خه‌‌ڵكی سلێمانی و سلێمانی یا په‌رۆشی كوردێك

یەک مانگ لەمەوپێش



د. سەباح غالیب

من له‌ سلێمانی له‌ دایك بووم

له‌وێ فێری داره‌ داره‌ و گڕوگاڵ بووم

گوڵی هیوا و تاسه‌ی خۆشه‌ویستی

له‌ كانیاوی ئه‌ودا پشكووتن و خاوه‌نیان بووم

*****

كێ ده‌توانێ ئاوازێكم بۆ دابنێ

ده‌ربڕێ ژانی ئه‌مڕۆی سلێمانی

یا یه‌كێك بتوانێ

هه‌رچی وشه‌ی فه‌ره‌هه‌نگ هه‌یه‌

قه‌رز بكا و شیعرێك بنووسێ

بۆ

ئه‌شكنجه‌دانی سلێمانی

*****

له‌بیرم دێ، نالی سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت

سالمیش د‌ه‌سته‌وئه‌ژنۆ ده‌گریا بۆ سلێمانی

كوردی سه‌ر قافڵه‌ی خه‌م بوو

بۆ كۆچی دوا پاشای سلێمانی

ئه‌وه‌ش شێخ ڕه‌زای خۆمان،

وه‌ك شێر ده‌ینه‌ڕاند

به‌ ڕووی سوخره‌كێشانی عه‌جه‌م و ئال و والی عوسمانی

*****

نۆی حوزه‌یران و نۆزده‌ و سی ئه‌و مانگه‌شم

له‌ بیردایه‌

یه‌كه‌م و دووه‌م ڕه‌مزی سه‌روه‌رانی شار و وڵاتم

له‌ ناخدایه

بۆ سیش

شكۆی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی پیره‌مێرد و

جبه‌كه‌ی شێخی خاڵ و كه‌شتی نوح و

ده‌نگ و سه‌دای مناره‌كه‌ی

مزگه‌وته‌كانی خانه‌قا و گه‌وره‌ و

سه‌رشه‌قام و حاجی حانم

له‌ دڵ و له‌ سه‌ردایه‌

*****‌

من و هه‌زارانی وه‌ك من

ده‌مانه‌ویست بێینه‌وه‌

تا له‌ باوه‌شی كوردستان و ئه‌و شاره‌دا

سه‌رخه‌وێك بشكێنین و سه‌رێك بنێینه‌وه‌

*****

كه‌ وای لێ بێ دیمه‌نی شار

به‌ر ده‌ركی سه‌را، سه‌ر له‌ قوڕنێ

خانه‌سووتاو دیسانه‌وه‌ بسووتێنرێ

سه‌رچاوه‌ی سه‌رچنار

 به‌ ئاگری چاوچنۆكان

ئاوه‌كه‌ی له‌ داخانا گڕ و كڵپه‌ بگرێ

كوشتارگه‌ی حامیه‌ی سلێمانی

بكرێ به‌ شوێن ڕابواردن و سه‌رگه‌رمكردنی

پیاوانی كاربه‌ده‌ستان و 

سه‌رنه‌خۆشانی نا حاڵی

له‌ ئازادی و له‌ مێژووی

قوربانیانی سلێمانی

*****

پێناسه‌ی شار كه‌ ئه‌زمه‌ڕ و گوێژه بوون

كونه‌ ڕه‌شه‌با و چاڵی به‌فری شاره‌كه‌م بوون

مایه‌ی شیعری جوان و ناونیشانی حوكمڕانی

بابان و گه‌وره‌یی و مانه‌وه‌ی

سه‌ر له‌ كه‌شكه‌لان گیربووی

سلێمانی و ده‌وروبه‌ر بوون

وا ئێستا

پاره‌دارانی قه‌یوانی گۆڕهه‌ڵكه‌ند و

به‌رپرسیارانی ناساحێبی،

خاك به‌سه‌رانی سبه‌ی تا هه‌تایه‌ی شاری سلێمانی

له‌ بری داگیركه‌رانی هه‌ر چوار لاوه،‌

سێداره‌یان بۆ هه‌ڵداوه‌

 ئه‌وان ڕێگا له‌ خۆر ده‌گرن،

كونه‌ بای شاركه‌م كونبڕ ده‌كه‌ن

هاوار هاوار بۆ كێ ببرێ

له‌وه‌ زیاتر‌ سلێمانی و هه‌ر ده‌ڤه‌رێ 

شوێن نزرگه‌ی باپیران و

هه‌رچی مێژووی هه‌وڵی

بیر و توانای میلله‌ت هه‌بوو

با له‌وه‌ زیاتر نه‌شوێنرێن

گرد با هه‌ر گرد و شاخیش هه‌ر شاخ بێ

چیدیكه‌ به‌ بیانووی نه‌زانانه‌ی‌

دژ به‌ سروشت و جوانی و مانه‌وه‌

كاول نه‌كرێ

*****

با ئاسمانی ئێمه‌ش به‌ ئه‌ستێره‌ پڕبێته‌وه

هیوا بۆ هه‌موومان گه‌شبێته‌وه‌‌.

 

له‌نده‌ن ـ 2ی حوزه‌یرانی 2024

     ئه‌مه‌ سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێكه‌ بۆ دۆخی ئێستای سلێمانی، كه‌ كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و كارگێڕی له‌و شاره‌دا، شاخ هه‌ڕاج ده‌كه‌ن، مێژوو ده‌شێوێنن، له‌ پێناوی پاره‌دا سروشت ژێر و زه‌به‌ر ده‌كه‌ن، جوانی ناهێڵن، كانیاو وشك ده‌كه‌ن، ته‌ڕ و وشك ده‌سوتێنن و زۆر شتی دیكه‌ش. هه‌زار مخابن. ئه‌و نائارامییه‌شم له‌و ده‌نگوباسانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ كۆمپانیای قه‌یوان خه‌ریكی تاشین و داڕنینی شاخی ئه‌زمه‌ڕن بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه‌ پڕۆژه‌ی باڵه‌خان دروستكردن، له‌ كاتێكدا ئه‌و سلێمانییه‌ی ئێستا وا بۆ 30 ساڵ زیاتره‌،‌ ئاوی ته‌واوی خواردنه‌وه‌ی نییه‌‌‌، كاره‌باكه‌شی له‌ جێی نه‌بوانه‌، خاوێنی و پاككردنه‌وه‌ خاشاكیش باری سه‌ر باران، شاره‌كه‌ش به‌ سه‌ر ترومیلدا ڕووخاوه‌، به‌ڕاست بۆ بیر له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ سه‌ره‌كیانه‌ی مان و مردنه‌ نا‌كه‌نه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌زران شوققه‌ی زیاتر و زیاتر دروستبكه‌ن؟ له‌ كاتێكدا هه‌ر چه‌نده‌ شوققه‌، خانوو، ئه‌وه‌ی ناونراوه‌ ڤێللا و خانوو، به‌ خه‌ڵكی داهاتی مامناوه‌ندی ناكڕێن،  ئه‌ی بۆ كێ و بۆ چی بنیات ده‌نێن؟

     به‌رپرسیاران ده‌بێ بزانن و فێربن كه‌ دڵگیری و جوانی سروشت یه‌كجار ناسكتر و جوانتره‌ له‌ جوانی ده‌ستكردی باڵه‌خانه‌ كه‌ له‌ ئێستای كوردستاندا تاكه‌ ئامانجیان پاره‌خڕكردنه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌، هه‌رچی قسه‌یكی جگه‌ له‌وه‌ كه‌ ده‌یكه‌ن جێگای باوه‌ڕپێكردن و ڕاستگۆیی نییه، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ بڕیاری پارێزگار، شاره‌وانی و حكومه‌تی له‌سه‌ره‌ و جێگه‌یه‌كی به‌رده‌ڵانییه‌! هیچ یه‌كێك له‌و بیانوانه‌ شه‌رعییه‌ت به‌ هیچ كارێكی ناشه‌رعی ناده‌ن.

     بۆ داڕووخانی ئه‌زمه‌ڕ و گوێژه‌ و هه‌ر شاخ و پڕكردنه‌وه‌ی هه‌ر ئاوێكی كوردستان، حكومه‌تی كوردستان و به‌رپرسیارانی ناوچه‌ كاولكراوه‌كان، له‌ به‌رده‌م ویژدانی نه‌ته‌وه‌ و خاك، مێژوو، قانوون و زه‌وقی‌ ئینسانی مایه‌ی لێپرسینه‌وه‌ن، له‌م بار و دۆخه‌دا، ‌ حكومه‌تی كوردستان و كاك بافڵ تاڵه‌بانی، كاك قوباد تاڵه‌بانی و پارێزه‌ری سلێمانی ئه‌گه‌ر ده‌ستی ئه‌وانی تێدانییه‌، پێویسته به‌ عه‌قڵ و به‌ تێگه‌یشتنێكی كارگێڕی و به‌رپرسیارییه‌وه‌‌ بێنه‌ ده‌نگ، ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ستخۆشی ئه‌وانیش ده‌كرێ، با به‌هۆش خۆیان بێنه‌وه‌ و وا تێنه‌گه‌ن كه‌ هه‌موو شتێك به‌هێز و به‌ ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، له‌ به‌ر زه‌بر و زه‌نگی ئه‌وان، ئێمه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ نه‌توانین یه‌خه‌یان بگرین، ئه‌وا سبه‌ینێ مێژوو له‌وان به‌هێزتره و به‌رۆكیان داده‌دڕێ‌.

منیش وه‌ك هه‌ر كوردێك و وه‌ك هه‌ر یه‌كێكی به‌ ته‌نگ كه‌ش و هه‌واو ژینگه‌وه‌، ده‌نگی ناڕه‌زایی و توڕه‌ییم له‌ هانا ئه‌و ناحه‌قییه‌دا به‌رزده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ سلێمانی و له ‌هه‌ر شوێنكی كوردستاندا بكرێ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار