بارەگای حیزبی شیوعی لە هەولێر گەمارۆدرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی مەڵبەندی هەولێری حیزبی شیوعی کوردستان لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند ئەمرۆ دووشەممە لە هەولێر بۆ داواکردن و گەیاندنی داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی کۆدەبنەوە و خۆپیشاندان دەکەن لە ئێستادا لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە بارەگای حیزبەکە گەمارۆدراوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت  بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "لە ئێستادا هێزێکی ئەمنی زۆر گەمارۆی بارەگای مەڵبەندی چواری حزبی شیوعی لە هەولێر داوە و ڕێگە نادەن بچنە دەرەوە"، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو حزبە لە بانگەوازێکدا داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر کرد ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر ١٠ بەرەوە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێبکەون و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

دوێنێ یەکشەممە حزبی شیوعی کوردستان لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند "ڕۆژی دووشەممە، ٥/٢/٢٠٢٤، کاتژمێر ١٠ی بەیانی، بەمەبەستی داکۆکیکردن لەداخوازیەکانی سەرجەم چین و توێژەکان وبەتایبەتی لە خواستی مامۆستایان و فەرمانبەران گردبوونەوەیەک لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران ڕێکدەخات"، بەڵآم لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆدانی بارەگای حزبەکەیانەوە ڕێگری لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە دەکرێت لە پارێزگای هەولێر.

هاوکات دوای بانگەوازەکەی حزبی شیوعی کوردستان ،لەلایەن خۆیانەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیش ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لەم هەنگاوەدەکات، هاوکات "داوا لەسەرجەم ئەندامان و دۆستانی حیزب، هەروها مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی نارازی شاری هەولێر دەکات کە بەتەواوی تواناو ئامادەییەوە لەم گردبونەوەیەدا بەشداری بکەن". 

ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە چوار مانگە مامۆستایانی سنوری سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ داوا کردنی داواکارییەکانیان کە خۆی لە پێدانی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژدا دەگرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار