ئەم بێباکییە هەتا کەی؟

یەک ساڵ لەمەوپێش
ڕۆژنامەی هاوڵاتی
لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە ئاستێک، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کارەساتێکی نوێ دەبیستین، کەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بێدەنگتر دەبن و هیچ کاردانەوەیەکی سیاسی و سەربازییان نییە لە بەرانبەردا. ئەم بێباکییەی حزبە کوردییەکانیش کە بووە بە ستراتیژ و لە سایەیدا سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانن، دوو ڕاستی سەرەکیمان بۆ ئاشکرا دەکات: یەکەمیان ئەوەیە چیتر هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی سیاسی نیشتیمانی نییە و سەرجەمی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دروستبوون و پەیوەندییان بە پاراستنی خاک و وڵات و ژیانی هاوڵاتیانەوە نییە، دووەمیشیان ئەوەیە ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدایە و پێویستە بە دوور لەو بێدەنگییە ستراتیژییەی دەسەڵاتداران، کاردانەوەی گەورە بە ڕووی ئەم لەشکرکێشییە سەربازییانەی تورکیای داگیرکردا بنوێنن، کە ڕۆژانە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دوای بۆردوومانی هەندێک ناوچەی شارباژێڕ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، لەسەر ڕێگای سەیدساق-هەڵەبجە، دوای سنوربەزاندن و دەستدرێژیی سوپای تورکیا بە درێژی ٤٠٠کم، بۆسەر خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بۆردوومانکردنەوە بە درۆن، دوو خاتوونی ڕۆژنامەنوس شەهیدکران و شەش هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون. بێگومان ئێمە چەندین ساڵە گوێبیستی ئەوە دەبین، کە باشور باجی خەباتی باکور دەدات، بەڵام ئەم قسەیە نەک ڕاست نییە، بەڵکو خۆدزینەوەیەکی ئاشکرایە لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و هاوکاتکەوتنی دەمامکی کوردایەتیشە بە ڕوخساری سیاسییەکانی هەرێمەوە. لە لایەکی تریشەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت کام هێز لە خەباتێکی بەردەوامدایە بۆ پاراستنی گەلی کورد و لەبەر چ هۆکارێکیش بەردەوام ڕەتدەکرێتەوە.
ئەوەی پێویستە هاوڵاتیانی کوردستان ئەنجامی بدەن، پەرەدانە بە فۆڕمێک لە خەباتی فرەیی و ڕاکێشانی بەرەنگارییە بۆناو کایە و پانتاییە کولتوورییەکانی وەک میدیا و گردبوونەوەی جەماوەری سەرتاسەری و ڕەتکردنەوەی داگیرکەر و خانەخوێ ناوخۆییەکانیان لە یەک کاتدا. چونکە خەبات و بەرەنگاریی تەنیا بە چەک ناکرێت، بەڵکو بە بیری ئازاد و تێگەیشتن لەو ڕاستییەوە دەکرێت، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم چاوساغی داگیرکەرانن و خەباتی ئێمەی گەلی کورد بەشێک نییە لەو خۆ ڕادەستکردن و بێباکییەی ئەوان. ئەوەتا ئەمڕۆ دوو خەباتکاریی میدیایی شەهیدبوون، خۆ ئەگەر ئەوانیش وەک ڕۆژنامە نابەرپرسیارەکانی دەزگاکانی ئەوان مفتەخۆر بوونایە، ژیانیان پارێزراو دەبوو.
کەواتە بۆ ئەوەی لەم دۆخە ژێردەستەیی و پڕ مەترسییە ڕزگارمان ببێت، بۆ ئەوەی مێژووی سەدان ساڵەی بەرخۆدان و خەباتکردنمان بۆ ئازادی بە فیڕۆ نەڕوات، نابێت فریوی گوتاری دەسەڵاتداران بخۆین کە خۆیان هاوپەیمان و هاوبەرژەوەندی داگیرکەرن، بەڵکو دەبێت سیاسەتی بەرەنگاریی و بەرخۆدان وردکەینەوە بۆسەر ئاستی فرەیی کایەکان و هەر هاوڵاتییەک لە هەر شوێن و جێگایەکدایە، خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی تورکیای داگیرکەردا و بەشدار بێت لە هەر هەوڵێکدا، کە وادەکات جۆرێک لە سیاسەتی فرەیی کولتووریی سەرپێ بکەوێت، تا لە ڕێگایەوە مرۆڤبوون و کوردبوونی خۆمان بپارێزین و کۆتایی بەو گوتارە ناسیۆنالیستییە بهێنین چەندین ساڵە سیاسییەکانی باشور وەک مشەخۆر لەسەری دەژین.
