مامۆستایانی ناڕازی دەنگۆی دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە کە مامۆستایان، لیستیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دەنگۆیانە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان.
لە ڕونکردنەوەکەی مامۆستایاندا هاتووە کە " بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن بەناوی لیستی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە هەواڵێکی چەواشەکارانەو سیناریۆیەکی ناشیرینە دژ بە خەبات و داوا ڕەواکانی مامۆستایان."
ئاماژە بەوەشکراوەکە ،هەرکەس و گروپێک بەناوی مامۆستایانەوە لیست بۆ هەڵبژاردن دروست بکەن، ئەوە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان و ئێمە دژی دەوەستینەوە".
ڕونکردنەوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کاتێکدایە کە ، لەم چەند ڕۆژەدا دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیستیان دەبێت، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن فەرمانبەران و مامۆستا هیچ ئاگاداری ئەم قسانە نین وبە هێرشکردنە سەر خەباتی مەدەنی مووچەخۆران سێریدەکەن.
مامۆستایانی سنوری سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە چوار مانگە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووەو ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەی ئە فەرمانگانەی بایکۆتی دەوام دەکەن ڕوولە زیاد بوونە ئەمەشدوای ئەوەی زیاتر لە ٤٧ ڕۆژ بەسەر کۆتا مووچەدا تێپەڕیوە کە وەرگیراوە و وەزارەتی دارایش دەڵێت چاوەڕێی ٦١٨ ملیارەکەین لە لایەن بەغداوە بۆمان بنێردرێت بۆ دابەشکردنی، جگە لەوەی چارەنوسی مووچەکانی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ساڵی پار بە نادیاری ماوەتەوە و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە قەرز لەسەر حکومەتی عێراق هەژمارکراوە.
دەقی ڕونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە سەبارەت بەدەنگۆی دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن!
مامۆستایان کە ئێستا ڕابەرایەتی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەو شەقامی کوردی دەکەن، خەبات و شۆڕشە سپییەکەیان بووەتە جێگەی تێڕامانی هەموان و هەراسانکردنی دەسەڵات و هەم بوونەتە جێی ئومێدو متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. سەرباری فشارو هەڕەشەی جۆراو جۆر، بۆ کۆتایهێنان بە خەباتی ڕەواو شۆڕشی مامۆستایان بە هۆنینەوەی سیناریۆی جیاواز، دەسەڵاتی کوردی بەردەوام هەوڵیداوە درزو بۆشایی لە نێوان مامۆستایاندا بسازێنێ و ڕیزی مامۆستایان پەرت بکات.
دواهەمین سیناریۆی دەسەڵات دژ بە خەباتی مامۆستایان، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دروستکردنی لیستە بۆ هەڵبژاردن بەناوی " لیستی مامۆستایان و فەرمانبەران"نەوە. ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، ئەو دەنگۆ و هەواڵە بەتەواوی ڕەتدەکەینەوەو بە هەموولایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەوە هەواڵێکی چەواشەکارانەو سیناریۆیەکی ناشیرینە دژ بە خەبات و داوا ڕەواکانی مامۆستایان.
هاوکات، ئەوەش ڕادەگەیەنین کە هەرکەس و گروپێک بەناوی مامۆستایانەوە لیست بۆ هەڵبژاردن دروست بکەن، ئەوە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان و ئێمە دژی دەوەستینەوە. ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ۳۰ ــ ۱ ــ ۲۰۲٤
