سزادانی مامۆستایان سەری نەگرت

3 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

سزای هەزاران مامۆستای بایکۆتکردوو لەلایەن پەروەردەکانەوە هەڵوەشێنرایەوە دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند رێکاری یاسایی دژیان دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەوامی قوتابخانەکان لەبەشێک لەقەزاکان نەکراوەتەوە دوای پێنج مانگی بەرەوام لەبایکۆت.

نەژاد عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەکۆی هەزارو 307 ناوەندی خوێندن، هەزارو 208یان دەوامیان تێدادەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بەدەوامکردووەتەوە و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بەنەهاتوو تۆمارکرابون زیاتر لەدوو هەزارو 500 مامۆستابوون، لەئێستادا زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ دەوام، نەهاتنی ئەو مامۆستایانەش بەسزا هەژمار ناکرێت.

ماوەی پێنج مانگە بایکۆت لەکۆیەوە هەتا گەرمیان بەردەوامە، ماوەی مانگێکیشە فشارەکانی لەڕێگەی پەروەرەکانەوە بۆ سەر مامۆستایان بەسزادانیان بەردەوامە هێشتا ١٠٠ قوتابخانە لەسلێمانی لەبایکۆتدان و هەندێک لەقەزاکانیش بەردەوامن لەبایکۆت.

لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ دەسپێکی فشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر مامۆستایانی ناڕازی، ژمارەیەک مامۆستا گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ئەو مامۆستایانەش کە نەکەوتنە ژێرباری فشارەکان و سووربوون لەسەر داواکاری و خواستەکانیان بەشێوازی جۆراوجۆر سزادران و هەندێکیشیان راژەکانیان لەخوێندنگەکانیان گواسترایەوە.

لەم رووەوە مامۆستایەکی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاند، بەبێ ئاگاداری خۆم نەقڵیان کردووم بۆ خوێندنگەیەکی ترو ئەمەش جۆرێکە لەسزا.

مامۆستایەکی دیکەش هەر سەبارەت بەبابەتی گواستنەوەی مامۆستایان بەهاوڵاتی وت: لەمەکتەبەکانی خۆماندا بێگومان کارەکانمان راگیراوەو تەنانەت لەناو پەروەردەکانیشدا کارەکانمان راگیراوە.

مامۆستا نەسرین کەمامۆستایەکی ناڕازی سزادراوە بەهاوڵاتی وت:  «من رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەیوەندیم کردەوە بەمەکتەبەوەو چووم بۆ دەوام بەڵام رۆژی دواتر لەبەر هەندێک هۆکار نەمتوانی لەکاتی خۆیدا لەمەکتەب ئامادە بم، بەڵام دەرسی ئەخیر هەر رۆیشتمەوە بۆ خوێندنگەکەو لەکاتی وتنەوەی وانەکەمدا بەڕێوبەر دوو جار جێگرەکەی نارد بەدوامداو یەکسەر پێیان وتم، بڕۆ دەرەوە ئێمە تۆمان ناوێ و وانەبێژێکمان لەجیاتی داناویت».

«بەڕێوبەرەکەم پێی وتم تازە لەلای من نەماویت، ئێمە وانەبێژێکمان هێناوەو بڕۆ بزانە لەتەربییە بۆ کوێت نەقڵ دەکەن، هەرچەندە زۆر هەوڵمداو زۆر قسەم لەگەڵ کرد بەڵام نەیخوارد، رۆژی یەکشەممەش بە یەکجار دوو فەرمانی سزام بۆ دەرچوو، خۆی لەخۆیدا ئەم فەرمانی گواستنەوەیەم بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادارکرابێتمەوە یان پێم وترابێت سزایەکی نایاساییە «، مامۆستا نەسرین وادەڵێت.

هاوڵاتی لەبارەی ئەم کەیسەوە پەیوەندی کرد بەمامۆستا مهاباد، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزازو ناوبراو وتی  «ئەو مامۆستایە خۆی هەر دەوامی نەکردووەو یەک رۆژ هاتووەتەوە لەدووەم وانەداو پێم وتووە کەنابێ ئیتر وا دوابکەویت، رۆژی دواتریش نەهاتەوەو تەلەفۆنم بۆ کرد وتم بۆ نایەیت بۆ دەوام، وتی، من کۆبوونەوەی ئەنجومەنم هەیەو لەوانەی کۆتاییدا دێم کاتێک کۆبوونەوەکەم تەواو بوو».

مامۆستا مهاباد لەدرێژەی قسەکانیدا وتی « منیش وتم ، مادەم وایە هەر مەیەرەوە بۆ دەوام و من مامۆستایەکی تر دەخەمە شوێنی تۆ».

سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سزای سەر مامۆستاکانیش، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزاز وتی:  «سزای ئەو مامۆستایەی باسمکرد هەڵوەشاوەتەوەو غیاباتەکانیمان هەڵوەشاندووەتەوە و تەنها فەرمانی گواستنەوەکەیمان بۆ خوێندنگەیەکی تر بۆ دەرکردووە«.

لەلایەن خۆیەوە د.لهتیف مستهفا ئهمین شارهزای بواری یاسایی رایگەیاند «بایكۆت و نهچوونی مامۆستایان بۆ هۆڵهكانی خوێندن حاڵهتێكی تاكه كهسی یان چهند كهسی نیه تاوهكو باسی سهپاندنی رێكاره كارگێڕییهكانیان لهگهڵدا بكرێت، ههموو فهرمانبهرێك لهناویاندا مامۆستا  مافیان ههیهو ئهركیشیان لهسهرشانه».

وتیشی «مافی مامۆستایان و گشت فهرمانبهرانیش پێدانی تهواوی موچهو شایسته داراییهكانیانه بهرامبهر دهوامی تهواوی ئهوان، واته پابهندیهكه دوولایهنه، لایهنی یهكهم كهحكومهته دهبێت پابهند بێت موچهو شایستهی دارایی تهواوی مامۆستاو فهرمانبهر لهكاتی خۆیدا بدات، لهبهرامبهردا لایهنی دووهم كهمامۆستایان و گشت فهرمانبهرانن دهبێت دهوامی تهواوی خۆیان بكهن، كاتێك كه لایهنی یهكهم ههڵناستێت بهپێدانی مافی تهواوی لایهنی دووهم، لایهنی دووهمیش پابهندی دهوامی تهواوی نامێنێت».

«سهرهڕای ئهوه ئهم نهچوونه دهوامهی مامۆستایان حاڵهتێكی تاكهكهسی یان چهند كهسی نیه تاوهكو باسی سهپاندنی رێكاره كارگێڕیهكانیان لهگهڵدا بكرێت و به (غیاب) بهنههاتوو تۆمار بكرێن، واته بابهتهكه بابهتێكی كهمتهرخهمی ئیداری وهزیفی نیه كهفهرمانبهرێك یان چهند فهرمانبهرێك بهئارهزووی خۆیان و بهبێ هیچ هۆكارێكی مهشروع و بێ ئاگاداركردنهوهی فهرمانگهكانیان لهدهوام دابڕابێتن، بهڵكو ئهمهی ئهمان دهیكهن ههڵوێستی ناڕهزایی دهربڕینه بهرامبهر بهغهدرێك و ناحهقییهك و پیشێلكاریهكی مافی خۆیان كه لێیان دهكرێت و ساڵانه دووباره دهبێتهوه بێ ئهوهی حكومهت هیچ ههنگاوی جددی بنێت بۆ چارهسهركردنی كێشهكهیان و نههێشتنی ئهو غهدرو پیشێلكاریهی بهرامبهریان دهكرێت» د.لەتیف مستەفا ئەمین وادەڵێت.

لەبارەی بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانەوە، مامۆستا ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند : « تائێستا لەبارەی سزادان و بەردەوامبوونمان لەبایکۆت بڕیاڕمان نەداوە کەئایا گەر سزاکان هەڵبوەشێنەوە  رادەوەستین و دەگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوام دەبین».

هەر سەبارەت بەسزادانی مامۆستایان هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانیکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند «كۆمه‌ڵێك رێكاری‌ كارگێڕی‌ هه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ كه‌داده‌مه‌زرێت كۆمه‌ڵێك پابه‌ندی‌ هه‌یه‌، ئه‌م پابه‌ندییانه‌ یاسا دیاری‌ كردووه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌زاره‌تێك یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ گشتی‌ یان شوێنێكی‌ دیاریكراوه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ر لایه‌نه‌ یاساییه‌كی‌ و ئێمه‌ تێكه‌ڵی‌ نابین و ته‌نها جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار