مانگی رەمەزانیش بازاڕی هەرێمی کوردستانی نەبووژاندەوە

2 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا بازاڕ تاڕادەیەک بووژانەوەیەک بەخۆیەوە دەبینێت بەراورد بەپێش رەمەزان، کاڵاکان خواستێکی زیاتریان لەسەر دەبێت بەتایبەت بابەتە خۆراکییەکان و شیرینی و شەربەت، بەڵام رەمەزانی ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستاندا جیاوازە لەساڵانی رابردوو و بازاڕ سست بووەو کاڵاو شمەک و خواردەمەنییەکان خواستیان کەمتر لەسەرە.

کاسبکاران و هاووڵاتیان هۆکاری سستی بازاڕ دەگەڕێننەوە بۆ قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا، ئەمە لەکاتێکدایە کەئەمڕۆ ١٣ی ئادارە، بەڵام تائێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە رۆژی ١١ی ئادار وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا شێوازو کاتی دابەشکردنی موچەی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادیارە.

رۆژی دووشەممە، ١١ی ئاداری ٢٠٢٤ قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند:  هەڵمەتی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ دوکان و بازاڕو شوێنە گشتییەکان و پشکنین بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانەی بەهاووڵاتیان و رۆژوەوان دەفرۆشرێت ئەنجامدراوە.

هەروەها راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە خشتەی کارو چالاکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بەجۆرێک رێکدەخرێت کەبەردەوام چەند لیژنەیەک لەبازاڕ پشکنین بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجامبدەن لەمانگی رەمەزاندا خواستی زۆریان لەسەرە.

سەبارەت بەبەرزبوونەوەی نرخ قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە « لەکۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز بڕیاردراوە، هەر بازرگان و دوکاندارێک بەبێ هۆکار نرخی کاڵاو شمەک بەرزبکاتەوە شوێنەکەی دادەخرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە».

محەمەد عەبدوڵا، فرۆشیارێکی شیرینی و شەربەتە لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ لەسەرەتای رەمەزاندا کزە، بەڵام هیچ ساڵیک وەک ئەمساڵ نەبووە، ساڵی گرانییەکە کاسبکار لەڕەمەزاندا پارەی شەش مانگی پەیدا دەکرد، بەڵام ئەمساڵ خەڵک پارەی پێ نییە.

وتیشی: موشتریمان کەمی کردووە بەراورد بەساڵانی رابردوو بەهۆی قەیرانەوە، چونکە خەڵک نانەکی گرنگترە هەیبێت تاشەربەت و شیرینی.

«ئەگەر ساڵانی رابردوو لەم کاتانەدا  ١٠ موشتەریمان هەبووایە، ئێستا شەش تا حەوت موشتەریمان هەیە« محەمەد عەبدوڵا وای وت.

عەلی قادر، یەکێکی دیکەیە لەفرۆشیارەکانی شاری سلێمانی و زیاتر لە ٣٠ ساڵە فرۆشگای پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتیانی هەیە و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەئێستادا بازاڕ سفرە ساڵ بەساڵ خراپتر دەبێت، ئەم بێبازاڕییە بووەتە مایەی زەرەرێکی زۆر بۆ کاسبکاران و دوکانداران.

وتیشی: ئەوەی کرێ دوکان دەدات کرێکەی دەرناهێنێتەوەو ئەوەشی لەشاگردێک زیاتری هەبووبێت هەموویانی ئیزن داوەو تەنها شاگردێکی لای خۆی هێشتووەتەوە.

عەلی قادر باسی لەوەشکرد کە نرخیان بەرز نەکردووەتەوەو هەمان نرخی ساڵانی رابردوو و پێش رەمەزانە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کەدەفتەری قەرزیان نەهێشتووە، چونکە دەفتەری قەرزیان هەیە نزیکی حەوت ملیۆن دیناریان لەقەرزدا هەیەو تائێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.

«ئەگەر ساڵان ١٠ موشتەریم هەبووایە ئێستا بووەتە موشتەرییەک یان دوو موشتەری« عەلی قادر وای وت.

ئەحمەد عوسمان، فرۆشیارێکی دوکانی مریشکەو لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بازاڕ زۆر سستەو ساڵی رابردوو لەم کاتەدا سێ شاگردم هەبوو فریای بەڕێکردنی موشتەرییەکان نەدەکەوتن، بەڵام ئەمساڵ یەک موشتەریم هەیەو بازاڕ لاوازە.

وتیشی: باشی و خراپی بازاڕ پەیوەستە بەموچەوە، هەرچەندە بەشێکی هاووڵاتیان بەقەرز پێداویستییەکانیان دەبەن، بەڵام بەو شێوەیەش بازاڕ هەو لاوازە.

«ئەگەر ساڵانی رابردوو ١٠ موشتەریم هەبووبێت، ئێستا تەنها دوو موشتەریم ماوە«. ئەحمەد عوسمان وای وت.

فاتمە عومەر، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵەو نیشتەجێی شاری سلێمانییە، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: خێزانێکی پێنج کەسیم هەیە و یەک سەرچاوەی داراییمان هەیە، ئەویش موچەی هاوسەرەکەمە، هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ بارودۆخمان خراپ نەبووە.

وتیشی: ئەمساڵ نیوەی ساڵانی رابردوو پێداویستی رەمەزانم کڕیوەو نیوی ئەوەشی کەکڕیومە بەقەرز هێناومە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار