ئێران لە ماوەی ٦ ساڵدا زیاتر لە ٢٢٢ میلیۆن دۆلاری داوە بە حەماس

2 هەفتە لەمەوپێش



 هاوڵاتی

رۆژنامەی تایمزی چاپی لەندن لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە بە پێی کۆمەڵێک نامە و بەڵگە کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستین کەوتووە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٦ ساڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ٢٠٢٠ لانیکەم ٢٢ ملیۆن دۆلار یارمەتی ماددی حەماسی داوە.

تایمزی لەندەن لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە ئەکات سوپای ئیسرائیل ئەم نامە و دێکۆمێنتانەی لە کاتی جەنگی غەزە دا دەستکەوتووەو بە شێوەیەکی تایبەت خراوەتە بەردەست رۆژنامەکە.

سوپای ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم نامە و دێکۆمێنتانە بەڵگەی تەواون بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حەماس ئەکات و بەردەوام یارمەتی ماددی ئەم رێکخراوەیەی داوەو لایان وایە ئەمە تەنها بەشێکە لەو بەڵگانەی کە دەستیان کەوتووە.

لە یەکێک لەم نامانەدا مەروان عیسا، فەرماندەی لقی سەربازی حەماس لە غەزە کە ناوی خوازراوەکەی "ابو البراء"ە و نامەکەی بۆ یەحیا سێنوار رێبەری ئەم گرووپەی نووسیوە، وردەکارییەکانی وەرگرتنی لانیکەم ٢٢٢ میلیۆن دۆلار لە کۆماری ئیسلامی خراوەتەڕوو و باسی لێوە کراوە.

بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دا،  بۆ ناوچەیەک لە نزیک کەمپی "نەسیرات" لە ناوەندی غەزە باس لەوە کرا مەروان عیسا کوژراوە. ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی حەماسیان پشتڕاستکردۆتەوە.

ئیسرائیل هەروەها بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە "یەحیا سێنوار"یش ئەکوژن و یەحیا سێنوار بە داڕێژەری سەرەکەی پلانی هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەزانن. ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەردەوام باس لەوە ئەکات سوورن لەسەر کوشتنی یەحیا سێنوار، سێنوار بە پیاوێکی گەڕۆک ئەزانن کە دوای ٧ی تشرینی یەکەم لە هیچ کوێ ئارام ناگرێت و بەردەوام لە گەڕاندایە ولایان وایە ئەمەش وایکردووە تا ئێستا نەکوژرێت.

لە نامەی یەکەمدا کە لە رێگای سوپای ئیسرائیلەوە گەیشتۆتە دەست تایمزی ئیسرائیل و نامەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نووسراوە بە وردی باس لەو بڕە پارەیە کراوە کە بە شیوەی مانگانە لە کۆماری ئیسلامیان وەرگرتووە. وردەکاری وەرگرتنی پارەکان بە شێوەی مانگانە لەو نامەیەدا باسی لێوە کراوەو ئەم تۆمارە لە مانگی ٧ی ٢٠١٤ ەوە دەستی پێکردوە، راست ئەو کاتەی کە حەماس لە جەنگدا بووە لە گەڵ ئیسرائیل.

رۆژی٨ی ٦ی ٢٠١٤ دوای ئەوەی کە ٣ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە لایەن حەماسەوە رفێندران، ئیسرائیل حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان هەیە لە رفاندنی ئەو ٣ مێرمنداڵەدا و بەو هۆیەوە جەنگی حەماس ئیسرائیل دەستی پێکرد لە کەرتی غەزە و لە ٨ی مانگی ٦ی ٢٠١٤ەوە تا ٢٦ی ئابی ٢٠١٤ خایاند. لەم جەنگەدا ٦٤ سەربازی ئیسرائیلی و ٢ هاوڵاتی مەدەنی ئیسرائیلی کوژران. لە بەرامبەردا ٢٠٤٠ کەس لە فەلەستینییەکان کوژران و بە پێی ئامارەکان نزیک بە ١٦٠٠ کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون .

بە پێی ئەو زانیارییانەی لەنامەی یەکەمدا هاتووە، لەو ٦ ساڵەدا بە گشتی ١٥٤ میلیۆن دۆلار راستەوخۆ و بە شێوەی نەخت دراوە بە حەماس و ئەوەی ماوەتەوە دراوەتە دەست کەسێک بە ناوی "ابوالعابد" کە گومان ئەکرێت ئەو کەسە هەمان "ئیسماعیل هەنییە" سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس بێت کە لە دووحە پێتەختی قەتەر ئەژی و تایمزی لەندەن لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە باس لەوە ئەکات ئەو کەسە ئیسماعیل هەنییەیە.

نامەی دووهەم لە تشرینی دووهەمی ٢٠٢١ نووسراوەو بەم شێوەیە دەستی پێکردووە:" بە ناوی خوای گەورەو دلۆڤان. بۆ برای ئازیزم ، ئەبوو ئیبراهیم، خوا بیپارێزێت"...

پێدەچێت " ئەبوو ئیبراهیم" هەمان یەحیا سێنوار بێت. لەم نامەیەدا باس لە وردەکاری یارمەتییە مادییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە بۆ حەماس، دوای جەنگەکانی ٢٠١٤ کە بە " ئۆپەراسیۆنی شمشێری قودس" دژی ئیسرائیل ناوی دەبرا.

دوای ئەم جەنگە ، کۆماری ئیسلامی بە یەک جێ ٥٨ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس، دواتر بە دوو جار و هەرجارەو ٥ میلیۆن دۆلاری گەیاندۆتە دەست حەماس و رێبەرەکانی.

بە پێیزانیارییەکانی تایمزی لەندەن ، ئیسرائیل لای وایە ئەم بڕە زۆرە پارەیە سەرەتا گەیشتۆتە بەیرووت پایتەختی لوبنان و لەوێوە لە لایەن ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە گەیەندراوەتە دەست کەسەکانی حەماس.

مەروان عیسا لەم نامانەدا کە باسی " سەعید ئیزەدی" ئەکات بە " حاجی رەمەزان" ناوی ئەبات. سەعید ئیزەدی یەکێک لەو ئەفسەرانە بوو کە محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەیان بووەو راستەوخۆ لە محەممەد رەزا زاهیدی فەرمانی وەرئەگرت.

محەممەد رەزا زاهیدی و ٦ ئەفسەری پلەبەرزی سوپای پاسداران، رۆژی ١ی نیسان لە هێرشی ئیسرائیل  بۆ سەر کۆنسولگەری  کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کوژرا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل رایگەیاندووە ئامادەی هەرجۆرە وەڵامدانەوەیەکە. تایمزی لەندەن باسی لەوە کردووە مەبەستی ئیسرائیل لەم هێرشە ئەوە بووە تاران تێ بگەیەنێت لەوەی ئیتر ناتوانێت خۆی لە پشتی هێزە میلیشیاکانەوە بشارێتەوە.

ناوەندە هەواڵگرییەکان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی تۆڵە ئەکاتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل یان ئەوەیە لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە ئەم کارە ئەکات.

دوای ئەوەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، هەرچەن نازانرێت ئاخۆ راستەوخۆ هێرش ئەکات یان لە رێگای هێزە پرۆکسییەکانەوە. بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنج شەممە سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد و وتی، جگە لە غەزە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێکیتر لە ناوچەکانیتر ئامادە کردووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتی :" هەرکەسه هێرشمان بکاتە سەر و زیانمان پێ بگەیەنێت، هێرش ئەکەینەوە سەری و زیانی پێ ئەگەیەنین. ئامادەین بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە ئیسرائیل بکەین".

ئەفسەرەکانی بەشی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن محەممەد رەزا زاهیدی پارەی دەگەیاندە دەست "صالح العاروری" فەرماندەی سەربازی حەماس لە بەیرووت کە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ لە هێرشی ئیسرائیلییەکاندا کوژرا. دواتر ئەم پارەیە لە رێگای ژمارەیەک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بە کەڵک وەرگرتن لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەگەیەنرایە غەزە و سەرەنجام پارەکە دەگەیشتە دەست مەروان عیسا یان نوێنەرەکانیتریان.

محەممەد سروور، یەکێک لە خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە دەستی بووە لە گواستنەوەی پارە بۆ حەماس، لەگەڵ چەندکەسیتر لەوانەی کە دەوترێت دەستیان بووە لە دابینکردنی پارە بۆ حەماس کوژران.

سوپای ئیسرائیل هەروەها رۆژی پێنج شەممە ١١ی نیسان رایگەیاند یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حەماس بە ناوی " ناسر یەعقووب جابر نەسر" کە کاری دابینکردنی پارە بووە بۆ حەماس، لە هێرشێ ئیسرائیل بۆ سەر رەفح کوژراوە.

حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پشتیوانی ئەکریت. هەرچەند لە چاو حزبوڵڵای لوبنان کە کۆماری ئیسلامی دایمەرزاندووە سەربەخۆترە. تایمز ئاماژەی بەوە داوە جیهادی ئیسلامی فەلەستین بە تەواوەتی لە لایەن تارانەوە بەڕێوە ئەبرێت و هیچ جۆرە سەربەخۆییەکی نییە.

تایمز هەروەها لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە ، رێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن کۆماری ئیسلامی پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئاگاداری ئەو هێرشە بووە.

دامەزرێنەری حەماس، ئەحمەد یاسین کە یەکێک بوو لە شوێنکەوتوانی ئێخوان المسلمینی میسر، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی  پەیوەندییەکی باشی هەبوو، بەڵام دوای دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی لە تاران، بڕیاری دا پارە لە کۆماری ئیسلامی وەرنەگرێت. بەڵام تایمز ئاماژەی بەوە داوە رێبەرەکانی حەماس لەم چەند ساڵەی دواییدا جۆری روانینیان گۆڕیوەو سەدان میلیۆن دۆلاریان لە تاران وەرگرتووە.

تایمز هەروەها نووسیویەتی،  حەماس لەم چەند ساڵەی رابردوودا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. بۆ وێنە خالید مەشعەل، سکرتێری پێشتری مەکتەب سیاسی حەماس، ساڵی ٢٠١٢ دوای سەرکوتی خوێنای دژبەرەکانی حەماس کە لەو ساڵەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان ئێخوان المسلمین لە سووریا کوژران، بڕیاری دا نووسینگەی حەماس لە دیمەشق دابخات و لە تاران دوور بکەوێتەوە.

تایمزی لەندەن هەروەها نووسیویەتی، بۆ ماوەی چەند ساڵ رێبەرانی حەماس ناکۆک بوون لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران و سووریا دروست بکەنەوە یان نا. ئێستا ئەم بە پێی ئەم بەڵگانە بێت لانیکەم لە ٢٠١٤ ەوە پەیوەندی حەماس و تاران دروست بۆتەوەو حەماس یارمەتی ماددی لە تاران وەر گرتووە.

ناوەندەکانی هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەرەن کە هۆکاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران وحەماس جەنگی حەماس – ئیسرائیلە لە ساڵی ٢٠١٤ کە ٧ حەوتووی خایاند.

بە پێی بەڵگەکان لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا کۆماری ئیسلامی یارمەتی ماددی حەماسی نەداوە، هۆکارەکەشی ئەکرێ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە حەماس لەو ساڵانەدا لەبری ئەوەی دژی ئیسرائیل بجەنگێت، خەریکی نۆژەنکردنەوەی غەزە بوو. رەنگە جیاوازی بۆچوونی نێوان رێبەرانی حەماس هۆکار بێت بەوە لەو ٢ ساڵەدا یارمەتی لە تاران وەر نەگرن.

دوای جەنگی ١٢ رۆژەی حەماس- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢١ یارمەتییە مادییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە و ئەمەش وەک پێزانینی ئێران بۆ حەماس و بەشداری کردنی لەو جەنگەدا لێک ئەدرێتەوە.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن یارمەتییە ماددییەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم تا ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەر بەردەوام بووەو کۆماری ئیسلامی یارمەتی حەماسی داوە بەوەی کۆگاکانی چەک و چۆلی خۆی دەوڵەمەندتر بکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار