راوێژکارێکى سودانى بۆ هەرێم: بابەتی سیاسەتی دەرەوەو نوێنەرایەتییەکان بۆ عێراق جێبهێڵن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی دەرەوەو نوێنەرایەتی دیپلۆماسی، تەنھا پەیوەندیی بەحکومەتی فیدراڵییەوە ھەیەو داوا لەھەرێم دەکات ئەو پرسە بۆ عێراق بەجێبھێڵێت.

زیا ناسڕى، راوێژکارى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتى:" بەپێى ماددەى 110 لە دەستورى عێراق، سیاسەتى دەرەوە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان تایبەتن بە حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەستوەردانى نییە.

دەشڵێت: داوا لە سەرۆکایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەم هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنى مەلەفى ژیان و خزمەتگوزارییەکانى هاوڵاتییانیان و بابەتى نوێنەرایەتیی دەرەوە بۆ حکومەتى عێراق جێبهێڵن.

قسەکانی ئەو ڕاوێژکارەی سۆدانی لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە  مەمسرور بارزانی لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لە دەرەوە کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن لە داهاتوودا ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات زیاتر بکەن.

لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و گەشەیان کردووە، ژمارەی کۆنسوڵگەری و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کودرستان لە زیادبوون و بەرفراوانبوونەوە دان، لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە دەرەوە هەیە، لەوانە: ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا، سوێد، سویسرا، رووسیا، نەمسا و پۆڵەندا، لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەت لە یەکێتیی ئەوروپا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار