جێگیرکردنی هێزێکی پاسەوانی سنوور لە ناحیەی شیلادزێ نیگەرانی لێدەکەوێتەوە
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزێکی پاسەوانی سنوور لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی جێگیرکراوە بەشێک لە هاوڵاتییان نیگەرانن لە لەوەی ئەو هێزە لەوێن، شارەزایانیش پێیان وایە ئەو ناوچانە دەپارێزن.
دلشاد نەسروڵلا قەنجۆ، مامۆستایی زانکۆیە لە کۆمەڵگای سیریێ سەر بە ناحیەی شیلادزێ نیشتەجێ یە بە هاوڵاتی وت "بەرای من جێگیربوونی ئەو هێزەیە شتێکی باشە و لە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکەدایە، هاوکات دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەو گوندانەی له دەوروبەری گەلی باڵندا جارێکی تر دەست بە ژیانی تایبەتی خۆیان بکەنەوە و باخ و زەوییەکانی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتیشی "پێویستە هێزەکانی پاسەوانی سنوور تا سەر سنوور بچن و بەرپرسیارەتی ئەمنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆی خۆیان، ٣٠ ساڵە ئەم ناوچەیە لەژێر شەڕ و ئاڵۆزی دایە پێویستە ئەم شەڕە کۆتایی بێت تا خەڵکیش بە ئیسراحەت بژی".
نیگەرانی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە لەوەدایە کە ئەم هێزەیە ئاڵای عێراقی بەرزکردووەتەوە وەک ئاماژەیەک کە ئەم ناوچانە عیراقین، لەلایەکی ترەوە هەر لەدوای جێگیربوونی ئەو هێزەیە تورکیا بەردەوام قەزای ئامێدی کردووەتە ئامانج، نوێترین بۆردوومانیش دوێنێ بوو لە دەوروبەری گوندی بڵاڤە و گۆهەرزێ.
پێشتر بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی لە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی قسەی کردبوو و ئاماژەی بەوەکرد "کە ئەو هێزە هاتوون بۆ پاراستنی ناوچەکە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری گەلی باڵندا".