جیهان لە نێوان بەرداشی پەندێکی ئێرانی و سیاسەتی ئیسرائیلدا
8 مانگ لەمەوپێش
شوان عەباس بەدری
دوابەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسلییەی ئێران لە دیمەشقی پایەتەختی سوریا و کووژرانی چەندین فەرماندەی پلەباڵای سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، لە ئێستادا پرسیارێکی سەرەکی مێشکی هەموو چاودێرە سیاسی و سەربازی و حکومەتەکانی جیهان و تەنانەت خەڵکە ئاساییەکەی سەر جادەشی داگیر کردووە کە ئاخۆ وەڵامی ئێران چون و کەی و لە کوێ دەبێت؟
هەرچەندە لە ئێستادا بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران زۆر لێزانانە جەنگێکی دەروونیان لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا هەڵگیرساندووە و رۆژانە لە رێی کەناڵە جۆراجۆرەکانیان خەریکی هەڕەشە و ناردنی نامەی جۆراوجۆرن بۆ جیهان ، بەڵام لێرەدا راستییەک هەیە کە بە دڵنیاییەوە ئێران تەنها بەو جەنگە دەروونییە ئیکتیفا ناکات و لە داهاتوودا کە رەنگە زۆریش دوور نەبێت چ لە ڕێی وەکیلەکانی لە ناوچەکە بە هێرشێکی بەرفراوان و چ راستەوخۆ خۆی لە رێی هێرشێکی سنوورداری مووشەکی یا دروونی بەمەبەستی راگرتنی پێگە و جێگە و قورسایی سیاسی و سەربازی خۆی لە ناوچەکە و لە جیهاندا هێرشێکی هاوشێوەی هێرشەکەی بنکەی "عەین ئەسەدی" ئاسمانی دوابەدوای کوژرانی "قاسم سولەیمان"ی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2020دا ئەنجام بدات.
گەر بێتوو چاوێک بە مێژووی تۆڵەکردنەوەکانی ئێراندا بخشێنین و سەرنجی رووداوەکانی رابردوو و پێشهاتەکانی ئێستا بدەین ، ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە گەر بێتوو ئێران بە راستەوخۆش هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل ئەوا بێگوومان لە رێی بە کرێگیراوەکانی خۆی و باڵەکانی گورزێک لە سەفارەتەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی جیهاندا دەوەشێنێت هەروەک چۆن لە ساڵی 1992 لە تۆڵەی کووشتنی "سەید عەباس موسەوی" رابەری حزبولای لوبنانییەوە ، گروپی "جیهادی ئیسلامی لوبنان"ی سەفارەتی ئیسرائیلیان لە "بۆینس ئایرسی" پایەتەختی وڵاتی ئەرجەنتین تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 55 کەس کوژران و دوابەدوای تەقینەوەکەس یەکسەر پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران و "رەفسەنجانی"سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی ئێران و چەند بەرپرسێکی بالای ناو دەزگای هەواڵگری ئیران درێژ کرا.
لەلایەکی دیکەوە حەفتەی رابردوو "عەلی خامەنەیی" رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتارێکیدا بە چەکێکی قەناسەوە دەرکەوت کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نامەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا کە ئێران لە خوێنی کوژراوەکانی خۆش نابێت و تۆڵەیان دەکاتەوە.
بەڵام لێرەدا راستییەک هەیە کە نابێ چاوی خۆمانی لەبەرامبەردا دابخەین ، لە رووی سیاسییەوە نە ئێرانییەکان ئەوەندە ساوێلکەن کە بچنە جەنگێکەوە هەر لە ئێستاوە دەرئەنجامەکەی دیارە و نە ئەمەریکاش لە ئێستادا ئارەزووی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێی ماڵوێرانکەر دەکات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و نە ئیسرائیلیش توانای بەرگەکردنی جەنگێکی درێژخایەنی ناوچەیی هەیە.
ئەوەی هەیە و نییە جەمسەری ئێران و باڵەکانی و ئیسرائیل و هاوپەیمانە شاراوەکانی لە ناوچەکە لە هەوڵی ئەوەدان بە هەر شێوەیەک بێت هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە، تا رادەیەک ئەو قورساییەی کە لەبەر پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە کەوتۆتە سەریان کەم بکەنەوە و لەولاشەوە ئەمەریکا هەوڵ ئەدات زۆرترین رووداو و پێشهات بە قازانجی خۆیدا بشکێنێتەوە .
لە ئەدەبیاتی شانۆییدا دەستەواژەیەک هەیە بە ناوی "سیاسەتی پاشماوەی خۆراک" کە کەسایەتی "جۆن براونی" ناو شانۆنامەکە دوچاری نەخۆشییەکی تایبەت بووە و هەر پاشماوەیەک ببینێت وادەزانێت دەبێت بیخوات ، گەر بێتوو ئەم دەستەواژەیە بە لایەنە سیاسییەکەیدا راڤە بکەین ، ئەوا دەتوانین ناوی "سیاسەتی کۆکردنەوەی ئەنجام و دەرئەنجامەکانی"لێبنەین.
بە واتایەکی تر لە ئێستادا وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بە تووندی هەرەشە لە ئێران دەکەن کە گەر بێتوو هێرش بکاتە ئیسرائیل ئەوا رووبەرووی هێرشێکی ماڵوێرانکەر دەبێتەوە و بەم جۆرە هەوڵی کۆکردنەوەی پاشماوەی دەرئەنجامەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسلییەی ئێران و تۆڵەکردنەوەی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل دەدەن.
لە بەرامبەریشدا ئێرانییەکان لە چوارچێوەی جەنگێکی دەروونیدا پەندەکەی خۆیان لە هەڵسوکەوتیاندا پیادە کردووە کە دەڵێت :" ئێمە بە پەموو سەرئەبرین" و دەمێ زمانێکی تووندی هەرەشە ئامێز و دەمێکیش زمانێکی تا رادەیەک هێمن بە کاردەهێنن.
لە کۆتاییشدا ئاخۆ لەم هاوکێشەیەدا پەندی "پەمووەکەی" ئێرانییەکان سەردەکەوێت یان خود "سیاسیەتی کۆکردنەوەی ئەنجام و دەرئەنجامەکانی" رۆژئاواییەکان؟