وریای ئاژەڵەکەی ناخی خۆتبە!!

3 هەفتە لەمەوپێش



محەمەد خۆشناو

لەناخی هەموو مرۆڤێکدا ئاژەڵێک وەرکەوتووە ، ئەگەر لە یەکێک بپرسیت کە ئایا لەو بڕوایەدای کە ئاژەڵێک لەناخدا هەیە ؟ دەزانیت ئەو ئاژەڵە چ جۆرێکە و چیت لێدەکات ؟!  لەوانەیە کەسەکە گاڵتەت پێبکات لێت تووڕەبیت و ئەمە بە بێڕێزی و ئیهانە دابنێت!!

بەدریژایی مێژوو ،  مرۆڤ بە چەندین شێواز سەیری ئاژەڵی کردووە و بۆچوونی مرۆڤ بۆ ئاژەڵ جیاواز بووە ، یان لێیترساوە یان خواستی ئەوەی هەبووە بەخێوی بکات بۆ سوودوەرگرتن لێی لە زۆربەی کاروبارەکانی ژیاندا…..یەکێک لە هزرمەندە هاوچەرخەکانی ئەڵمانیا ، دەستەواژەیەکی هەیە کە نامۆ نیە لە عەقلی خۆرئاواییدا کە دەڵیت :- (ئەگەر لەو ئاژەڵە تێنەگەین کە لەئێمەدایە ، کەواتە لەخۆشمان تێناگەین ) جا ئەو ئاژەڵەی لەناخی ئێمەی خۆرهەڵاتیدا هەیە جیاوازە لەگەڵ هی ئەوان ، ئاژەڵەکەی ناخی ئەوان بەدریژایی مێژوو سەدان کارەساتی گەورە و جەرگبڕی ئەنجامداوە و کپ بووە ، بەڵام هی ئێمە هەمیشە بە ئاگاو لەسەر پێیە و هێشتا ماوە ئەو قۆناغانە ببڕێت !! ئەو ئاژەڵە کە لەناوچەی بێئاگایی و نەستی مرۆبدا لەچەرکەساتە ڕەشەکاندا بە ئاگا دەهێنریتەوە  ، دەبێتە دڕندەیەک ، دڕندەی ڕق و تووڕەیی و ئاگری هەوەس و هەڵسانەوەی کینەی خەفەکراو و دەستدریژیکار ، کە بەرانبەر هەموو کار و هەڵسوکەوتی پێکەوەیی و تەناهی و پاکیی و ئاشتەوایی و دەستلەملانێکردن دەوەستێتەوە….جا بۆئەوەی خۆت بناسیت دەبێت ئەو ئاژەڵە وەرکەوتووەی ناخی خۆت بناسیت ، کە هەندێک جار مرۆڤ دەگەینێتە ترۆپی چرکەساتی هەرە ڕەش ، مەرگ و تراژیدیای ناخهەژێن لەگەڵ خۆیدا دەهێنیت.

زانای گەورەی سایکۆلۆژی « سیگمۆن فرۆید » وایدەبینێت کە کەسایەتی هەریەک لەئێمە شتێک نیە ، تەنها ئەنجامی ململانێی پاڵنەرە ئاژەڵیەکانمان نەبێت لەگەڵ ڕەوشتمان ، ووزەی زیندوێتی ئاژەڵیمان « لبییدۆ» واتە غەریزە زەروریەکانمان بۆ ژیان وەک ترس ، هەناسەدان ، پێویستیمان بۆ خۆراک و ، نووستن … تاد ، ئەو سروشتی ئاژەڵیەمان لە ململانێدایە لەگەڵ ئەوەی فێریبووین لە ئەتەکێتی مامڵکردن و ڕیزگرتنی دابونەریت ، بەمە لەو ململانێیەی « من - الانا»دا ، کەسایەتی ، یان شوناس ، بەرهەمدێت ، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە ، مەدامەکی ئاژەڵ لە ئێمەدا هەیە ، کەواتە « چەند لە بیروهزر و ڕەفتارەکانمان ئاژەڵین و ، چەندان مرۆیین ؟ »  گەر وەک پانۆڕامایەک سەیری کۆی بیر و ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردستان بکەین ، وایدەبینین کە لەزۆربەی جاردا ، ئەو ئاژەڵەی ناخ لەکاتی تێکچوونی بەرژەوەندیەکان و برسیتی و گرانی و هەڵچوون و تووڕەبوون یان لەڕیگەی کەرەستەی بێهۆشیی ، دەبێتە دڕندە و کارەسات بەدوای خۆیدا دەهینیت و  ئەوەی مرۆییە تووڕی هەڵدەدات ، لەهەمان کات غەریزەی تەمەلوک و دەستبەسەرداگرتن دەگاتە تروپ و سەردەکەوێت و ئەوەی بەخشین و قوربانیش ژێر دەکەوت.

ئاژەڵی ناخی مرۆڤ زۆر بە « سادەیانە» و دڕندانەتر لە ئاژەڵی ئاسایی مەمەڵە و هەڵسوکەوت دەکات ، ئاژەڵی ناوچەی نائاگایی و نەستەکانمان کوێرە و نابینێت، تۆ کە نابینیت چۆن دەتوانیت خۆشەویستی بکەیت ، من مەبەستم مرۆڤی کوێر نیە کە دەتوانێت خۆشەویستی ئەنجامبدات ، مەبەستم کوێری مەعنەوییە ، کوێری هەستەکان ، ئەگەر هەستەکان ڕووناکی لەدەستبدات ، ئەوە لەناو جەنگلستانێکی تاریکدا دەبیت ، تاریکی ڕق و کینە و پێشێلکاری لەسەر ژیانی ئەوانی تر کە ناهێڵێت بە بەختەوەری بژیت ، مرۆڤ دەتوانێت بە هۆشیاریەکەی دڕ بە جەنگلستان بدات و ، هۆشیاری بکاتە گلۆپێک بۆ ڕەواندنەوەی تاریکی.

ئەو غەریزە ئاژەڵیەی لە ئێمەدایە ، مەرج نیە پێچەوانەی مرۆڤایەتی بێت ، بزانە لەڕیگەی هۆشیاری چ چێژێک لە سەیرکردنی جوولەی ئاژەڵەکان دەبینین ، لەهەموو بواریکدا « ئەگەر لەو ئاژەڵە نەگەین کە لەناخمادایە ، لەخۆمان ناگەین »

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار