نێچیرڤان بارزانیی بۆ لەتارانە؟

2 هەفتە لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

بۆ رزگاركردنی پارتی لەبڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردن و هەوڵی دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و هەولێر، نێچیرڤان بارزانیی گەیشتە تاران. ئەگەر پارتی بێتە ژێرباری مەرجەكانی ئێران ئەوا هەم هەڵبژاردنەكەی بەبێ دنگی بۆ دوادەخات و هەمیش فشارەكانی بەغدا لەسەر هەولێر كەمتر دەبنەوە.

بەپێی هەندێك زانیاریی ناڕەسمیی، لەم سەردانەدا ئێران ئەم پرسانە لەگەڵ نێچیرڤان دەخاتە بەرباس:

1- پرسی بوونی حزبە كوردستانیەكانی رۆژهەڵات لەباشوری كوردستان بەتایبەت هەولێر، چونكە ئێستا زۆرینەیان لەهەولێرن و ئەوانەی لەسلێمانیش بوون زۆربەیان یان ناچاركران یاخود بەهۆكاری ئەمنی هاتوونەتە هەولێر.

2- دۆسیەی وزەی كوردستان بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بەگازی سروشتییەوە هەیە. ئێران دەیەوێت رۆڵ و كاریگەری هەبێت لەچارەنوسی ئەو گازە.

3- پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتیی، ئێران هەوڵدەدات ئەو گرژیەكانی نێوان ئەو دوو حزبە كەمبكاتەوە.

4- پرسی هەبوونی بنكەی چاودێریی موخابەراتیی لەكوردستان كە ئێران هەرێمی كوردستانی پێ تۆمەتبار دەكات و لەمیدیاكانی خۆی ئەو تۆمەتە ناشارێتەوە.

5- پرسی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، ئێران دەیەوێت پارتی هاوكاری حكومەتەكەی سودانی بێت.

لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2021 دوو بەرەی جیاواز لەعیراق دروستبوو دابەشبوون بەسەر نفوزی ئێران و توركیا. پارتی و سەدرو حەلبوسی بەرەیەكیان دروستكرد بەناوی بەرەی سێیانە (ثلاثي) و ئەو بەرەیە لەسەر توركیا حیساب دەكرا. یەكێتیش لەگەڵ مالكی و عامری و خەزعەلی و لایەنەكانی دیكەی شیعە كەوتنە بەرەی ئێران. ئەو دابەشبوونەی كورد ئەوكاتە، زیانی زۆر گەورەی بەدۆزی كوردو خواستی خەڵكی كوردستان گەیاند. چونكە پارتی و یەكێتیی لەبری پێداگری لەسەر مافە دەستورییەكان و بەركەوتەی نەتەوەی كورد لەبەغدا، تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی خواستەكانی خۆیان و مسۆگەركردنی بەرژەوەندی حزبی كردەوە.

ئەوكاتە پارتی و سەدر بوونە هاوپەیمان و دەیانویست حكومەتی زۆرینە لەدژی ئێران و حزبە شیعەكانی دیكە دروستبكەن، ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەی پارتی بوو، بەڵام لەپڕ سەدر لەتەواوی پرۆسەی سیاسی عیراق كشایەوە ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ پارتی دروستكرد چونكە هاوپەیمانە هەرە گەورەكەی لەعیراق كشایەوەو پشتی لەپارتی كرد، ئەمەش بەرەی توركیای لەعیراق لاوازكردو دەرفەتی بۆ ئێران رەخساند بەچەند قۆناغێك فشاری زۆر لەپارتی بكات و ناچار بەداواكارییەكانی خۆی بكات.

فشارەكانی ئێران بە بەدوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لەخۆكاندیدكردن بۆ سەرۆك كۆماریی دەستی پێكرد. لەڕێی دادگای فیدراڵەوە رێگەی لێگیرا خۆی بۆ سەرۆك كۆمار كاندید بكات بەتۆمەتی بوونی سكاڵا لەدژی ناوبراو لەسەر گەندەڵی و دوورخرانەوەی لە وەزارەتی دەرەوە.

دواتر هەر لەڕێی دادگای فیدراڵەوە زنجیرەیەك بڕیاری دیكە لەدژی هەرێم یان لەدژی بەرژەوەندی پارتی دەرچوون لەوانە راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان و 11 كورسیەكەی كۆتاو دابەشكردنی كوردستان بەسەر 4 بازنە، هەروەها ناچاركردنی حكومەتی هەرێم بۆ بەبانكی كردنی موچەی فەرمانبەرانی لەبانكە حكومیەكانی عیراق. ئەم بڕیارەش قوڕگی پارتی و حكومەتی هەرێمی گرت كە پارتی تێیدا باڵادەستە.

ئەو بڕیارانە، ئەگەرچی لەپشتی پەردە نیەتی دیكەیان لەپشتبوو، بەڵام مایەی خۆشحاڵی خەڵكی كوردستان بوو، ئەمەش ئەوەندەی دیكە باری حكومڕانانی كوردستانی گرانتركرد، چونكە ئەوان هەوڵیان دەدا بەرگی دیكە بكەنە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ و بەدژایەتی هەرێم پێناسی بكەن، بەڵام لەراستیدا هەموو ئەو بڕیارانەی دران دەرئەنجامی خراپی حوكمڕانیی و نەزانیی و غروری حوكمڕانانی كوردستان بوون.

ئێستاش پارتی تینی زۆری بۆهاتووەو هەموو دەرگاكانی بەڕوودا داخراون. نێچیرڤان بارزانیی كە ئێستا جێگری سەرۆكی پارتییە، بۆ كردنەوەی ئەو گرێیانەو راگرتنی فشارەكان سەردانی تارانی كردووە. ئێرانیش دەیەوێت هەم ئەجێنداو مەرجەكانی خۆی بەسەر پارتی و هەرێمی كوردستان بەسەپێنێ، هەمیش ئەو پەیامە بگەینێت كە ئێران دەتوانێت هەم كێشەو گرفت بۆ هەرێم دروستبكات، هەمیش كلیلی چارەسەری كێشەكان لەتارانە.

لەوەدەچێت سەردانی وەفدەكەی پارتی بۆ تاران شتێكی لێ‌ شین ببێت، چونكە پارتی خۆی بردۆتە نێو تۆنێلێك و پێشەخۆی لێ‌ دیارنییەو توانای پاشەكشەی نەماوە. ئەوەی روودەدات دەرئەنجام و لێكەوتەیە نەك هۆكار. لێكەوتەو دەرئەنجامی سیاسەتی چەوت و حوكمڕانی خراپی دەسەڵاتدارانی هەرێمە كە لەپێناو مانەوەی خۆیان و حزبەكانیان هەرچی لەسەر زەوی و ژێر زەوی كوردستان هەیە كردیانە قوربانیی! لەپێناوی بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی، كوردستانیان لەهەرێمێكی بەهێزو كاریگەر لەعیراق كردیانە هەرێمێك ئێستا ئەسیرو دیلی وڵاتانی دراوسێ‌ و بەغدایە. هەرێم لەهەرێمێكی گەشەكردوو لەهەموو ئاستەكان، كردیانە هەرێمێكی دابڕاو و دابەشبوو بەسەر دوو زۆن و نەپەرلەمان و نەهیچ دامەزراوەیەكی حكومڕانی شەرعیی تێداماوەو خەڵكەكەیشی بەدەست برسێتی و خراپی حكومڕانیەوە بەدبەخت و هەشبەسەربوون. لەوە خراپتر، حوكمڕانان خەم و خەونی میللەتێكی چاونەترس و دلێریان لەدروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆوە كردە خەو بینین بەخەرجكردنی موچەی سەری مانگ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش