کۆمپانیایەکی کڕینو فرۆشتنی خانووبەرە لە هەولێر لەبردنی پارەی سەدان کەس تێوەدەگلێت

2 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

 

لەشاری هەولێر دوو کارمەندی کۆمپانیایەکی عەقارات بەتۆمەتی بردنی  نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری هاووڵاتیان  دەستگیرکراون و چارەنووسی موڵکی ئەو هاووڵاتیانەش نادیارە، سەرچاوەیەکیش لەکۆمپانیاکە ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە لەسەر سکاڵای ئەوان ئەو دوو کارمەندە دەستگیرکراون و موڵک و مافی هیچ کەسێکیش نافەوتێت.

بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لەشاری هەولێر نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کەس چارەنووسی نادیارەو ئەو کەسانەش چارەنووسی پارەکانیان نادیارە بەسێ جۆر مامەڵەیان لەگەڵ لقێکی کۆمپانیایەکی خانووبەرە کەئەو لقە بریکاری فرۆشتنی پڕۆژەیەک بووە، هەروەها هەندێ هاووڵاتی موڵکیان پێ فرۆشتووەو پارەیان وەرنەگرتووە، هەندێکیشیان لەشێوەی وەبەرهێنانی هاوبەش پارەیان پێدراوە.

هەروەها لەسەر ئەو کەیسە دوو کارمەندی کۆمپانیاکە دەستگیرکراون کە بەوتەی سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە لەسەر سکاڵای ئەوان بووە.

ئەو دوو کارمەندەی کۆمپانیا عەقارییە کەدەستگیرکراون  لەئۆفیسی یەکێک لەگەورەترین کۆمپانیاکانی عەقاراتدا کاریان کردووەو پارەی نزیکەی ٨٠٠ کەسیان لەبەردەست بووە بۆ مامەڵەو کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، هەروەها زانیارییەکان دەڵێن، ئەوان مۆرو وەسڵی کۆمپانیاکەیان بەکارهێناوەو بەپارەکانیان موڵکیان کڕیوەو فرۆشتووەتەوە، هەروەها بەشێوەی سوو پارەکانیان وەرگرتووەو لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکدا بەڵێنی گێڕانەوەی زیاتریان بەخاوەنەکەی داوە.

سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە کەباس لەبردنی چەند ملیۆن دۆلار دەکرێت، ئەوانە دوورن لەڕاستییەوەو ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە،  ئێمە وەک کۆمپانیا خەریکی پێداچوونەوەی حساباتین بۆ ئەوەی بگەین بەئەنجامێکی وردو بزانین بڕە پارەکە چەندە.

وتیشی: موڵک و پارەی هیچ  کەسێک نافەوتێت و هەموو خاوەن مافەکان دەگەنەوە بەمافی خۆیان، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی حساباتی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی داتایەکی دروستمان لەبەردەستدا بێت بزانین بڕەکە چەندەو ئەو رووداوە چۆن چۆنییە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کەئێمە وەک کۆمپانیا، سکاڵامان لەسەر ئەو دوو کارمەندە تۆمارکردووەو لەئێستادا دەستگیرکراون و راگیراون، «بێگومان ئەوان خیانەتیان کردووە لەئەمانەت و لۆگۆو ناوو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ هەندێ کاری دەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا».

«لەدەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا هەندێک کارکراوە وەک بابەتی قیستی سەیارەو هێنانی شیش و پارەی نەقدو قیستات،  ئاڵوگۆڕی دینارو دۆلار، بابەتی ڕیبا زۆر شتی دیکەش کە لەدەرەوەی کاروباری عەقاراتن، کە ئەمانەش بەبێ ئاگاداری کارگێڕی و بەڕێوبەری کۆمپانیا، سودیان لە ناو و لۆگۆی کۆمپانیا وەرگرتووەو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ ئەو کارانە» سەرچاوەکە وای وت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کە ئەوان هاوکار دەبن لە یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، بەڵام رایان وایە کە پێویستیان بە هەندێک کاتە تا پێداچوونەوەی حساباتیان  تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دروستیان لەبەردەستدا بێت، وتیشی: « کاتێکی دیاریکراویش نییە بڵێین لەو ماوەیەدا حساباتەکانمان تەواودەکەین لەبەرئەوەی بابەتەکە کەمێک ئاڵوزە».

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کەمتر لە ١٠٠ کەس مامەڵەیان هەبووە لەگەڵ ئەم لقەدا و سەرجەمیان فایلی خۆیان هەیە،  ئێمە چێکی سەرجەم فایلەکان دەکەینەوەو پێداچوونەوەی بەسەرجەم حساباتەکاندا دەکەین چونکە ئەم بانەتە هی ماوەیەکی دیاریکراو نییە، هاوڵاتی هەیە سێ ساڵە  مامەڵەی لەوێ کردووە ئێمە پێداچوونەوە بەسەرجەمیاندا دەکەین تا بزانین هەڵە لەکوێدایە.

 « لەهەندێک حساباتدا بۆمان دەرکەوتووە کە هەڵەی دیار لەژمارەی حساباتدا هەیە، ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام دەدەین تا ئەنجامەکانمان چارەسەربن بۆ کێشەی هەموو لایەک، چونکە  ئێمە لەگەڵ چارەسەرداین و هاوکار و یارمەتیدەریش دەبین بۆ گەیشتن بەچارەسەری کێشەکە «.

بەوتەی سەرچاوەکە ئەو دوو کارمەندەش لەسەر سکاڵای ئەوان دەستگیرکراون لەبەرئەوەی ناوو لۆگۆو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە.

یەکێک لەزیانکەوتووەکان رایگەیاند: ئێمە کڕین وفرۆشتنمان ئەنجامداوە لەشاری هەولێرو پارەمان داوە بەو کۆمپایایەو ئەوانیش هەستاون بێ بەرپرسیارانە موڵکەکانی ئێمەیان فرۆشتووەو هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ ئێمە نەگەڕاندووەتەوە.

وتیشی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا کڕین و فرۆشتنمان ئەنجامداوەو موڵکمان  لێکڕیوون و بەناومانەوە ناکرێت، زیاتر لەچەندەها ملیۆن دۆلار شوقە هەیە خەڵک کڕیویەتی و نەیانکردووە بەناوی خۆیانەوە لەسەر متمانەی ئەوان، ئەوانیش نەیانکردووە بەناوی خەڵکەوەو لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کێشەیان بۆ دروستبووەو خاوەن پڕۆژەکەش هیچ موڵکێک بەناوی خەڵکەوە ناکەن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار