نەخۆشخانەی ئامێدی پزیشكی ددان و پزیشكی تایبەتمەند بەبواری دەرمانخانەی نییە

3 مانگ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

 

قەزای ئامێدی لەشەش ناحیە پێكهاتووەو ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 150 هەزار كەس دەبن، لەو سنورە 23 بنكەی تەندروستی هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی لەناوەندی ئامێدی، لەو 23 بنكەیە لە نۆ بنكە پزیشك هەیە ئەوانەی تر لەڕێگای پەرستارو كارمەندانی پزیشكی بەڕێوەدەبرێت

لەسنوری قەزای  ئامێدی هەر كەسێك ئازاری ددانی هەبێت بەناچارییەوە دەبێت سەردانی دهۆك و شارەكانی تر بكات چونكە لەتەواوی سنوری قەزاكە تەنها یەك پزیشكی ددان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوك دەوام دەكات، هاوكات پزیشكی تایبەتمەند بەبواری دەرمانخانە نیە.

مامۆستا هەیفا ئامێدی كە ماڵی لەسەنتەری شارە بەهاوڵاتی وت: كێشەی سەرەكیمان نەبوونی پزیشكی ددانە، هەركات كەددانمان ئازاری هەبێت بەبێ دوودڵی دەبێت سەردانی نۆرینگەیەكی تایبەت بكەین یاخود دەبێت سەردانی دهۆك بكەین، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری تایبەت بەپزیشكی ددان هەیە، بەڵام بێ پزیشكە، زیاتر لەساڵێكە ئەوە حاڵمانەو كەسیش نیە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات.

هەروەها ناوبراو وتیشی من مامۆستام و هەموومان باش دەزانین كەدۆخی مامۆستا و فەرمانبەران لەچ ئاستێكدایە، سەڕەرای ئەمەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەكانی ددان ئینجا ئەگەر شۆردن و پاككردنەوە بێت یان دەرهێنان یاخود داگرتن «حەشووی ددان»بێت، بۆ هەموو ئەمانە یان دەبێت بچینە نۆرینگەیەكی تایبەت یاخود سەردانی دهۆك بكەین، لەنۆرینگەش بەلایەنی كەمی 30 بۆ 40 هەزار دینارت پێویستە، چ خوا قبوڵ دەكات لەهەموو قەزای ئامێدی یەك پزیشكی ددان هەبێت، باوەڕناكەم ئەمە لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت».

هەروەها «بۆ داگرتن واتە «حەشووی ددان» چەند جارێك سەردانی دهۆكم كردووە، هەرجارێك بەلایەنی كەم 100 هەزار دینارم پێویستە، نەك من بەڵكو ئەوە حاڵی هەموو دانیشتووانی ئامێدی-یە، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری پزیشكی ددان هەیە، بەڵام بەبێ پزیشكە، خەڵك هەیە هەژارە و پارەی نیە بچێتە نۆرینگە، پێویستە بەرپرسانی تەندروستی ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن تاكەی ئەوە حاڵمان بێت « هەیفا ئامێدی وای وت .

 بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە لە 2014وە پزیشكانی ددان دانەمەزراون، هەروەها  ئەو پزیشكانەی خزمەتی خۆیان لەدەرەوەی شار تەواو كردووە گەڕاونەتەوە ناوەندی دهۆك، بۆیە بۆشایی لەئامێدی و چەند ناوچەیەكی تر دروستبووە.

مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بەهاوڵاتی وت: یەك پزیشكی ددانمان هەبوو لەنەخۆشخانەی ئامێدی، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی موڵەتی دایكایەتی بەبێ پزیشكی ددانین، لەئێستادا لەسنوری قەزای ئامێدی تەنها یەك پزیشكی ددانمان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوكە، بەنووسراوی فەرمی داوامان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك كردووە كەپزیشكی ددانمان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا نەیانناردووە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەزیاتر لە 10 ساڵە دامەزراندنی پزیشكی ددان راگیراوە بۆیە ئەم بۆشاییە دروستبووە».

مەسعود بۆتی وتیشی: بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە كاتێك كەسێك كەنەخۆشی ددانی هەبێت سەردانی نەخۆشخانە دەكات و بەدەست خاڵی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە لەدەستەڵاتی ئێمەدا نیە، چارەسەر لای بەڕێوەبرایەتی گشتی تەندروستی دهۆكەو دەبێت ئەوان بۆمان بنێرن».

دكتور سەعید عەلی محەمەد، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای پزیشكانی ددان بەهاوڵاتی وت: 700 پزیشكی ددان لای ئێمە تۆماركراون، لەم ژمارەیە تەنها 120یان دامەزراون، ئەوانەی تر بەشێكیان بەخۆبەخشی دەوام دەكەن و بەشی زۆریان لەماڵ دانیشتوون، كۆمەڵێك پێشنیارمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك و لایەنی پەیوەندیدار كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، لەوانە هاوكارییەكی مانگانە لەگەڵ دابینكردنی شوێنێك بۆ ئەو پزیشكانە كەدەچنە قەزاكان وەكو ئامێدی و ئاكرێ و شارەكانی تر یاخود بكرێنە گرێبەست، بەڵام هیچیان جێبەجێنەكراون».

دكتور سەعید عەلی محەمەد دەشڵێت: ئەوەی لەسەر ملی ئێمەیە بەزیادیشەوە كردوومانە، هەر پزیشكێكی ددان كەدەربچێت دەبێت لەسەنتەری شار دوو ساڵ لەنەخۆشخانەیەكی حكومی بەخوبەخش دەوام بكات و ئەوانەی لەدەرەوەی شار ساڵێك خزمەت بكات ئینجا ئێمە موڵەتی پێدەدەین نۆرینگەیەك بكاتەوە یاخود لەشوێنێكی ئەهلی كاری پزیشكی بكات، دوای خزمەتكردنی كاری خۆیان ئێمە زیاتر ناتوانین پێیان بڵێین دەبێت هەر بەخۆبەخشی دەوام بكەن، پێویستە حكومەت شتێكیان بۆ بكات ئەوانیش دەڵێن لەئێستادا ناتوانین، بۆیە كێشەكە رۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت».

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار