بژاردەکانی بەردەم ئەمریکا دوای کوژرانی سەربازەکانیان چین؟

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کاتێکدا رۆژ بە رۆژ کێشە و ئاڵۆزییەکانی  ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست روو لە تووندی دەکات و لە ساتەوەختێکی هەستیاردا بۆ ئیدارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئیدارەکەی زیاد لە جارێک ئەوەی راگەیاندووە بە تووندی بەرپەرچی هەر هێرشێک بداتەوە کە دەکرێتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەتیش لە عیراق و سوریا ، لە هێرشێکی ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بورجی 22 و سەرسنووری ئەردەن و سوریا 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون.

چاودێرە سیاسییەکان ئەم هێرشەیان بە مەترسیدار لە قەڵەمدا و رایانگەیاند، لە دوای جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ، ئەمە یەکەمین جارە کە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی بە دەستی ملیشیاکان دەکوژرێت و بە دلنیاییەوە ئیدارەکەی جۆ بایدن بێ دەنگ نابن و بە تووندی وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە و رەنگە ئەمجارە بە راستەخۆ ئێران بە ئامانج بگیرێت.

بە تایبەتیش هێرشەکە لە کاتێکدا کراوە کە جۆ بایدن هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا بە مەبەستی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا کە  بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو بەرێوە بچێت ، و دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان چەندین جار جۆ بایدنی بە کەسێکی دودڵ و ڕاڕا وەسف کردووە و جۆبایدنی بە باکارهێنانی شێوازە کاری فشەڵ لەبەرامبەر تاراندا تۆمەتبار کردووە .

کەواتە بژاردەکانی بەردەم جۆ بایدن لە بەرامبەر هێرشەکەی ملیشیاکانی سەر بە ئێران چۆن دەبێت؟

بە بڕوای شیکار و چاودێرە سیاسی و سەربازەکان ، لە ئێستادا ئیدارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا سی بژاردەی لە بەردەمدایە کە بریتین لە

یەکەم/ هێرشێکی تووند و بەرفراوان بکەنە سەر بنکە و مۆڵگەی ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عیراق .

دووەم/ هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئێران لە سوریا.

سێیەم/ چەند بنکەیەکی سەربازی و تایبەتی لە ناخۆی ئێران بە ئامانج بگرن ، کە ئەم بژاردەیە ، بژاردەیەکی سەرەکی نییە.

 

لەلایەن خۆیەوە "جوویل رایبون" ی نیردەی تایبەتی ئیدارەکەی ترەمپ بۆ سوریا بە رۆژنامەی "وۆل ستریت ژۆرنال" ی رایگەیاند، هێرشەکەی سەر بورجی 22 هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەراند و دەبێت واشنتۆن بە راستەوخۆ و بە تووندی تۆڵە لە ئێران بکاتەوە ، گەر بێتو ئەم کارە ئەنجام نەدات ئەوا هێرشی ملیشیاکانی بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان بەردەوام دەبێت.

لە لایەن خۆیەوە "ئارۆن دەیڤید میلەر" لە دامەزراوەی کارنیج بۆ ئاشتی جیهانی ئەوەی خستە روو  لە ئیستادا چەند رێگەیەکی وەڵامدانەوەی هێرشەکە هەیە کە بریتین لە بە ئامانج گرتنی بەرپەرسە باڵاکانی ئێران لە سوریا و عیراق ، یان هێرشکردنە سەر پاپۆرە ئێرانییەکانی ناو کەنداوی عەرەبی .

ناوبراو وتی : " لە ئێستادا ئەوەی کە پیویستە بکرێت بریتییە لەوەی کە ئیدارەکەی جۆ بایدن نامەیەکی راستەوخۆ بۆ ئیرانییەکان بنێرێت و تێیانگەیەنێت وەڵامی ئەم جۆرە هێرشانە وەلامێکی زۆر تووندتر دەبێت لە هێرشەکانی پێشووتر .

هەروەها هەر لەبارەی هێرشەکەی بورجی 22  و کوژران و برینداربوونی سەربازە ئەمریکییەکان ، کۆمارییەکانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەکەی جۆ بایدن کرد کە هێرشێکی راستەخۆ بکاتە سەر چەن ئامانجیک لە ناوخۆی ئێران.

لەمبارەیەوە "تۆم کۆتۆن" ی سیناتۆری کۆماری ویلایەتی ئەرکنساس و ئەندامی لیژنەی کاروباری سەربازی و هەوالگری ئەنجومەنی پیران ی ئەمریکا وتی : " دەبێت تۆڵەکەی ئەمریکا ، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ، تۆڵەیەکی سەربازی تووند بێت لە دژی هێزە تیرۆریستییەکانی ئێران.

جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، ملیشیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران نزیکەی 160 هێرشی جۆراوجۆریان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار