بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بازاڕیان گەرمە

4 هەفتە لەمەوپێش



مەبەست سەعید

 

زیاتر لەحەوت ساڵ دەبێت تەندروستی سلێمانی بەدۆخێكی ناهەمواردا تێدەپەڕێت، چونکە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ناتوانێت گرفتی چاودێری چڕ چارەسەر بکات! هەرچەندە بەهۆی کۆرۆناوە ئامێری پێویست کڕدراون، بەڵام ژمارەی بێد (قەرەوێڵە)ەکان لەئاست خواستی نەخۆشدا نیە.  

تەندروستی سلێمانی دەڵێت ژمارەی بێدی چاودێری چڕ کەدەتوانرێت بخرێنەکار ١٢٥ بێدە، بەڵام لەئێستادا تەنها ٢٣ بێد کاری پێدەکرێت.  سەرچاوە تایبەتەکەی هاوڵاتی دەڵێت هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان کەڕێگری دەکەن لەکردنەوەی بێدی زیاتر. 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پلانی ئەوەی هەیە کە 20 بێدی چاودێری چڕ بەشێوەی نیمچە تایبەت بکرێتەوەو لەبری هەر شەوێک مانەوەی نەخۆش بڕی   150 هەزار دیناری عێراقی لێوەردەگیرێت. لەكاتێكدا گەر ئەو بە  120 بێدەی تر کەئامادەن و بخرێنەکار ئەوا هیچ رێگەیەک نامێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان، ئەو کات بەناچاری بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلیەکان بەناچاری دایدەخەن.

 سەرچاوەیەکی تایبەتی ناو تەندروستی، بەپەیامنێری هاوڵاتی راگەیاند: هەوڵی نەخۆشخانە ئەهلیەكان وایكردووە كەزیاتر لە 100 بەشی لەكاركەوتووی چاودێری چڕ لەسلێمانی نەكەونە كار، چونكە ئەگەر بەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە حكومییەكان كاربكەن هاووڵاتیان رووناكەنە نەخۆشخانە ئەهلیەكان. بەپێی زانیاریەكان هەندێك نەخۆشخانەی ئەهلی تەنها شەوێك مانەوە بەنزیكەی یەك ملیۆن دیناری عیراقی وەردەگیرێت.

كەمال عەبدولڕەحمان لێپرسراوی هۆبەی یاریدەدەری بێهۆشكاری بەهاوڵاتی وت: لەئێستادا بەهۆی كەمی كارەمەندی پزیشكی بێهۆشكارەوە پەستانێك خراوەتەسەر پارێزگای سلێمانی، بۆیە نەتوانراوە كارمەندی پێویست بۆ ئەم بەشە دابمەزرێندرێت، پاشان بەهۆی گرانی مانەوەی نەخۆش لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان بەتایبەت لەبەشی چاودێری ورد، وایكردووە هاووڵاتی خانوو ئۆتۆمبێل و كەرەستەكانی ماڵەكەی بفرۆشێت تاگەیشتووەتە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و جیابوونەوەی ژن و مێرد.

دكتۆر توانا سەرپەرشتیاری گشتی بەشی چاودێری وردو پزیشكی سڕكردن و بێهۆشكاری لەنەخۆشخانەی شار لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەکرد: هۆكاری بەكارنەخستنی بێدی نەخۆشخانە حكومییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو هۆكار، ئەوانیش نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی كە لەساڵی 2013 تائێستا هیچ كارمەندێك دانەمەزراوە لەو بوارەدا كەبتوانرێت بەتەواوی ئەو بەشە چالاك بكرێت. هۆكارێكی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا كەناتوانرێت كارمەندی چالاك بهێنرێتە بەشی چاودێری ورد. لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت لەئێستادا ناتوانرێت ئەو بەشە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان دابخرێت لەحاڵەتی رووداوی نەخوازراودا نەخۆشێك بهێندرێتە نەخۆشخانەی حكومی و بەهۆی پڕبوونەوەی بێدەكان لەنەخۆشخانەكە بەناچاری دەبێت ئەو نەخۆشە ببرێتە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی، گەر بێتوو لەو كاتەشدا ئەهلیەكان بەردەست نەبن نەخۆشەكە رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە.

هاوڵاتی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ناو تەندروستی هەندێک زانیاری تایبەت بەم بابەتەی دەستكەوتووە كەیەكێك لەهۆكارەكانی كارانەكردنی بێدەكانی نەخۆشخانە حكومییەكان دەگەڕێتەوە بۆ پزیشكەکان كە بەشێكیان لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان كاردەكەن.

سەرچاوەیەک بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد: ئەو پزیشكانەی لەبەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانەی شار دەستبەكاربوون هەمان ئەو پزیشكانەن كە لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان كاردەكەن، پزیشكێك لەنەخۆشخانەی ئەهلی 200 بۆ 300 هەزار دیناری عێراقی دەستدەكەوێت لەنەشتەرگەریەكدا، بەڵام لەنەخۆشخانەی حكومی بەم شێوەیە نیە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: ئەگەر بێدەكانی نەخۆشخانە حكومیەكان زیادبكرێن كاری نەخۆشخانە ئەهلیەكان لاواز دەبێت، هەروەها وتی: ئەوەی ئێستا هەیە بازرگانی كردنە لەناو نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا، بەتایبەت بەشی چاودێری ورد كەبازاڕێكی باشی بۆ ئەو پزیشكانە دروستكردوە كەكار لەم بەشەدا دەكەن.

بەپێیی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون لەكۆی 125 بێدی چاودێری ورد لەنەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی، تەنها 23 لەو ئامێرو بێدانە كاری پێدەكرێت، ئەگەرچی هەندێك لەو بەشانە بەكاردەهێنرێت بۆ بابەتی ترو بەشی تری تەندروستی، دابەشبوونی بێدی چاودێری ورد بەم شێوەیەیە لەسلێمانی (لەكۆی هەبوونی 40 بێد لەنەخۆشخانەی شار تەنها 18 بید كاردەكات، نەخۆشخانەی تایبەت بەهەرس و جگەر لەكۆی هەشت بید هیچی كارناكات، نەخۆشخانەی تەعلیمی لەكۆی 10 بێد – هیچی وەك بەشی چاودێری چڕ بەكارنایەت، نەخۆشخانەی ئەڵمانی لەكۆی 40 بێد هیچی كارناكات، نەخۆشخانەی كەنەدی لەكۆی 20 بێد ئەمیش هیچ لە بێدەكان تایبەت بەچاودێری ورد كارناكەن، لەشارۆچكەی چەمچەماڵ كەخاوەنی دوو بێدە هیچ لەو دووانە كارناكەن، ئەوەی دەمێنێتەوە نەخۆشخانەی دڵە لەسلێمانی کە لەكۆی پێنج بێد سەرجەمیان لەكاردان).

لەدەرەنجامدا سەرەڕای نالەباری باری دارایی و ئابوری و کەمدەرامەتی هاووڵاتیان، لەئێستادا نەکردنەوەی تەواوی بێدەکانی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانە حکومیەکاندا سەرەڕای ئەو ململانێیانەی بوونەتە هۆکاری کارنەکردنی تەواوی بێدەکان، چەندین هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی نەکردنەوەو کارنەکردنی بێدەکانی نەخۆشخانە حکومیەکان، لەوانە: دواکەوتنی موچەو لاوازی وەزارەت لەچاودێریکردنی دەوامی پزیشک و کارمەند، دانەمەزراندن و هەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار