یەکێتی لە ڕێگەی سەرچاوەوە هەڵوێست لەبارەی چوونی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ گەرمیان دەردەبڕێت

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزێکی حەشدی شەعبی چوونەتە گەرمیان و سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیشی بە میدیای حزبەکەی دەڵێت ئەو هەنگاوە بەزاندنی سنوورە و ڕێگە نادرێت هێزەکە لەو ناوچەیە بمێننەوە، لەکاتێکدا میدیای پارتی دەڵێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هێزەکە چووتەتە ناوچەکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی کە بە هەزاران چەکدار و نزیکەی 200 ئۆتۆمبێل مەزەندە دەکرێن. چوونەتە نزیک سنووری گەرمیان و سەنگەریان لێداوە.
میدیای پارتی بڵاویکردەوە: هێزەکەی حەشدی شەعبی بە “ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی” چووەتە ناوچەکە، بەڵام یەکێتی ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری “سەرچاوەیەکی باڵا”ی حزبەکەوە بڵاویکردەوە: “هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنووری گەرمیان و کێڵگەی چاڵاو خالید بەزاندنی سنوورەو بە بێ ئاگاداری هێزە فەرمییەکانی ناوچەکە بووە”.
سەرچاوەکە جەختیشکیردووەتەوە " “بەهیچ شێوەک رێگەنادرێت ئەو هێزە لە ناوچەیە بمێنێتەوە” .
“داوامانکردووە لە حکومەتی فیدڕاڵ دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ پاشەکشە بە هێزەکە بکرێت، چونکە ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نییە". سەرچاوەکە وای وتووە.
