ئەمریكا ئیدانەی لەسێدارەدانی چوار گەنجە كوردەكەی رۆژهەتی كوردستان دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژی دوو شەممە 29ی كانوونی دووەمی 2024، چوار زیندانی سیاسی كورد بە ناوەكانی (موحسین مەزڵووم، پژمان فاتیحی، محەمەد فەرامەرزی ، وەفا ئازەربار)، لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە لە زیندانی قزڵحەساری كەرەج لە سێدارە دران، لە سێدارەدانی ئەم لاوانە ناڕەزایەتی ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی لایەنگری مافی مرۆڤی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێكەوتەوەو هەروەها ژمارەیەك لە وڵاتان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەجێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار كەسە دەربڕیوە.
ئەمریكا و رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە سێدارەدانی ئەم چوار زیندانە سیاسییەیان شەرمەزار كردووە، هاوكات بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی گەیشتوون "بەرپرسانی حكومەتی ئێران بە بنەماڵەكانیان راگەیاندووە تەرمی كوڕەكانیان پێ نادرێتەوەو خۆیان لە شوێنێك دەینێژن".
ئابراهام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران، لە سێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییەی بەوە ناوبرد كە كۆماری ئیسلامی بە ئاشكرا كەمتەرخەمە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و پێشێلكاری مافی مرۆڤە.
ئابراهام پیلی، بەئاماژە بەو راپۆرت و هەواڵانەی دەربارەی ئەشكەنجەو دادگاییكردنی نادادوەرانە لە ئێران بڵاو ئەبێتەوە، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە "ئەمریكا بە توندی لەسێدارەدانی ئەم چوار كەسە شەرمەرزار دەكات و بەردەوام سوورە لەسەر ئەوەی ئێران دەبێ وەڵامدەرەوە بێت بەرامبەر بەپێشێلكاری مافی مرۆڤ لەو وڵاتە".
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار كەسەی ئیدانە كردبوو، جەختی كردبۆوە كە بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ، رەوتی دادگایی كردنی ئەم زیندانیانە "دروستكرا" و بە پێی " دانپێدانانی زۆرە ملێ بووە لە ژێر ئەشكەنجەدا".
سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەكان و داواكاری رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئەم كەسانە، سیستەمی دادوەری كۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 29ی كانوونی دووەم رایگەیاند "موحسین مەزڵووم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار، پژمان فاتێحی) بەتۆمەتی " فساد فی الارچ" و هاوكاری ئیسرائیل و ئەندامبوون لە كۆمەڵە لە سێدارە دراون.
رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لەسێدارەدانی ئەم كەسانەی بە سەرەڕۆیانەو نادادوەریانە ناوبردو رایگەیاند "ئەم ٤چوار كەسە بەشێوەیەكی نهێنی و نادادوەرانە دادگایی كراون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە".
رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راگەیاندنی خۆیدا نووسیویەتی "ئەم چوار كەسە هەر لە یەكەم ساتەكانی دەستگیركردنیانەوە شوێنەكەیان شاردراوەتەوەو بەشاراوەیی و بێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت پارێزەریان ببێت دادگایی كراون. بنەماڵەكانیان ئازار دراون".
ئێگنێس كالامار، سكرتێری رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئێوارەی دووشەممە 29ی كانوونی دووەم لە تویتێكدا نووسیویەتی " كۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت كوشتن و كەڵك وەرگرتنی بەردەوامی كۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەك كەرەستەیەك بۆ سەركوت شەرمەزار بكات و گوشار بخاتە سەر كۆماری ئیسلامی دەستبەرداری ئەم ئاكارە بێت".
تەرمەكان نادرێنەوە بە بنەماڵە
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەكانەوە بە بنەماڵەی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە راگەیەندراوە تەرمی كوڕەكانیان نادرێتەوە پێیان و ناوەندە حكوومەتییەكان خۆیان لە شوێنێكی شاراوە دەیاننێژن.
سۆران ئازەربار، كوڕی مامی وەفا ئازەربار، بە هاوڵاتی راگەیاند " بە بنەماڵەكانیان راگەیاندوون تەرمی كوڕەكانیان نادرێتەوە بە بنەماڵە و خۆیان لە شوێنێك تەرمەكان دەینێژن".
جوانە تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵووم لە تویتێكدا نووسیویەتی "بەرپرسانی ئەمنییەتی بە بنەماڵەكانیان راگەیاندووە خۆیان تەرمەكان لە شوێنێكی نادیار دەنێژن".
مانگرتن لە شارەكانی كوردستان
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار لاوە، ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ، حیزب و لایەنە سیاسییەكان داوایان لە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد كە ئەمڕۆ سێ شەممە دووكان و بازاڕ دابخەن و داوایان لە خەڵك كرد مان بگرن. بە پێی زانیارییەكان تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، خەڵكی شارەكانی، مەهاباد، سنە، دیواندەرە، بۆكان، سەقز بە هانای بانگەوازەكەوە رۆیشتوون و بازاڕ و دووكان داخراوە.
