مەزڵوم تەمەن 27 ساڵان و خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵان و خەڵکی شاری بۆکان و محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵان و خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکران، ماڵپەڕی میزان-ی فەرمیی دەزگای دادی ئێران ئەم هەواڵەی بە فەرمی پشتڕاستکردوەتەوە.

سەرەڕای هەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و داواکاری رێکخراوە جیهانییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ئەم ٤ لاوە دوای ١٩ مانگ دەستبەسەر بوون لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران.

رۆژی شەممە ٢٧ی کانوونی دووهەم، لە لایەن ناوەندە ئەمنیی و حکوومییەکانەوە پەیوەندی کرابوو بە بنەماڵەی ئەم ٤ گەنجەوە کە بۆ دوایین دیدار سەردانی کوڕەکانیان بکەن.

رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم، بنەماڵەکان توانیان بۆ چەند خولەک کوڕەکانیان ببینن و لە زیندان پێێان راگەیاندبوون ئەمە دوایین دیدارە لەگەڵ کوڕەکانیان.

بەرەبەیانی دووشەممە ٢٩ی کانوونی دووهەم ، دوای بانگی بەیانی، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە دران.

ئەم ٤ لاوە کوردە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بوون و مانگی تەمووزی ٢٠٢٢ دەستبەسەر کران.

کۆماری ئیسلامی دوای دەستبەسەرکردنی ئەم لاوانە، باسی لەوەکرد ئەم لاوانە لە لایەن ئیسرائیلەوە راهێنراون و بە مەبەستی تەقینەوە لە ئیسفەهان نێردراونەتەوە بۆ ئێران و لە نزیک ئیسفەهان دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە هەموو شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئێسرائیل رەت ئەکاتەوەو رایگەیاندووە ئەم لاوانە بە ئەرکی پێشمەرگانە راسپێردرابوون و لە نزیک ورمێ، لە باخێکدا دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار