لاهور شێخ جەنگی گەیم ئۆڤەری ڕاگەیاند

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یەکێتی دەست بە هەڵمەتێکی توند دەکات

لاهور شێخ جەنگی جاڕی ڕاپەڕینێکی تر دەدات لە ڕێی هەڵبژاردنەوە.

لایەنگرانی ڕیز دەبەستن و ئەویش هەڕەشەکانی توندتر کردوەتەوە.

سەرۆکی بەرەی گەل، لە کۆیەی شارەکەی خۆیەوە، دەستی بە زنجیرەیەک سەردانی شارەکان کردووە، لە یەکەم چرکەشەوە جاڕی سەردەمێکی نوێیدا و گەیم ئۆڤەریشی بۆ ئەم دۆخە ڕاگەیاندووە.

کەس بە دیاریکراوی نازانێت لە پشتەوە چ پلانێکی داناوە، بەڵام دەڵێت هەڵبژاردن دەکەن بە ڕاپەڕینێکی نوێ و بە متمانەبەخۆبوونێکی گەورەوە بەڵێنیدا هاوڵاتیان بگەیەنێتە کەناری ئارامی.

کاتێک سەردانی کۆیە و قەڵادزێی کرد دیمەنێکی جیاواز بینرا، ئەویش ڕیزبەستنی خەڵکی دوو شارەکە بوو بۆ پێشوازیلێکردنی، ئەو لەوێوە ڕایگەیاند ئەم جارە گۆڕانکاری دەکەن و سەردەمی کوێخایەتی کۆتایی پێدەهێنن، پێشیوایە دەسەڵات تێکوپێکشکاوە و ئەگەر جاران زەبری پارەی هەبووبێت، ئێستا پارەکەی کەوتووەتە دەست بەغدا و وەک خۆی دەڵێت وای لێهاتووە بڵێین شکور پارە لای بەغدایە.

لاهور شێخ جەنگی ئەگەرچی هێرشی توند دەکاتە سەر پارتی و یەکێتی و دەڵێت وایانکردووە وڵاتەکە تەراتێنی تێدا بکرێت و بە خزمەتکاری وڵاتانی ئیقلیمی ناویان دەبات، بەڵام جوڵەکانی بە تەواوی یەکێتی توڕە کردووە و هەڵمەتێکی توندی ڕاگەیاندن دژی بەڕێوە دەبەن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە پارتیی و مەسرور بارزانییەوە نزیکە.

لاهور شێخ جەنگی پێیوایە لەم هەڵبژاردنەوە سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات کە سەردەمی پارتی و یەکێتی نابێت و باوەڕی وایە دەتوانن فشارێکی گەورە لە پەرلەمانەوە دژی حکومڕانی ئێستا دەستپێبکەن.

پێشیوایە هاوڵاتیان ناڕەزایەتی تا سەر لوتیان هاتووە و تەنها پێویستیان بەوەیە ڕێکبخرێن و ڕابەرایەتی بکرێن تا ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت و پێداگریش دەکات کە ئەو هاوڵاتیانەی جێنەهێشتووە و هاتووە بۆ ڕابەرایەتیکردن تا گەلی کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار