دادگای فیدراڵی دانیشتنی تایبەت بە بڕیاردان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دادگای فیدراڵی عێراق دووبارە بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکلایینەکردەوە و دانیشتنەکەی بۆ ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست.

ئەمە نۆیەمین جارە دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دوابخات، رۆژی ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری هەشتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخستبوو، بەڵام ئەمڕۆش جارێکی دیکە دواخرا.

سکاڵاکە لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت.

مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

مادەی ٢٢:

١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون.

مادەی ٣٦:

١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار