" هێزەکەی حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد"

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری گەرمیان دەستیان بەسەر چەند بیرە نەوتێکدا گرت، دوای چەند کاتژمێرێک پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، "هێزەکەی حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە".
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاتبوونە ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد و ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێکدا بگرن پاشەکشەیان کرد و بیرە نەوتەکە لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیانەوە دەپارێزرێ.
کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبیانووی ئۆپەراسیۆن و دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆریست بەبێ ئاگاداری و پرسکردن هاتوون، بەڵام ئەگەر واشبێ دەبوو لەگەڵ پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنیەکانی سنوورەکە هەماهەنگی بکەن و زانیاریەکان بدەن بەوان یا بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن.
لەبارەی هێرشەکەی حەشدی شەعبی، لە نووسینێکدا دڵشاد ئەنوەر، ڕۆژنامەنووسێکی گەرمیان دەڵێت، "هێزەکەی حەشد بەرەبەیان و بێ تەنسیق هاتوون، گەر تەنسیق هەبووایە پێشوەخت پێشمەرگە لەو سنوورە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاگادار دەکرایەوە، هێنانی هێزی زۆریش ئاماژەیە بۆ خۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە".
باس لەوەشدەکات، دوای هاتنیان جۆرێک لە پەیوەندی و تەلەفۆنان لە نێوان عێراق و هەرێم دروستبووە، گەرچی هێزەکە بۆ مانەوە هاتوون، بەڵام وەعدی کشانەوە دراوە، بیرە نەوتەکە کە نزیکە لە گوندی سەید مدری گەرمیانەوە، بیرە نەوتێکی کۆنەو وەبەرهێنان و نەوتی لێ دەرناهێنرێ و هی سەردەمی کۆنە.
ئاماژە بەوەشدەکای، هاتنی هێزەکە پەیام و ئاماژەی تێدایە، یانی لەداهاتوودا بیرەکانتان لێ وەردەگرینەوە، بەتایبەت چەند مانگێکە پارتیش لە سنوری نەوتی گوێر سەنگەرەکان توندوتۆڵ دەکات.
