شەڕی نێوخۆ بەرەنجامی هەژاری یان غیابی ديمۆکراسییە

4 هەفتە لەمەوپێش



نەبەز ئەحمەد

نووسەری ئەمەریکی Barbara Walter لەدواهەمین کتێبی خۆیدا  how civil wars start چۆن شەڕی نێوخۆ دەستپێدەکات بەمیتۆدێکی زۆر زانستیانەو داهێنەرانە گەشە بەتیۆرەیەکی گشگیر دەدات دەربارەی شەڕی نێوخۆو فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی لەتەواوی وڵاتانی جیهاندا. ئەم کتێبە کەدەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو بەتایبەت لەئەمەریکا دوای رووداوەکانی January 6 کە لایەنگرانی ترامپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس کە بە Capitol attack ناسراوە، تەواوی لێکۆڵەرەوانی زانستی سیاسیەت و چاودێرانی سیاسی لەدۆخێکی سوپرایز خۆیان بینیەوەو بەتەواوی کەوتنە گومان لەتێگەیشتن لەگۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەوەی چۆن هەڕەشەی شەڕی نێوخۆ هێندە نزیک کەوتۆتەوەو بەم قەبارە گەورەیە بوونی هەبووە بەڵام کەس هەستی پێنەکردووە. بڵاوبونەوەی کتێبەکە بەڕێکەوت ماوەیەکی کەم دوای پەلامارەکەی کۆنگرێس بڵاوکرایەوە لەبنەڕەتدا بریتی نەبوو لەکاردانەوەی لێکۆڵینەوە لەم رووداوانە، بەپێچەوانەوە ئەم کتێبە بەرهەمی کارێکی چڕو ماوە درێژە بۆ تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی تیۆرەیەکی گشگیر دەربارەی شەڕی نێوخۆ لەسەردەمی تێکنۆلۆژیادا. سەرنجڕاکێشی تیۆرەکەی باربرە لەمەدایە کە سنوری ئەم ئەدەبیاتە ئەکادیمیەی تێپەڕاندوە کە پێی وایە گەشەکردنی ئابوری و تێکنۆلۆژی، یەکسانیەکی رێژەیی کۆمەڵایەتی، هەروەها سەربەخۆیی دادوەری دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕی نێوخۆ، بەمانایەکی تر ئەم تیۆرە ترادشناڵەی کە پێی وایە وڵاتە پێشکەوتوەکان و ئەم وڵاتانەی کە خاوەن ئابوریەکی بەهێزن بەمسۆگەری لەشەڕی نێوخۆ دورن ئامانجی یەکەمی  رەخنەکەی باربرە بوو. لەبەرامبەر ئەمەدا باربرە گەشە بەتیۆریەکی پێچەوانە و دژ دەدات کەسەنتەری ئارگیۆمێنتەکەی بریتیە لەدانانی پێوەری ديمۆکراسی بوونی سیستەمی دەوڵەت و حوکمڕانی وەک تاکە پێوەر بۆ تێگەیشتن و دەستنیشانکردنی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ، بەواتایەکی تر ئەم تیۆرەیە دوورو نزیکی لەسیستەمی ديمۆکراسی کامڵ وەک تاکە مەرجی سەرەکی ئەگەری بوون و نەبوونی شەڕی نێوخۆ پێشکەش دەکات، واتا دوورو نزیکی لەديمۆکراسی بەمانای ئەوەی کە سیستەمەکە سیستەمێکی نیمچە ديمۆکراسی یان ئەنۆکراسی یان ناديمۆکراسیە. باربرە بەم دەرەنجامە دەگات کە تاسیستمێکی ديمۆکراسی بەهێزو خاوەن ئەزموون بوونی هەبێ ئەگەری شەڕی نێوخۆ لاوازو نەکردەیە، بەپێچەوانەکەشی تا سیستمی ديمۆکراسی لەرزۆک و کەم ئەزمون بێت زیاترو زیاتر ئاگری شەڕەکە خۆشتر دەکات، هەروەها ئەگەر سیستەمەکە ناديمۆکراسی بێت ئەوا ژێرخانی شەڕی نێوخۆ بەپتەوی دادەڕێژێت و ئامادەی دەکات بۆ روودانی، سەرەڕای ئەم فاکتەی کە سیستەمە ناديمۆکراسیەکانی وەک تۆتالیتارو تاکڕەوەکان رەنگە بەهۆی هێزی سەرکوتکاریان بۆ ماوەیەک رێگا لەشەڕی نێوخۆ بگرن، بەڵام بوونی دەکاتە شتێکی بەڵگەنەویست لەداهاتوودا، ئەمەش بەتەواوی لەم کاتە بەدی دێت کە پێی دەڵین قۆناغی گواستنەوە، باربرە ئەم قۆناغە بەدایکی سەرجەم شەڕە نێوخۆییەکانی دادەنێت، بەتایبەت گواستنەوە لە ناديمۆکراسی بەرەو ديمۆکراسی زۆر تراژیدیانە ئەگەری شەڕی نێوخۆ دەکاتە بوونێکی بەڵگەنەویست.

سەڕەرای ئەم فاکتەی کەسەرهەڵدان و جۆری شەڕە نێوخۆییەکان لەم سەدەیە تەواو جیاوازە بەبەراورد بەسەدەی رابردوو، بۆ نموونە ئەگەری بەیەکدادانی دوو گروپی گەورەی چەکداری لەشەڕی راستەوخۆی جەبهەیی کە خاسیەتی شەڕە نێوخۆیەکانی سەدەی رابردوو بوو ئەستەمە لەم سەدەیە تێبینی بکرێت، تەنانەت لەشەڕی نێوخۆی سوریاو عێراقیش ئەم خاسیەتە نادۆزینەوە (هەروەک بینیمان تەنانەت سوپای سوریای ئازادیش لەدەیان گڕوپی بچووک و جیاوازتر پێکهاتبوو کەزۆر بەکەمی خاڵی هاوبەشیان هەبوو، ئەمە جگە لەدەیان گڕوپی جیاوازتر لەدەرەوەی ئەم رێکخراوە، هەوەها لەعێراقیش تەنانەت لەنێو سوننەو شیعەکانیش دەیان رێكخراوی جیاواز هەبوو کەزۆر دوورو جیاواز لەیەکتری بیریان دەکردەوە)، شەڕە نێوخۆییەکانی سەدەی بیستویەک لەهەر وڵاتێک کە تەشەنە دەسەنێت زیاتر لەگروپ و لایەنێک بەشدارە، جۆرەها گڕوپ و کاراکتەری جیاجیا شەڕی یەکتری لەلایەک لەگەڵ دەوڵەتیش لەلایەکی تر دەکەن کە هەریەکەیان ئامانج و داواکاری زۆر جیا لەیەکتریان هەیەو پیادەی شەڕی گەریلای و نانەوەی ئاژاوە لەشارە گەورەکان دەکەن و خەڵکی مەدەنیش زیاتر بەئامانج دەگرن، بەڵام سەرەڕای ئەم ئاڵۆزیە لە کاراکتەرەکان وەک باربرە روونی دەکاتەوە کەچی شەڕە نێوخۆییەکان خاسیەتێکی باڵای هاوبەشیان هەیە کەجەوهەری ناسێنەرو خاڵی بەیەکەوە بەستنەوەی تەواویانە، ئەمیش بریتیە لەکۆمەڵێک نیشانەو ئاماژەی پێش هەڵایسانی شەڕەکە کەدۆخێکی ناسەقامگیر دروست دەکەن لەهەر وڵاتێک بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی پێگە ئابوریەکەی، دواجار هەنگاونان بەرەو شەڕی نێوخۆ دەکەن بەئەمری واقع. ئەم تیۆرەیە پێشنیاری ئەوە دەکات کەشەڕی نێوخۆ بۆ فەراهەم بوون و هەڵایسانی پەیڕەوی لەیەک ریتم و رەچەتەی تایبەت بەخۆی دەکات، بۆیە دەکرێت بەتێگەیشتن و تێبینیکردنی ئەم رەچەتەیە پێشبینی شەڕی نێوخۆ بکرێت لەتەواوی وڵاتانی جیهان، جا ئەمە بۆ نموونە لە ئایرلەندای باکور یان لەسوریا، لەئۆکرانیا یان لەعێراق بێت، لەهەر کوێیەک ئەم رەچەتەیە ئەم کۆ نیشانەیە دەستنیشان کرا ئەوا ئەم وڵاتە یان ئەم هەرێمە بەرەو شەڕی نێوخۆ هەنگاو دەنیت.

 وەک دەردەکەوێت رەنگە هەرکەسێک گومان لەمە بکات کەڕەچەتەیەکی ئاوا گشتگیر چۆن دەکرێت بەسەر وڵاتانی جیهاندا بگشتێنرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە کەلتوری، سیاسی، ئابوری، جیۆگرافی و کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام هەڵبەتە تیۆرەکە بەبی پێرەوکردنی میتۆدی زانستی بەم دەرەنجامە نەگەیشتوە، سەڕەڕای ئەوەی کە باربرە واڵتەر خۆی پرۆفێسۆری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانە لەزانکۆکانی کالیفۆرنیا و ساندیاگۆ، لەهەمان کاتیشدا ئەندامێکی چالاکی پڕۆژەی توێژینەوەی PITF بوو کەدەزگایەکی فەرمی حکومەتی ئەمەریکایە یان دەتوانین بڵێین بەشێکە لەدەزگای CIA کە بەوردی چاودێری دۆخی سیاسی وڵاتان دەکات بۆ دەستنیشان کردنی فاکتەرەکانی تەشەنەسەندنی نائارامی و شەڕی نێوخۆ ( هەڵبەتە کاری سەرەکی ئەم دەزگایە ئەوەیە بەر لەڕوودانی شەڕی نێوخۆ ئەم دەزگایە دەبێ بەدوو ساڵ پێشتر پێشبینی شەڕەکە بکات) ، ئەم دەزگایە تائێستا توانیویەتی زۆر بەوردی چەند ساڵێک بەر لەڕوودانی شەڕی نێوخۆ ئەم وڵات و هەرێمانە دەستنیشان بکات کە بەرەو شەڕی نێوخۆو نائارامی هەنگاویان ناوە، بۆ نموونە هەر زوو پێشبینی شەڕی نێوخۆی یۆگسلاڤیایی کردو دوای ئەمەش تائێستا بەباشترین سەرچاوەی تێگەیشتن لەسەرهەڵدانی نائارامیيەکان و دەستنیشانکردنی دەوڵەتە شکستخواردووەکان دادەنرێت لەتەواوی جیهاندا. ئەم دەزگایە لەپێوەرە ستاندارەکانی خۆیدا بۆ دەستنیشانکردنی دوورو نزیکی لە نائارامی و ئاژاوە پشت بەکۆمەڵە دەیتایەکی زۆر گەورەو بەرفراوان دەبەستێت کە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تەواوی ئامارەکانی شەڕو نائارامیە نێوخۆییەکانی وڵاتانی تۆمارکردوە لەتەواوی جیهان، جەوهەری ئەم زانیاریەی کە لەم دەیتایە دەست کەوتووە ئەوەیە کە ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنن دوورکەوتنەوە لەديمۆکراسی و هەنگاونان بۆ نزیکبوونەوە لە ناديمۆکراسی (کە تەواوی سیستمە تاکڕەوو تۆتالیتارو دکتاتۆرەکان و نیمچە ديمۆکراسیەکان دەگرێتەوە) نائارامی و شەڕ لەگەڵ خۆیدا دێنێت، هەڵبەتە بۆ زۆر کەس ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێ یان سەرنجڕاکێش نیە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەم ئامارانە لەهەمانکاتدا ئەمەش دەسەلمێنن کەوەرگەڕان و هەنگاونان لە ناديمۆکراسی بەرەو ديمۆکراسیەت واتا پڕۆسەی بەديمۆکراسی بوونیش هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی نائارامی و شەڕە نێوخۆییەکانە، بەجۆریک لەگەڵ خێرابوون و گەشەکردنی پڕۆسەی ديمۆکراسی، پڕۆسەی شەڕە نێوخۆییەکانیش گەشەیانکردووە، لەساڵی 1870 بەنزیکەیی هیچ وڵاتێک شەڕی نێوخۆی نەبووە، بەڵام تاساڵی 1992 زیاتر لە 50 وڵات شەڕی نێوخۆیان هەبووە.

بۆ دەستنیشانکردنی پێوەری ديمۆکراسی و تاکڕەوی(autocracy) و نیمچە ديمۆکراسی (anocracy) دەیتا سێتەکە پێوەری رێکخراوی polity project at the centre for systemic peace بەکاردەهێنێت کەڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و پێوەرەکەی بەم جۆرەیە: پێوەرەکە لەمیزانێکی 21 خاڵ پێکهاتووە کە تیایدا -10 بریتە لەسیستمێکی زۆر تاکڕەو و تۆتالیتاری، لەبەرامبەردا +10 بریتیە لەسیستمیکی زۆر ديمۆکراسی. ئەم وڵاتانەی کە پێیان دەوترێت ديمۆکراسی تەواو ئەم وڵاتانەن کە ئەم رێکخراوە لەنێوان +6 بۆ +10 خاڵی پێداون، وڵاتانی وەک سکەندەناڤیەکان و نیوزیلاند و کەنەدا نموونەی ئەم وڵاتانەن. ئەم وڵاتانەشی کە خاڵەکانیان لەنێوان -6 بۆ -10 دایە ئەوا بەسیستمی تاکڕەوو ئۆتۆکراتی دادەنرێن، وڵاتانی وەک کۆریای باکورو سعودیەو بەحرێن نموونەی بەرچاون. ئەوەی کە گرنگ و مایەی بایەخپێدانە ئەم وڵاتانەن کەخاڵەکانیان دەکەوێتە نێوان -5 بۆ +5 کە ئەم وڵاتانە پێیان دەوترێت ئەنۆکراسی یان نیمچە ديمۆکراسی یان لەهاتوچۆدان لەنێوان ديمۆکراسی و تاکڕەوی، تورکیای هاوسێمان نموونەیەکی قەشەنگی ئەنۆکراسیە.

PITF بە پشتبەستن بەم دەیتاو پێوەرانە بەم ئەنجامە گەیشتووە کە سیستمی ئەنۆکراسی (واتا نە دیمۆکراسی نە تاکڕەوی یان نیمچە ديمۆکراسی) ژینگەی لەبارو گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی شەڕی نێوخۆ، هەر وڵاتێک خاڵەکانی نزیک ببێتەوە لەم سیستەمە ئەوا بەدڵنیایيەوە هەنگاوەکانی نزیکە لەئاژاوەی نێوخۆيی، لەبەرامبەریشدا دیمۆکراسی کامڵ و تاكڕەوی رەها لەشێوەی تۆتالیتارو دکتاتۆریەت ژینگەی لەبار نین بۆ شەڕی نێوخۆيی، چونکە لەیەکەمیان تەواوی گڕوپ و کاراکتەرەکان دەرفەتی بەشداریيان هەیە لەحوکمڕانی و بەشداری سیاسی، لەدووهەمیشیان هیج گڕوپ و لایەنێک رێگای پێنادرێت دروست ببێت یان یاخی ببێت، بەمەش لەڕێگای زۆرداری رەها سەرجەم دەنگە جیاوازەکان سەرکوت دەکرێن. ئەنۆکراسی بەهۆی ئەم خاسیەتە تایبەتیانەی کەهەیەتی تاکە خزمەت بەسیستەمی سیاسی بکات ئەوەیە کە ئاژاوە بەرهەمدەهێنێت، هۆکارەکانی پشتی ئەمەش زۆرن بەڵام سەرەکیترینیان بریتین لەمەی کە لەم سیستەمە هەمیشە دۆڕاوو براوەی یەکلا کەرەوە هەیە، لەبەرئەوەی گۆڕانکاریەکان لەم سیستەمە یەکلاکەرەوە و رادیکاڵن بەوەی هەر هێزێک کە دەسەڵات دەگرێتە دەست سیستەمی حوکمڕانی لەهێڵی ناوەڕاست بەرەو جەمسەرێکی جیاواز دەبات، یان بەرەو پڕۆسەیەکی ديمۆکراسی خێراو بەپەلە یان بەرەو تاکڕەویەکی زۆر توند بۆ سەرکوتکردنی تەواوی دەنگە ناڕازیەکان، بۆیە ئەگەر سەیری نموونە واقعیيەکان بکەین دەبینین تەواوی هەوڵەکانی پڕۆسەی بەخێرايی بەديمۆکراسی کردن هەمیشە شەڕو پشێویەکی تری نێوخۆییان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەم حکومەتەی کەئەم هەوڵە دەدات لاوازو کەم هەژمونە لەڕووی سیاسی و سەربازی و دەستوریەوە، لەهەمان کاتیشا پێویستی بەسەرکەوتنی خێراو یەکلا کەرەوە هەیە، بەڵام بەوەی نوێیە لەپراکتیکردنی دەسەڵاتدا بۆیە هەژمونی کەمەو گڕوپە ناڕازیەکان ئەوانەی کەزیانمەندی پڕۆسەکەن ئاسان دەتوانن لێی یاخی ببن، لەدۆخی بەرەو تاکڕەویش هەمان دیاردە دووبارە دەبێتەوە، بەوەی ئەم حکومەتەی کە دەیەوێت دەسەڵات بەرەو تاکڕەوی بەرێت بەهۆی ئەوەی کەتازەیە دەسەڵاتی بەهێزو توندی نیە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بسەپێنێت و ناڕازیەکان سەرکوت بکات و دڵسۆزی خەڵکی بەدەست بێنێت، بۆیە یاخیبوون ئاسانترە لێی پێش ئەوەی شوێن پێگەی خۆی قایم بکات.

هەڵبەتە تەواوی تیۆرەکەی باربرە بەرەو ئەم ئاراستەیە هەنگاو دەنێت کە فاکتەرە سیاسيیەکان بەتایبەت دوورو نزیکی لەسیستمی ديمۆکراسی بەوەی هاووڵاتیان تا چەند دەتوانن داواکانیان لەڕێگای سیستمی سیاسی بگەێنن و توانای دەسەڵاتی خۆیان لەم رێگایە تاقی بکەنەوە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەسەقامگیری نێوخۆيی و دوورو نزیکی لەشەڕی نێوخۆيی، ئەم تیۆرەیە پشت دەکاتە فاکتەرە ئابوریەکان کەئەدەبیاتێکی گەورە کار لەسەر ئەمە دەکات. تەواوی نموونە واقعیيەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە بەدرێژايی مێژووی مرۆڤایەتی هاووڵاتیان دەتوانن بەرگەی نەهامەتی و هەژاری زۆر سەخت بگرن، دەتوانن بەرگەی ئازارو ناعەدالەتی بەئێش بگرن، لەزۆر دۆخ و سەردەمدا قبوڵی سەختی و دواکەوتن بکەن، بەڵام تاکە شتێک کەهەرگیز ناتوانن بەرگەی بگرن ئەویش لەدەستدانی ئومێدە، ئەم دۆخەی کەسەرچاوەی تەواوی راپەڕین و یاخی بوونەکانە، وزەی گەورەی خەڵکە کاتێک سەیری داهاتوی خۆیان دەکەن جگە لەنائومێدی شتێکی تر نیە جگە لەئازاری زیاتر شتێکی تر چاوەڕێیان ناکات، لەدەرەنجامدا دەست بۆ هەمو شتێک دەبەن و یاخی بوون و ئاژاوە دەبێتە تاکە سەرچاوەی گۆڕین و رزگاربوون لەم دۆخە. باربرە زۆر هۆشیارانە فاکتی سیاسی پێش ئابوری دەخات و پێداگیری لەسەر ئەمە دەکات کە لەخراپترین دۆخی ئابوریش خەڵک ئومێد لەدەست نادات چونکە مرۆڤ بەسروشت بوونەوەرێکی ئومێدخوازە، مرۆڤ باوەڕ بەخۆی دەهێنێت کە شتەکان لەداهاتوو باشتر دەبن هەرچەندە دۆخەکە زۆر کارەساتە لە ئێستایا کەچی بەهەوڵدان دەتوانرێت باشتربکرێت، هەر ئەمەشە وادەکات بەرگەی واقع بگرن، بەڵام بەتەنیا ئەمە بەس نیە، بۆ ئەوەی ئومێد ببێتە هۆی قبوڵکردنی دۆخە سەختەکە ئەوا نادڵنیايی دەبێ هەبێ، پێویستە سیستەمی سیاسی تەواوی ئەگەرەکانی خۆی دەرنەخستبێ، دواهەمین هەوڵ و ئەگەرەکانی نيشان نەدابێت پێویستە خەڵک چاویان لەنادیار بڕیبێت و ئومێد بکەن، بەڵام هەرکات هاووڵاتیان بۆیان دەرکەوت سیستەمەکە چیتر ئەگەرو ئومێدی تری لەخۆیدا هەڵنەگرتووە ئیتر دەست بۆ یاخیبوون و توندوتیژی درێژ دەکەن.

هەڵبەتە بەسەیرکردنێکی خێرای دەرەنجامەکانی ئەم تیۆرەیە بۆمان دەردەکەوێت کەئێمە لەباشوری کوردستان بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەرەو تەقینەوەی شەڕێکی تری نێوخۆی دەچین، هەڵبەتە دەرەنجامەکان بۆ هەموومان ئاشکران کە شەڕی یەکەم نەبۆتە هۆی یەکلاکردنەوەی گرفتە سیاسیيەکە، ئەزموونی رابردووش پێمان دەڵیت کەهەر شەڕێک بەرهەمی شەڕێکی ترە کەتەواو نەکراوە، واتا براوە و دۆڕاوی یەکلاکەرەوەی تیادا نەبووە، بەگوێرەی ئامارێکی بانکی جیهانی سێ لەچواری شەڕە نێوخۆیەکان کە روویانداوە بەشێک بوونە لەشەڕێکی پێشووتر کەتەواو نەکراون (مەبەست لەتەواونەکران ئەوەیە کەهیج لایەنێک براوە نەبووە یان گرفتەکە چارەسەرنەکراوە کە بۆتەهۆی هەڵایسانی شەڕ)، لەهەمان کاتیشدا هەر وڵاتێک توانیبێتی رێگری لەسەرهەڵدانەوەی ئەم شەڕە بکات ئەوا بەهۆی ئەوە بووە کە شەڕی یەکەم بەلاداخراوەو لەهەمان کاتیشدا ئاستی سیستمی ديمۆکراسیش بۆ دوو ئەوەنە بەرزکراوەتەوە. ئەوەی ئێستا لەهەرێمی کوردستان دەگوزەرێت جگە لەمەی کەئەم دوو هێزە واتا پارتی و یەکێتی نەیانتوانی شەڕی یەکەم بەلادابخەن و حوکمڕانیەکی ئۆتۆکراسی دابمەزرێنن دواجار بەبێ ویستی خۆشیان لەدۆخی ئەنۆکراسی گیرسانەوە. هەڵبەتە گومان لەمەدانیە کە ئەم دوو هێزە دوو هێزی سیاسی ئۆتۆکراسی و دژە دیمۆکراسین قسەکردن لەسەر ئەمە کۆتايی هاتووە و پێموانیە هیچ مرۆڤێکی خاوەن هۆش لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆبکات، بەڵام لەدەرەنجامێکی نەویستراوو رێکەوتنێکی سەیرو سەمەرەدا بەسەر سیستمێکی کۆميدی ئەنۆکراسیدا کەوتون کەهیچ کامیان ناتوانێت بەڕەهای کۆنتڕۆلی دەسەڵات بکات و سیستمیکی ئۆتۆکراسی دابمەزرێنێت، لەهەمان کاتیشدا وەک باسمانکرد دژی هەر سیستمێکی ديمۆکراسین و رێگری لێدەکەن، هەڵبەتە ستایلی ئەم ئەنۆکراسیە جیاوازترە لەسیستمی ئەم وڵاتانەی کەخاوەنی ئەنۆکراسی راستەقینەن، بەوەی لەم وڵاتانە دەرفەتی کەمێک گۆڕانکاری هەیە چی بەئاراستەی ديمۆکراسی یان ئۆتۆکراسی لەگەڵ کەمێک لە مافە سیاسیيەکان، بەڵام لەهەرێمی کوردستان ئەنۆکراسی فۆرمێکی تایبەتی وەرگرتووە، بووەتە سیستەمێک کە خزمەت تەنیا بەبوونی خۆی دەکات، لەشوێنی ئەوەی وەسیلە بێت کەچی خودی خۆی بووەتە ئامانج، ئەنۆکراسی کە لەبنەڕەتدا سیستمێکە لەدەرەنجامی گۆڕانکاری لەسیستەمەکانی تر دروست دەبێت و قۆناغی گواستنەوەیە کەچی لەم فۆڕمەی کە لەباشوری کوردستان هەیە بووەتە فۆڕمێکی سەربەخۆو تەواوی پەیوەندیيەکانی پچڕاندوە لەگەڵ سیستەمەکانی تر، سەرجەم رێگاکانی خزانی بەهەرلایەکدا بەتەواوی داخستوەو بەتەنیا خزمەتی یەک ئامانج دەکات ئەویش هێشتنەوەی دۆخەکە لەنێوەڕاست بۆ ئەبەد، واتا ژیان لەسەر پردەکە نەوەک پەڕینەوە بەسەریدا. هەڵبەتە هێشتنەوەی ئەم دۆخە بەم جۆرە یەک دەرەنجامی دەبێت جا ئەمە لەداهاتوی دوور بێت یان نزیک، ئەویش ئامادەکاریە بۆ قۆستنەوەی هەر دەرفەتێکی گونجاو بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕەکە کە یەکلا نەکراوەتەوە بۆ بەلاداخستنی گرفتە سیاسیيەکە لە رێگای هێز، بۆیە تا ئەم دەرفەتە دەڕەخسێت پێویست دەکات سیستمی حوکمڕانی رێگەی لێبگیرێت لەنێوان ئۆتۆکراسی و ديمۆکراسی بەلایکدا بکەوێت چونکە ئەم دوو هێزە لەهەردوو ئەگەرەکە دۆڕاون، دیمۆکراسی یان ئۆتۆکراسی هەرکامیان بێت بوونیان دەخاتە مەترسیيەوە، هەقیقەتی سیاسی بەجۆرێکە کە هیچ کامیان هێندە بەهێز نین بەتەنیا بتوانێت نەیارەکەی بسڕێتەوە، ناشتوانن بەتەنیا سۆزی تەواوی جەماوەر رابکێشن بەهۆی نەبوونی هەژموونی سیاسی و سەربازی، بۆیە ئەم دۆخە سیاسيیە باشترین وەڵامە کەسیستمی حوکمڕانی تا نزمترین ئاست بێ کاریگەر و بێ هێز بکرێت بۆ ئەوەی هیچ کامیان نە سودمەند نە زەرەرمەندی تەواوبن لەسیستمی حوکمڕانی.

هەڵبەتە ئەم بۆچونەی کەپێی وایە ئەم دوو هێزە لەئەساسدا بەدوای دروستکردنی سیستمێکی گشگیردا نەبوونە زیاتر دوو هێزی لۆکاڵی و ناوچەیین بۆچونێکی پڕ گرفتە چونکە ئەم دەسەڵاتە ناوچەییە کە پارتی و یەکێتی خاوەنداری دەکەن هەرگیز ناتوانێت گەرەنتی بێت و هەست بەئاسایش و ئارامی بەرهەم بهێنیت بەبێ سەپاندنی سیستمێکی ئۆتۆکرات و گشگیر کە خاڵی بێت لەپێشبڕکێکار، واتا تا یەکێکیان بوونی هەبێت ئەوەی تریان ناتوانێت لەئارامیدا بژێت، هەروەها وەک لەتیۆرەکەی باربرەشدا ئاماژەی پێدراوە هاوسەنگی و هاوتوانایی هێزەکان هۆکارێکی سەرەکیە بۆ هەڵایسانی شەڕەکە بەوەی کە توانایان لەیەک نزیکە بەمەش ئەگەری بردنەوەو دۆڕانیان زۆر بەرزە، بۆیە ئەم دوو هیزە ناتوانن یەکتری وەک مەترسی نەبینن. هەڵبەتە ئەمە بۆ هەرکەس روونە کە هێزێکی ئۆتۆکرات هەرگیز ناتوانێت هەست بەئاسایش بکات کە هێزێکی تری ئۆتۆکرات هاوشانی بوونی هەبێت و هەڕەشە بێت لەسەری، لەهەمانکاتیشدا دوو هێزی ئۆتۆکرات هەرگیز ناتوانن دەسەڵات بەش بکەن، بەڵکو دەرفەتی هەڵایسانی شەڕ زیاتر دەکەن، تیۆرەی ئاشتی ديمۆکراسی کە تیۆرەیەکی زۆر بەربڵاوەو لەواقعدا بەڵگەو ئەزموونی زۆری هەیە ئاماژە بەوە دەکات کەدەوڵەتە دیمۆکراسیەکان ناچنە شەڕ لەگەڵ یەکتری و کەمترین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوانیان رووبدات بەڵام ئۆتۆکراتەکان زۆرتین هۆکاریان هەیە شەڕ هەڵبگیرسێنن لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ وڵاتە ديمۆکراسیەکان، مێژووش ئەوەی سەلماندە کەزۆرترین شەڕەکان بریتی بوون لەم شەڕانەی کە لەنێوان ئۆتۆکراتەکان روویداوە یان ئەوان هۆکاری سەرەکی بوونە لەهەڵگیرساندنی.

ئەم دۆخە لە ئەنۆکراسی وەک سیستەمی سیاسی کە لەسەرەوە باسمان کرد دەرفەتی چارەسەری ئاشتیانەی بەتەواوی لەنێوبردووە، چونکە هەر هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لەم دۆخە چەقبەستوە دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئەم دوو هێزە، هاوکێشەکە لەنێوان سفر یان کۆی گشتی چەقی بەستوە، هیچ کامیان هەست بەئارامی و ئاسایش ناکەن لەدەرەوەی دەسەڵات چونکە یاریەکە دۆڕاو براوەی ئەبەدی تیایە.

هەڵبەتە ئەمەش روونە کەهێزی ئۆتۆکرات بەهەمان لۆژیک لەگەڵ هەر هێزو گروپێک مامەڵە دەکات هەرچەندە گروپەکە مەترسی جددیشی نەبێت بۆ کۆنترۆلکردنی تەواوی دەسەڵات چونکە لەم لۆژیکە تەنیا شوێنی یەک دونیابینی و هێز هەیە، هەر گڕوپێک لەگەڵی نەبێ هەڕەشەیە، بەم شێوەیە هەر هێزێکی تری دەرەوەی ئەم دوو هێزە سیاسیەی هەرێمی کوردستان ئامانجی راستەقینەی گۆڕانکاری بێت ئەوا جگە لەڕێگای توندوتیژی و یاخیبوون دەرفەتی تری لەبەردەمدا نیە، هەر هەوڵێکی تر لە باشترین حاڵەتدا کۆمیدیایەکی ناشرینی وەک بزوتنەوەی گۆڕانی لێ دەردەچێت. هەروەک لەسەرەوەش روونمان کردەوە کە لەڕوانگەی ئەم تیۆرەوە وزەیەکی بەهێزی پشتی یاخیبوونەکان بریتیە لەئاوابوونی ئومێد، نەمانی هەستی دڵنیایی لای هاووڵاتیان کەبارودۆخەکە لەداهاتوو گۆڕانکاریەک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەوەی لای هاووڵاتی گرنگە ئەوەیە هەست بەوە بکەن شتێک دەگۆڕێت لەداهاتوودا، گرنگ نیە گۆڕانکاریەکە چەندە سودیان پێ دەگەێنێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەست بەوە نەکەن کەدەرگاکان بەتەواوی داخراون، بەسەیرکردنی دۆخی راستەقینەی دونیای ئێمە لەئێستادا دوو دۆخی دەروونی هەیە دەربارەی ئومێد، یەکێکیان سەر بەدونیای دوو هێزە ئۆتۆکراتەکەوەیە (پارتی و یەکێتی) ئەوەی تریان سەر بەدونیای هاووڵاتیانەوەیە، لەیەکەمیان ئومێد بریتیە لەم دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کەدەرفەتی گونجاو دێتە پێشەوە بۆ سڕینەوەی نەیارەکەی و دروستکردنی سیستمێکی سیاسی لەسەر بنەمای دونیابینیەکەی، لەدوهەمینیان ئومێد بریتیە لەنادیارێک لەپانتایەکی رەش کە بەمانایەکی تر بریتیە لەنائومێدی، هەڵبەتە لەدێڕەکانی سەرەوە روونمان کردەوە ئەم نائومێدیە چی دەگەێنێت و چی بەرهەمدەهێنێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار