کات لەبەردەم یەکێتی و پارتیدا نەماوە بۆ رێککەوتن لەسەر پارێزگاری کەرکوک

2 مانگ لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد

لەکاتێکدا چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، یەکێتی و پارتی هێشتا ناکۆکن لەسەر دیاریکردنی کوردێک بۆ پۆستەکە، بەبڕوای چاودێران ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی دیکەی کورد شارەکە چۆڵبکەن.

لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە کورد پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستدا، پۆستەکە بەوەکالەت لەلایەن پێکهاتەی عەرەبەوە بەڕێوەدەبرێت و تۆمەتباردەکرێت بەوەی کەهەوڵی تەعریبکردنی شارەکە دەدات، بەڵام یەکێتی و پارتی نەیانتوانیوە بگەنە رێکەوتن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد وەکو گەورەترین پێکهاتەی نەتەوەیی پارێزگاکە.

بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوپەیمانێتییەکی سیاسی بەناوی «هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکوک» پێکهێناوە کە کاردەکات بۆ رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی پارێزگاکەو دانانی بەرنامەیەکی هاوبەش لەنێوان لایەنەکان بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی خۆجێی شارەکە.

پەروین فاتیح، ئەندامی سەرکەوتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهاوڵاتی وت «ئەو هاوپەیمانێتییەی بەسەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی پێکهێنراوە بۆ ئەوەیە هەر کاتێک کێشەیەک هەبوو بە راوێژو کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە چارەسەری کێشەکە بکرێت».

وتیشی «هەر لایەنێک بەرنامەی کاری خۆی دەدات بەسەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی رێگە چارەسەرێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک».

تاوەکو ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق دووجار لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەتەوە کە لەمانگی ١٢ی ساڵی رابردوو ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەچوو.

کۆتا کۆبوونەوەش رۆژی ٣ی ئازاری ٢٠٢٣ بوو لهكۆبوونهوهكهدا جهخت لهبهردهوامی گفتوگۆكردنی نێوان هێزه سیاسییهكان  بۆ دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ كهركووك و گهیشتن بهكارنامهیهكی هاوبهش كرایهوه، ههروهها دوو ههفتهش دیاریكرا بۆ ئهوهی پارێزگارێك و سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگا بۆ كهركوك دیاریبكرێت.

هەروەها رۆژی دووشەممە ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی حزبەکە سەردانی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد .

لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە محەمەد کەمال لەبارەی سەردانەکەیانەوە بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند «ئامانجی سەردانەکە وەڵامدانەوەی دوایین سەردانی یەكێتییە بۆ لقی سێی پارتی و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو حزبە باشتربکەن».

کاوێز مەلا پەروێز، چاودێری سیاسی لەشاری کەرکوک بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەکەرکوک بەجۆرێک بوو کەهیچ پێکهاتەیەک نەتوانێت بەتەنها ئیدارەی کەرکوک پێکبهێنێت، هەروەها لەڕووی یاساوە دەبێت پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک بە رێککەوتن بێت».

بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە رۆژی ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، هەروەها عەرەب پێنج کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان بەدەستهێنا لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان.

کاوێز مەلا پەروێز وتی «بۆ یەکەمینجارە لەمێژووی کەرکوکدا پێکهاتەکان بەم جۆرەی ئێستا لەیەک نزیکبن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پێکهێنان و کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبێت، هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراقیش نێوەندگیرە، بۆیە پێم وایە لەکۆتاییدا پێکهاتەو لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و رازی بکرێن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک».

هەرچەندە پێکهاتەی عەرەب پێداگری لەسەر ئەوەدەکات کەپۆستی پارێزگاری کەرکوک دوو ساڵ بۆ کوردو دوو ساڵ بۆ عەرەب بێت، بەڵام کورد پێداگرە لەوەی کە ئەو پۆستە بۆ هەر چوار ساڵەکە وەربگرێت، کاوێز مەلا پەروێز لەوبارەیەوە دەڵێت «بڕوام وایە کە چانسی کورد زۆرە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ هەر چوار ساڵەکە».

هەروەها دەشڵێت «ئەگەر کورد پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێت ئەوا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر شارەکە و کوردەکانی کەرکوک، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر کورد ئەو پۆستە لەدەستبدات ئەوا کاریگەریی نەرێنی دەبێت، هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی وەک ساڵانی رابردوو بەشێک لەکوردەکان کەرکوک بەجێبهێڵن و بەشیاوی ژیانی نەزانن».

ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشی «ئەگەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک دوو ساڵیش بۆ کورد بێت هەر گرنگی خۆی هەیە و سەرکەوتنێکی گەورەیە، چونکە کورد بەشێکی کاریگەرو گرنگە لەبەڕێوەبردنی شارەکە، هەروەها کورد دەتوانێت ئەو پێگەیەی بەکاربهێنیت بۆ ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکە کوردییەکان و نەهێشتنی کەمی خزمەتگوزاریی».

یاساناسانیش پێیانوایە لەبەرئەوەی بارودۆخی کەرکوک لە رووی جوگرافیاو پێکهاتە، هەروەها لەبەرئەوەی چاوی وڵاتانی لەسەرە، پێویستە بەیاسایەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەگەر پرسی دیاریکردنی پارێزگایەکی نوێ بخرێتە بەردەم دادگا، ئەوا رەنگە ئەم پرسە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت کە ئەمەش لەبەرژەوەندیی راکان جبوری، پارێزگاری ئێستای کەرکوک بەوەکالەت دەبێت و رەنگە دواجار دادگا پرسەکە بە دابەشکاری لە ٣٣٪ یەکلایی بکاتەوە، کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک دوو ساڵ دوو ساڵ دابەش بکات بەسەر پێکهاتەکان.

ململانێ لەسەر پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک بەجۆرێکە، تەنانەت لەسەر پۆستە باڵاكان لەناو حزبەكانی یەك نەتەوەشدا، بەردەوام ململانێ و ناكۆكی هەبووە، یهكێتیی و پارتی، لە ٢٠١٧ەوە تا تەمموزی ٢٠١٩ لەمشتومڕو ناكۆكییدا بوون، بەهۆیەوە نەیانتوانی پۆستی پارێزگار وەربگرنەوە.

حزبەكانی سەر بەهیچ نەتەوەیەكی كەركوك، بەشی پێویست كورسییان نییە بتوانن پۆستەكانی ئیداری نوێی خۆجێی لە ئەنجومەندا بە تەنیا یەكلاییبكەنەوە، چونكە پۆستە باڵاكان بەتایبەت پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكانیان، بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامان، كە مەبەست لێی (٥٠ + ١)ە هەڵدەبژێردرێن، واتە لە ١٦ ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەركوك دەبێت دەنگی نۆ ئەندام بەدەستبهێنن.

لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لەعێراق لەساڵی ٢٠٠٣ەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشووی كۆچكردووی یەكێتیی، پۆستەكانی كەركوك بەڕێژەی  ٣٢٪ بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كوردو عەرەب و توركمان دیاریكراو هەروەها ٤٪ بۆ كریستیان ئەم پڕۆژەیە لەتەمموزی ٢٠٠٩دا لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەركرا لەلایەن سەرجەم پێکهاتەکانەوە.

لەو رێکەوتنەدا پۆستی پارێزگار بۆ كوردو جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕێژەی ٣٢٪ بۆ هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە و ٤٪ بۆ كریستیان دیاریکران.

بەڵام لەکاتی جێبەجیکردنیدا، رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پۆستەکانی پارێزگارو جێگرەكەی و سەرۆكی ئەنجومەن جێبەجێكران و شۆڕنەبووەوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.

پارێزگای كهركوك ناوچهیهكی جێناكۆكه لهنێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، یهكلاییكردنهوهی چارهنووسیشی لهچوارچێوهی ماددهی ١٤٠ی دهستووردایه لهڕێگەی سێ قۆناغی ئاساییكردنهوه، سهرژمێری و راپرسی، کەئێستا تەنیا بەشێک لەقۆناغی یەکەم جێبەجێکراوە و دوو قۆناغەکەی تری ماون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار