سەردار نۆرێ: بەگشتی پەیامی نواندنەکانم چەکوشێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان‌و فەرمانبەران بۆئەوەی شەقام چۆڵ نەکەن

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەردار نوری مامۆستایەکی شێوەکارییە لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کفری و سەرۆک بەشی شێوەکارییە، لەپاڵ مامۆستایەتی گرنگییەکی زۆری بەهونەری شانۆ داوەو جگە لەمانەش شاعیرە، سەردار نوری گربوونەوەو خۆپیشاندانی مامۆستایانی نارازی بەردەوام لەڕێگەی نواندنی شانۆوە سەرنجی خۆپیشاندەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی پەیام و ئامانجەکانی نواندەنەکانی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا وتی : ئەوەی بەگرنگم زانیوە لەناو خۆپیشاندانەکاندا لەڕێگەی نواندنی هونەرییەوە، لەڕێگەی جوڵەی جیاوازەوە، لەڕێگەی پێفۆرمانسەوە، کۆمەڵێک پەیام بنێرم، هەوڵمداوە لەڕێگەی هونەرەکەمەوە  ئەوەی بەوتار دەوترێت ئەوەی بەقسە دەوترێت، زۆربەی خەڵک لەئێستادا تاقەتی گوێگرتنی زۆری نەماوە، قسەکان زۆر زۆر دووبارەن، هەربۆیە لەقۆناغی دووەمی خۆپیشاندانەکانەوە دەستمپێکرد واتە لەدوای فشارەکانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ کردنەوەی دەوام، هەربۆیە من پەیامێکم بەزمانێکی جیاواز بۆ حکومەت و وەزارەتی پەروەردەو یەکێتی مامۆستایان و ئەو مامۆستایانە نارد کەهێشتا نەهاتوونەتە ریزی بایکۆتەوەو بۆ ئەو حزبانەشی کەدەیانەوێ لەڕێگەی فشارو هەڕەشەوە مامۆستایان بگەڕێنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن نارد.

یەکەمین نواندنم ناونا زمانی هیندییە سورەکان کەدەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و لەنواندنەکانی دیکەمدا کۆیلەیەک خۆی ئازاد دەکات بەو مانایەی کەوەرن با خۆمان ئازادبکەین و دەنگی خۆمان هەبێت و نەک حزب هەر کاتێ بیەوێ بمانهینێتە شەقام و هەر کاتێکیش بیەوێت دەرمان بکات لەشەقام، هەروەها لەنواندنێکی دیکەمدا رۆڵی مامۆستایەکی خانەنشین دەبینم کە لەتەمەنی 90 ساڵیدا دێمە ناو خۆپیشاندانەکان و بەحەماسەوە وتم رۆڵە ئەگەر ئێوە بەردەوام نەبن ئەوا دۆخەکە تا 50 ساڵی تریش هەروا بەردەوام دەبێت. پەیامیکی دیکەی نواندنەکانم لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرانەیە کەماوەی سێ مانگ زیاتر لەگەڵماندا بوون و بەڵام بەداخەوە دواتر بەفەرمانی حزب گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان و کەلێنێکیان خستە ناو بایکۆتی مامۆستایانەوە .

بەگشتی پەیامی نواندنەکانم چەکوشێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەوەی شەقام چۆڵ نەکەن.

سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی کاردانەوەی بەرپرسانی کەرتی پەروەردە، سەردار وتی: بەداخەوە کاردانەوەکانی بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە هێشتا ئەرینی نەبووەو بەداخەوە سەرانی پەروەردە هەر لەوەزیرەوە بگرە تادەگاتە بەڕێوبەرە گشتییەکان و تادەگاتە پەروەردەی شارەکان فشارەکانیان زۆر زیاتر کردووەو دەزانم نواندنەکانی منیان بینیوە بەڵام ئیتر ئەوانیش راسپردراون بەکۆمەڵێک کارو بەڕێوەبەرەکانیان راسپاردووە بەهەرجۆرێک بێت مامۆستایان بهێننەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ژمارەیەک مامۆستاو وانەبێژیش لەترسی فەسڵ کردن و گواستنەوە گەڕاونەتەوە، بۆیە داوا دەکەم مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ شەقام و شەرمە لەکاتێکدا هیچ داواکارییەکی مامۆستا جێبەجێ نەکراوە، مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوام.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار