بێگەرد تاڵەبانی: دەبێت وەک جوتیارانی عێراق مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سبەی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 بە یاوەری شاندێک دەچینە بەغدا و سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەكەین و دوو كۆبوونەوەی گرنگ ئەنجامدەدەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە كۆبوونەوەی یەكەمدا وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و بەغدا دەبێت و كۆبوونەوەی دووەمیش كۆبوونەوەی 57تە كە تێیدا سەرجەم وەزارەتەكان لەبارەی كۆتا بڕیار لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم گفتوگۆ دەكەین".
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وتی، "لە كۆبوونەوە سەردانەكانی ماوەی رابردووماندا دۆكیۆمێنت و بەڵگە و نوسراوی فەرمیمان داوەتە لایەنە پەوەندیدار و سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران لەپێناو ئەوەی پرسی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان یەكلابكرێتەوە".
وتیشی، "پێشبینیش دەكەم بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەهیچ شێوەیەك رێژە پەسەند ناكەین و رووبەڕووی داچێندراو بۆ هەر دۆنمێك وەك جوتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەبێت هەمان مامەڵەش لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بكرێت".
