قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە، ئاماژە بەوەشدەکات ئێران بە رێژەی لە ١٠٪ گومرگی خستووەتەسەر بەرهەمەکانی پیاز و تەماتە.
عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دواکەوتنی مووچە و ئەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا هەیە کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش دروستکردووە و بازاڕیان سستە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەئێستادا هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە قەدەغەکراوە، چونکە لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی هەرێمی کوردستان عێراقیش بەهەمان شێوە هاوردەی تەماتەی قەدەغەکرد، بەڵام بەهۆی کەمی بەرهەمی تەماتەی عێراق لەئێستادا بە ڕێژەی لە ١٥٪ نرخی تەماتە لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە".
ڕوونیشیکردەوە "قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان تا کاتێکی نادیارە، بەڵام ئەگەر نرخی تەماتە زۆر بەرزبێتەوە ئەوکاتە دەبێت کۆتایی بە بڕیاری قەدەغەکردنەکە بهێنرێت".
لەبارەی نرخی بەرهەمەکانی دیکە لە عەلوە عەتا محەمەد وتی "تاڕادەیەک نرخی بەرهەمەکانی دیکەی سەوزە و میوە جێگیرن و هیچ هەڵئاوسانێک نییە".
وتیشی "پێشتر هێنانی بەرهەم لە سنوورەکانی ئێرانەوە گومرگی نەبوو، بەڵام لەئێستا بە رێژەی لە ١٠٪ گومرگ چووەتەسەر بەرهەمەکانی پیاز و تەماتە، تاوەکو هەڵئاوسان لە ئێران دروست نەبێت".
