كەنەكە لە ساڵیادی تەقاندنی یەكەم فیشەكی پەكەكە دژی بە توركیا پەیامێكی بڵاوكردەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كەنەكە پیرۆزبایی ڕۆژی ١٥ی ئابی كرد و ڕایگەیاند، لە ١٥ـی ئابدا لە بەرامبەر زوڵمی دەوڵەتی تورك ئاڵای ئازادیی هەڵكرا، دەوڵەتی تورك گەڕاوەتەوە سەردەمی هەشتاكان دەیەوێت خەباتی گەل سەركووت بكات، بەڵام هەوڵەكانیان بێ سوودن، كوردستانییان بە بەرخۆدانێكی بەهێز شكست بە پیلانەكانیان دەهێنن.
كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-كەنەكە، لە بارەی ١٠مین ساڵیادی تەقاندنی یەكەم فیشەكی پەكەكە دژی بە دەوڵەتی توركیا پەیامێكی بڵاوكردەوە.لە پەیامەكەی كەنەكەدا هاتووە، لە ساڵی ١٩٨٤، لە هەلومەرجی سەختدا گەلی كورد و سەركردەكانی تەڤگەری ئازادیی كوردستان ڕادەستی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورك نەبوون و سەریان دانەنەواند، بەرخۆدانێكی بەهێزیان گەشەپێدا، لە زیندانەكانەوە تا هەموو كایەكانی ژیان، خەباتێكی خۆنەویستانە ڕێكخرا و باجی گەورە درا، بەڵام لە بەرامبەر زوڵمی دەوڵەت ئاڵای ئازادییش هەڵكرا.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەو هەنگاوە پریشكی شۆڕشی كوردستان بوو بە ئاگرێكی سووتێنەر لە وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كۆمەڵێك ئازادییخوازان دەستیان پێكرد و ئەمڕۆش بوونەتە هێزێكی گەورەی گەریلا لە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە خەبات و بەرخۆدانی دۆزی كوردستاندا، ئەم هەنگاوە بۆ خۆی قەڵەمباز و سەركەوتنێكی گەورەیە.
ئەمڕۆ دەوڵەتی تورك گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، دەیەوێت بەرخۆدانی گەلی كورد، خەبات بۆ ڕزگاریی و ئازادیی كوردستان سەركوت بكات، سیستەمی دادپەروەریی و دادگا بووەتە زنجیرێكی كۆیلایەتی و دیلكردنی خەباتكارانی كوردستان. هەرچی كەلتووری كوردیی هەیە كەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە، دەوڵەتی تورك هێرش دەكاتە سەر زەماوەند و سەما، گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەنی كورد دەستبەسەر دەكات، كەلتوور و مۆسیقای كوردیی قەدەغە دەكات، ئەم جوڵە و كردارانە، هەموو ئەم هەوڵانە بێهودە و بێ سوودن.
دەشڵێن: بنیاتنەری ڕۆژی ١٥ـی ئاب عەبدوڵا ئۆجالانە، كە ٢٦ ساڵە لە زیندانی ئیمیرالی لە ژێر فشار و گۆشەگیریی تونددایە، ماوەی ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەك نە لە خۆی و نە لە هاوڕێكانییەوە نەگەیشتووەتە دەرەوە، ئەم دۆخە مەترسیدار و قبوڵ نەكراوە، پێویستە هەموو كورد و دۆستانی كورد لە كار و چالاكیی دژی ئەم دۆخە بەردەوام بن.
لە كۆتای پەیماكەشدا ئەوە هاتووە، بەم بۆنەیەوە ئێمە وەك كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان جارێكی دیكە جێگەی خۆمان لە كامپەینی “ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان-چارەسەری كێشەی كورد” دەگرین و داوا لە هەموو كوردستانیان و دۆستانی كورد دەكەین، بەشداری ئەم هەڵمەتە بكەن و ئەم هەڵمەتە بەهێزتر بكەن.
