بایکۆت مامۆستایانی کردە دوو بەرە

تەنیا بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی لەهەڵەبجە چاویان لەبەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانییە

3 مانگ لەمەوپێش



شوان عباس بەدری

دوای زیاتر لەپێنج مانگ لەبایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند بەڵێنی چارەسەرکردنی داوکاریەکانیان لەلایەن حکومەتەوە دراوەو خۆپیشاندان هەڵدەپەسێرن بەڵام بەشێکی تریان دەڵێن بەردەوام دەبن بەشێوازی جۆراوجۆر.

شەوی دووشەممە 19/2/2024  بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی هەڵەبجە لەدوای کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لەمامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایانیان سەرپشک کرد لەگەڕانەوەیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوامیدان بەبایکۆت، بەڵام مامۆستایانی هەندێک لەقەزاکانی تر دەڵێن ئەوان سوورن لەسەر بایکۆت تابەڵێنەکان جێبەجێدەکرێن.

مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیە کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە.

هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا .

هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ  دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.

لەگەڵ ئەوەی تائێستا هیچ داوایەکیان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەندێک لەوانەی بایکۆتیان شکاندووە دەڵێن بەڵێنی زارەکییان لە  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەڵێنانە هەمان ئەو بەڵێنانەن کەمانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردە بەنووسراوێک بڵاویکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی کارگێڕی و یاسایی تێدابێت، ئەوەش لەکاتی خۆیدا قەناعەتی بەمامۆستایان نەکرد بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە و دەڵێن لەئێستادا چالاکیەکانیان هەڵپەساردووە، بەڵام ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێن ئەوان هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەیان نەداوە.

هادی حەمەڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشێک لەمامۆستایانی ناڕازیی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو چەند بەڵێنێک بۆ چارەسەکردنی کێشەکان درا، بەڵام ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ هەڵپەساردنی بایکۆت نەداوە».

وتیشی «ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە دەبێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکرێن» . 

مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند «ئەو بابەتەی کەوەزیر بڵاویکردبووەوە لەدەسەڵاتی وەزیردا نەبوو و زۆر لاستیکی بوو و مەجالی خۆدزینەوەی لەبەرپرسیارێتی زۆر تیا بوو، بەڵام ئەم بریارەی ئەمڕۆ ئەو بابەتانە هەڵناگرێت و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی چەسپاندووە لەگەڵ دامەزراندنی وانەبێژان و جگە لەوەش بەڵێنی داوە دوای جێبەجێکردنی ئەو دوو خاڵەی باسمکرد قۆناغ بەقۆناغ و بەپێی پرەنسیبی خۆیان و بەپێی پلەبەندی خۆیان جێبەجێی سەرجەم داواکان بکەن، کەبریتین لەبابەتی مووچەو مووچە پاشەکەوتکراوەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران».

سەبارەت بەوادەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارو پەیمانانەش مامۆستا دانا وتی «لەو کۆنووسەی کە لەبەردەستماندایە، کۆنووسەکە ئیشارەتی کردووە بەوەی راستەوخۆ لەگەڵ چاککردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق، ئەوان یەکسەر دەستدەکەن بەجێبەجێکردنی و لەئێستادا کردوویانە بەبڕیار».

وتیشی «بە دڵنییایەوە ئەگەر بێتو ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێت ئێمە لەشەقام دەبین و بۆ بایکۆت و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی تر دەستمان کراوەیە لەبەرامبەریان».

هاوکات ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە، ناڕەزایەتی بەشێک لەمامۆستایانی وانەبێژی دەڤەری راپەڕینی لێکەوتەوەو رایانگەیاند کە لەبەرئەوەی بەشدارنەبوون لەکۆبوونەوەکەی مامۆستایان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، بەردەوام دەبن لەبایکۆت.

«ئێمە نە لەکۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لەبایکۆت» کارۆخ عبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەدەڤەری راپەڕین وای بەکەناڵەکانی راگەیاندن وت.

کارۆخ عەبدوڵڵا راشیگەیاند، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و مامۆستای وانەبێژانیان تێدا نییە. وتیشی «مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە».

لەلایەن خۆیەوە ئاسۆ کۆساری، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی لەئیدارەی راپەڕین لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی کەباس لەهەڵپەساردنی بایکۆت دەکات راست نییەو چاوەڕێی بڕیارەکانی داگای فیدراڵی عیراق دەکەین و دوای دەرچوونی بڕیارەکان، بڕیار لەبارەی بایکۆتەوە دەدەین.

«بڕیاری شکاندنی بایکۆت دوورە لەخواستی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرتاسەری ، بەتایبەتیش ئێمەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڤەری راپەرین، ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان داوە کەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، ئێمە خۆمان رای خۆمان دواجار لەسەر بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕین» مامۆستا ئاسۆ کۆساری وادەڵێت.

لەلایەن خۆیانەوە دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی پشدەریش شکاندنی بایکۆتیان بەتوندی رەتکردەوەو بڕیاری شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانیان لەلایەن بەشێک لەبەڕێوبەرەکان بەبڕیارێکی بەپەلەپروزاوی و بێدەسکەوت و ئەنجام وەسفکردو رایانگەیاند، تەنها مامۆستایان خاوەنی راستەقینەی بایکۆتن و رۆژی چوارشەممە 21/2/2024 بە کردار وەڵامی ئەو بڕیارە دەدەنەوە.

هەروەها هەریەک لەکفری و کۆیە هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەمبارەیەوە یەکلایی نەکردووەتەوە.

وا بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو 18/2/2024 مامۆستایانی ناڕازی شارەزوورو هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن بێنە دەباشان و شانبەشانی ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی دیکەی دانیشتووی سلێمانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکانیان لەدەباشان خۆپیشاندانێک ئەنجامبدەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەو بڕیارە ، لەڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە و شارەزوورو سەیدسادق رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدەباشان نین، گردبوونەوەکەیان دواخستووە بۆ رۆژێکی دیکەو لەخۆپیشاندانەکانیان لەشارو شارۆچکەکانی خۆیان بەردەوام دەبن .

هەر لەمبارەیەوە مامۆستا دانا نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو کە «ئێمە نابێت بەیەک شێواز خۆپیشاندان ئەنجامبدەین و هەموو رۆژێک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم دادگا بێت ئەمە گەرموگوڕی ناهێڵێت، بەڵکو دەبێت ئاڕاستەکان بگۆڕین».

ئەم مامۆستایە ئەوەشی روونکردبووەوە  کەهەنگاوی نوێیان هەیە بەجۆرێک گردبوونەوەکان بگوازنەوە بۆ ناو هەولێر لەگەڵ رۆیشتنیان بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێم و بەربەستکردنی رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەو داخستنی رێگەی هاتوچۆو رێگریی لەتانکەرەکانی نەوت.

دانا عەبدول ئەوەشی بەهاوڵاتی راگەیاندبوو «دەمانەوێت خۆپیشاندانەکان بەرینە هەولێر لەڕێی دێگەڵەوە، ئەگەربێت و رێگەشمان لێبگیرێت ئەوا ئێمەش رێگەی دێگەڵە دەگرین بۆ ئەوەی هەرچی تەنکەری سەربەخۆیانە رێیان لێبگیرێت».

هەروەها وتی «هەنگاوێکی دیکەشمان چوونمانە بۆ دەروازە سنوورییەکانی وەک (باشماخ و سەیرانبەن و کێلێ و پەروێزخان)و بەربەستکردنی رێگاکانە».

ئەوەشی خستەڕوو  کەهەنگاوێکی دیکەیان بریتیە لەمانگرتن لەخواردن، ئەگەر حکومەت وەڵامیان نەداتەوە.

«ئەگەر نەگەینە ئەنجام تائێستا ٥٠ کەسێک ئامادەن، مان لەخواردن بگرن لەبەردەم (یو ئێن)دا، هەتا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت و ئامانجمانە ئەم کەیسە بکەینە کەیسێکی نێودەوڵەتی»، مامۆستا دانا وادەڵێت.

مامۆستایانی ناڕازی پێنج داواکاری سەرەکییان هەیەو دەڵێن بایکۆت ناشکێت هەتاوەکو ئەو داوایانە جیبەجێ نەکرێت کەدیارترینیان دامەزراندنی وانەبێژان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە.

هەروەها داوادەکەن چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دیاری بکرێت لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا .

هەروەها دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەهەر ناوێکەوە لەمووچەکان بڕاون لەگەڵ  دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.

مامۆستا دانا گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتییەکان بە «بێهیوایی»  نەزانیبوو و بەڵکو پێی وابوو هەنگاوەکەیان گۆڕینی شێوازی فشارەکانە بەڕێگەی جۆراوجۆر.

وتیشی «لەڕاستیدا  ئێمە نابێت بەردەوام  بەیەک ریتم خۆپیشاندان بکەین، هەموو هەفتەیەک لەبەردەم پەروەردە بۆ بەردەم مەحکەمە بڕۆین، ئەم شێوازە ریتمە تەقلیدییە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوەو گەرموگوڕی نایەڵێت ، بەڕاستی دەبێت ئاراستەکان بگۆڕین «.

لەبارەی سەردانکردنی مامۆستایان بۆ بەغداو ئەنجامەکەی ئەو مامۆستایە وتی «ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسان و لیژنەکانی یاسایی و دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق کردووەو هەموویان لەسەر هێڵن و بەڵێنیان پێداوین لەهەمواری بودجەدا بابەتەکان لەبەرژەوەندیی مامۆستایان بێت».

لەبارەی سزادانی مامۆستایانەوە ئەو مامۆستا ناڕازییە وتی «لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەنها سزادانی مامۆستایان هەیەو ئەم بڕیارەش بەشێوەیەکی بێسەروبەرانە دراوە، چونکە لەسنووری هەڵەبجە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا لەبایکۆتدایە، بۆچی تەنها ژمارەیەک مامۆستا دیاریکراوە و سزادەدرێن، تەنانەت مامۆستا سزادراوە کە لەمۆڵەتی دایکایەتی و خوێندندایە».

هەر سەبارەت بەپرسی گردبوونەوەی مامۆستایان لەدەباشان مامۆستا عادل حەسەن کەمامۆستایەکی ناڕازییە لەلێدوانێکی پێشوویدا بەهاوڵاتی راگەیاندبوو، «بڕیاڕەکە لەلایەن ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوین و هەڵەبجە دراوەو ئێمە تەنها پشتیوانیمان کردوون».

وتیشی «دۆخێکی نائومێدی زۆر درووست بووە لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لەدەڤەری سلێمانی چونکە بەهۆی ئەو فشارانەی کەپەروەردەکان کردوویانەتە سەر مامۆستا، لەسلێمانیدا مامۆستایان بەویستی خۆیان بایکۆتیان نەشکاندووە، بەڵکو بایکۆتیان پێشکێنراوەو ئەم دوو شتەش زۆر جیاوازن لەیەکتری».

هەرچەندە لەمانگی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێی بەیاننامەیەکەوە داوای شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوەی مامۆستایانی کرد بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان وەڵامێکی تووندی بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتمانییان دایەوەو رایانگەیاند هەتا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لەبایکۆت، بەڵام لەئێستادا ئەو بڕیارەیان هەڵپەساردووەو چاوەڕێی چاککردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و جێبەجێکردنی ئەو پەیمانانەی حکومەت دەکەن کەپێیان دراوە.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار