تەمەن و کورسی بۆ کەس نامێنێت

2 هەفتە لەمەوپێش



شوان داودی

 ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دور لە یادکردنەوەی شکلی و روکەشانە و بەڵێنی قەبەی بێ ناوەڕۆک و موزایەداتی حزبی و یاری کردن بە شعور و خۆدەرخستن ، چەندین کۆنفراسی زانستی ئەکادیمی  لە زانکۆکانی گەرمیان و چەرموو هەڵەبجە و سلێمانی بۆ پرسی ئەنفال  ئەنجام دران ، ڕۆژ شەممە 2024/6/8  هەردوو ڕێکخراوی چەرموو بۆ پرسی ئەنفال و دۆز بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بە هاوکاری ڕێکخراوی Icmp  لە شاری چەمچەماڵ کە بە پایتەختی شەهید و ئەنفالکراوان ناسراوە و لە هۆڵێکی مۆنمێمتی ئەنفال کۆنفراسێکیان لە ژێر ناوی ئەنفال و ژیانەوە بەست ، تیایدا لە دوو پانێڵدا یەکەمیان لە ژێر تایتڵی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دووەمیان بۆ پرسی قەرەبوو کردنەوە لە لایەن کەسانی ئەکادیمی و شارەزازوە  کۆمەڵێ باسی گرنگ و هەستیار قسەی زانستی لەسەر کرا و لە لایەن ئامادەبوانی کۆنفراسەوە بابەتەکان گفتوگۆی چڕ کران .

بە سوپاسەوە بەندە یەکێک بووم لە بانگهێشتکراوەکانی کۆنفراسەکە و لە بەر گرنگی بابەتەکان و جدیەتی گفتوگۆکان  تا کۆتایی کۆنفراسەکە دانشتم و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر گوێگرتن سودی زۆرم لەو تێزانەی پێشکەش کران و گفتوگۆکان وەرگرت .

لە ڕاستیدا تا ئەم چرکە ساتە وەکو کورد نەمانتوانیوە خوێندنەوەی زانستیانە و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەکان و هەنگاوەکان بکەین تا بزانین لە کوێدا ڕاست بوینە و لە کوێدا هەڵە ، وەک یەکێ لە ئامادەبوانی کۆنفراسەکە  لە موداخەلەیەکدا وتی تا ئێستا نەتوانراوە وەبەرهێنانی نەتەوەیی ، نیشتمانی ، ئابوری ،کۆمەڵایەتی لە پرسی ئەنفالدا بکەین .

لەو باسانەی پێشکەش کران دەرکەوت لە چی کارەساتێکدا دەژین و چەند بێ ئاگایین لەو پرسە هەستیارە و چەند بێ باکین لە ئاستی ئەو مەترسیانەی  لە ئایندەدا ڕوبەرووی نەوەکانمان دەبێتەوە لە ئەنجامی هەڵەو بێ باکیەکانی ئێستامان لە بچوک کردنەوەی ئەو پرسە گەورەیە لە وەبەرهێنانی بچوکی حزبی و کەسیدا لە بری وەبرهێنانی گەورە لەپرسی نەتەوەیی و نیشتمانیدا .

لە لایەن ئامادەبوانەوە و لە ئەنجامی تێزەکان و گفتوگۆکان چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردەی زانستی و گرنگ خرانە ڕوو لەوانە پێشنیازەکانی 
دکتۆر شێرزاد حەسەن ڕەزا :

1-دروست کردنی بانکی ھەڵگرتنی جینی Gene Bank store ,بۆ سەرجەم کەسوکاری ئەنفالکراوان،لە داھاتوودا ئەم بانکە گەورەترین سوود بە کەیسی ئەنفال دەکات.

2-کڕینەوەی سەرجەم ئەو زەوینانە کە لەسەر نەخشەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دیاری کراوە،بە تاپۆ بخرێتە سەر وەزارەتی شەھیدان ،لە داھاتوودا سوودی گەورە بە دۆزی ئەنفالکراوان دەگەیەنێت،نەوەکانی داھاتوومان دەبنە خاوەنی ئەم شوێنانە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانست دا،توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەوە دەکرێت.

3-بەپێ ی قۆناغەکانی ئەنفال و جوگرافیای کوردستان و family tree ،دروست بکرێت بۆ گوند و خانەوادەکان ،تا بەکەمترین کات زانیاریەکانی بخرێتەسەر.
 
 شایانی ئاماژە پێ کردنە هەم خودی ڕێکخراوەکان و هەم پانێلستەکان خۆیان بەدور گرت لە ستایش و پیاهەڵدانی حکومەت و حزب و دەسەڵات و بەرپرسەکان و زیاتر هەوڵی ئەوەیان دا مەترسیەکان و چۆنێتی روبەروبونەویان و هەنگاوە زانستیەکان بۆ وبەرهێنانی نەتەوەیی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە پرسی ئەنفال و گۆڕە بە کۆمەڵەکان و قەرەبوکردنەوە بخەنە ڕوو .
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام بابەتێک بوو کە بەڕای خۆم پەیوەندی بە بەڕێوبەرانی کۆنفراسەکەوە نەبوو ئەویش لە سەرەتای کۆنفراس وتەیەک درابوو بە ئیدارەی مۆنمێمتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کە ئەرکی دابین کردنی هۆڵی کۆنفراسەکەی لە ئەستۆ گرتبوو ، بە دیدی خۆم ئەو وتەیە زیاد بوو پێویستی نەدەکرد تەنها سوپاس و پێ زانین بۆ هاوکاری کردنیان بەس بوو  .

هەڵبەتە بەڕێوبەری مۆنمێمەتەکە کارمەندی حکومەتە بۆیە ناتوانێت لەو وتەیەدا خۆی بەدور بگرێت لەو جۆرە ستایشە بۆیە بە دەرفەتی زانی سوپاس و ستایشی هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بکات کە لە هەمان کاتدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیە لە پرسی هەوڵەکانی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هێنانەوەی بەشێکی کەم لە روفاتی قوربانیان..

لە ئەنجامی گوێگرتنم لە تێزەکانی پانێلستەکان وگفتوگۆکانی بەشداران ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ئەو ستایشەی بەڕێز بەڕێوبەری مۆنمێتەکە  پێچەوانەی ئامانجەکانی کۆنفراسەکەیە بۆیە بە پێویستم زانی موداخەلەیەک بکەم و پێشنیازی ڕاسپاردەیەک بۆ بەڕێز خانمی یەکەمی عێراق  بکەم کە هەوڵەکانی بۆ ئەو پرسە لە وەبەرهێنانی کەسیەوە بگۆڕێت بۆ وەبەرهێنانی نەتەوەیی و نیشتمانی چونکە لە کۆتاییدا تەمەن و کورسی بۆ کەس نامێنێت ، ئەمڕۆ توانای جەستەیت هەیە و خاوەن  پێگەی لە دەسەڵات و حزب و حکومەت و دەوڵەتدا  دەرفەتە کە بیقۆزیتەوە و مێژو بۆ خۆت دروست بکەیت بەتایبەت کە بەڕێزتان خانمی یەکەمی عێراقن و لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماردایە پرۆژەی یاسا بنێرێتە پەرلەمان  و هەوڵەکانت لە دامەزراندنی دام و دەزگای  نیشتمانی  بە یاسا بۆ ئەم پرسە هەستیارە و دەرچواندنی یاسای گرنگ چڕ بکەیتەوە و پشتوانی لەم جۆرە کۆنفراسە زانستیانە بکەی  نەک ئەو هەموو ئیمکانیات و دەسەڵاتەی ئەمڕۆ هەتانە لە سەرپەرشتی کردنی چەند لیژنەیەک بۆ ئەم پرسە گەورەیە بچوک بکەیتەوە کە بە نەمانی یەکێک لەو دوو ڕەگەزە تەمەن یان کورسی کۆتاییان دێت و یەک لە سەدی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ناپێکێت و لە بازنەیەکی داخراو و هەوڵێکی کەسی زیاتر  تێپەڕ ناکات لە بری دەسکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی وەبەرهێنانی  کەسی تێدا دەکرێت و تەنها  لەلایەن کادر و کارمەندەکانی خۆتانەوە ستایش دەکرێن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار