لەبارەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران روونکردنەوە دەدرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
دوای گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری بەهۆی تێکشکاندنی هەلیکۆپتەرەکەیانەوە هیچ قەدەغەیەکی هاتووچۆ لە مەرزە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیران رانەگەیەندراوە و هاتووچۆ ئاساییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە هاوڵاتی راگەیاند، "هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاساییە و هیچ رێگرییەک هاتووچۆ نییە".
لەبارەی ئەوەی ئایا لەم دوو رۆژەدا بەهۆی مردنی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە هیچ قەدەغەیەکی هاتووچۆ دەکرێت مەریوان کەریم وتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نییە و سەرجەم هاتووچۆ گەشتیاری و بازرگانییەکان ئاسایین".
دوێنێ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.
