فرۆشتنی دوو جۆر دەرمان لە هەرێمی كوردستان قەدەغە دەکرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، لەبارەی دوو جۆر دەرمانەوە هۆشداریی دەدات و بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنیان دەدات.
دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ڕایگەیاند: بە مەبەستی زیاتر هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی فرۆشتنی دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوە ژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدایە.
دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاشكراشی دەكات، بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باجی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باجی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme) دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی چاودێریی بازاڕی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA پشکنینی فیزیکیان بۆ ئەنجامدرا دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو "visible particle" یان تێدایە.
" داوا لەسەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە ئەمڕۆ بەدواوە فرۆشتنی ئەو دوو بەرهەمە ڕابگرن، تاوەکو ئەنجامی تاقیگەیی نوێ لەسەر ئەو دوو بەرهەمە دەردەچێت". کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وادەڵێت.
