چاوخشاندنێک به فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" له وڵاتی چیک

3 هەفتە لەمەوپێش



مەنسوور جیهانی

په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" KVIFF به نمایشی فیلمی سینه‌مایی "مردووه‌کان زیان ناگه‌یه‌نن" له نووسین و ده‌رهێنانی "ڤیگۆ مۆرتێنسێن"ی سینه‌ماکاری ئه‌مه‌ریکی له وڵاتی چیک، ده‌ستی پێکرد.

به نمایشی فیلمی سینه‌مایی "مردووه‌کان زیان ناگه‌یه‌نن" The Dead Don’t Hurt  له نووسین و ده‌رهێنانی "ڤیگۆ مۆرتێنسێن" Viggo Mortensenی ده‌رهێنه‌ری ئه‌مه‌ریکی و به ئاماده‌بوونی ئه‌م ئه‌کته‌ره ناوداره، "سۆلی مه‌ک‌لیۆد" Solly McLeod ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م فیلمه و ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران، له‌وانه: "کریستییه‌ن واچۆن" Christine Vachon به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ربه‌خۆ و پێشه‌نگی ئه‌مه‌‌ریکی، "جیۆفرێی ڕاش" Geoffrey Rush ئه‌کته‌ری ئوستڕالی و ...تاد. په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary  له هۆڵی سینه‌مای هوتێل "تێرماڵ" له شاری کاڕلۆڤی ڤاری له وڵاتی کۆماری چیک بەڕێوە چوو.

خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" بۆ "ڤیگۆ مۆرتێنسێن" ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ری ئه‌مه‌ریکی له درێژه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، "ڤیگۆ مۆرتێنسێن"ی ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و ژه‌نیاری ئه‌مه‌ریکی، خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ"ی له ده‌ستی "جیری بارتۆشکا" Jiří Bartoška  به‌رپرسی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" وه‌رگرت و به زمانی چیکی گوتی: وه‌رگرتنی خه‌ڵات له فێستیڤاڵی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" بۆ من شانازییه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌وه جه‌ژنێکی گه‌وره‌ی سینه‌ماییه. بۆ هه‌ڵبژاردنی فیلمی سینه‌مایی "مردووه‌کان زیان ناگه‌یه‌نن" سپاسی به‌رپرسانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ش ده‌که‌م. ئێمه زۆر به‌خته‌وه‌رین که چیرۆکی فیلمه‌که‌ی خۆمان به ئێوه نیشان ده‌ده‌ین.  

ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" Crystal Globe  له په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" بریتین له: "کریستییه‌ن واچۆن" Christine Vachon به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌‌ریکا، "جێۆفرێی ڕاش" Geoffrey Rush  ئه‌کته‌ر له وڵاتی ئوستڕالیا، "سێجون" Sjón  سیناریۆنووس و نووسه‌ر له وڵاتی ئایسله‌ندا، خاتوو "ئێلیشکا کرینکۆڤا" Eliška Křenková  ئه‌کته‌ر له وڵاتی کۆماری چیک و هه‌روه‌ها "گابۆر رێیس" Gábor Reisz  ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و ئاوازدانه‌ر له وڵاتی هه‌نگاریا.

 

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما"

هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" Proxima  له‌م ڕووداوه گرینگ و پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان، بریتین له: خاتوو "بیانکا بالبۆئێنا" Bianca Balbuena  به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی فیلیپین، "ڤۆتێر یانسێن" Wouter Jansen بڵاوکه‌ره‌وه‌ی فیلم له وڵاتی هۆڵه‌ندا، خاتوو "ئادێلا کۆمێرزی" Adéla Komrzý  ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆماری چیک، "محه‌‌مه‌د کۆردۆڤانی" Mohamed Kordofani  ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سوودان و هه‌روه‌ها "دانێلا میشێل" Daniela Michel  به‌رپرسی هونه‌ریی له وڵاتی مه‌کسیک.

 

خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" بۆ "ئێڤان ترۆجان" ئه‌کته‌ری چیکی

له ڕێوڕه‌سی کۆتایی په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" بۆ یارمه‌تی به‌خشین به سینه‌مای چیک به "ئێڤان ترۆجان" Ivan Trojan  ئه‌کته‌ری ناوداری ئه‌م وڵاته پێشکه‌ش کرا. ئه‌و یه‌کێکه له ئه‌کته‌ره خۆشه‌ویسته‌کانی سینه‌ما، ته‌له‌ڤیزیۆن و شانۆی وڵاتی کۆماری چیک، که چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که به‌رده‌وام سه‌رقاڵی کاری هونه‌رییه.

ڕێزلێنانی ژماره‌یه‌ک له ئه‌ستێره ناوداره‌کانی سینه‌مای جیهان

له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" و له به‌شی ڕێزلێنانه‌کانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌دا؛ ژماره‌یه‌ک له ئه‌ستێره ناوداره‌کانی سینه‌مای جیهان، له‌وانه: "نیکۆل هۆلۆفسنێر" ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی، "فڕانسین میسلێر" به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌مه‌ریکی و به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌کته‌ر و هه‌روه‌ها "کڵایۆ ئۆین" ئه‌کته‌ری به‌ریتانی ڕێزیان لێگیرا و خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" پێشکه‌ش به‌‌م هونه‌رمه‌ندانه کرا.  

 

"کاڕلۆڤی ڤاری" یه‌کێک له گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی ناوەندیی و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" بە یه‌کێک له گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی ‌ ئەورووپای ناوەندیی و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و هه‌روه‌ها یەکێک لە کۆنترین فێستیڤاڵەکانی سینەمای دنیا دادەنرێت، کە په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی خۆی به سه‌رۆکایه‌تی "جیری بارتۆشکا" Jiří Bartoška ، به به‌رپرسیاری جێبه‌جێکاری "کریستۆف مۆچا" Kryštof Mucha  و هه‌روه‌ها به به‌رپرسی هونه‌ریی "کاڕێل ئۆچ" Karel Och  له ڕۆژانی ٢٨ی حوزه‌یران تا ٦ی ته‌مووزی ٢٠٢٤ له سینه‌ماکانی هوتێل "تێرماڵ" Thermal، له‌وانه: هۆلی کۆنگرێس، "گڕاند هاڵ" و سینه‌ماکانی A، B و C و هه‌روه‌ها سینه‌ماکانی "دراهۆمێرا" Drahomíra، "کاڕلۆڤی ڤاری" تیئاتر، "چاس" Čas، "هوسوفکا" Husovka تیئاتر، سینه‌ما "پۆپ" Pupp، سینه‌ما "لازنێ ٣" Lázně III  له شاری کاڕلۆڤی ڤاری له وڵاتی کۆماری چیک به‌ڕێوه‌ده‌بات.

 

ڕێزلێنانی ١٠٠ ساڵه‌ی کۆچی دوایی "فڕانتس کافکا" Franz Kafka

له‌م ڕووداوه گرینگه‌ی سینه‌مای جیهاندا، ١٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" Crystal Globe و ١٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" Proxima  و هه‌روه‌ها له چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆ‌ری ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی له‌وانه: ١٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "نمایشه تایبه‌ته‌کان" Special Screenings، ٥٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "ئاسۆکان" Horizons، ١٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "هێنانه به‌رچاو" Imagina، ١٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "جیلی دوایی سینه‌مای ئه‌ورووپا" Future Frames، ١٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "دوور له ڕابردوو" Out of the Past، ٥ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "نمایشه‌کانی نیوه‌شه‌و" Midnight Screenings، ٢٢ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی "کافکا و سینه‌ما" Kafka and Cinema، ٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ڕێزلێنانی ژماره‌یه‌ک له ئه‌ستێره ناوداره‌کانی سینه‌مای جیهان، له‌وانه: "نیکۆل هۆلۆفسنێر" Nicole Holofcener  ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ری ئه‌مه‌ریکی، "فڕانسین میسلێر" Francine Maisler  به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌مه‌ریکی و به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌کته‌ر، "ڤیگۆ مۆرتێنسێن" Viggo Mortensen  ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ری ئه‌مه‌ریکی، "کڵایۆ ئۆێن" Clive Owen  ئه‌کته‌ری به‌ریتانی، "ئێڤان ترۆجان" Ivan Trojan  ئه‌کته‌ری چیکی نمایش کران.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.kviff.com/en/homepage

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار