ڕێباز حەملان: ئەوەی بەغدا بەرامبەر هەرێم دەیکات سیاسییە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی مانگی تەمموز لەلایەن عێراقەوە دەڵێت، "ئەوەی بەغدا بەرامبەر هەرێم دەیکات سیاسییە".
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ 2024/8/27 وەزارەتی دارایی عێراق برى (549) مليار و (572) مليون ديناری خستە سەر هەژماری وەزارەتى دارايى وئابوورى کە تايبەته به مووچه ى مانگى ئاب، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چاوەرێیی پارەی تەواوی موچەخۆران بوو بۆ مانگی تەمموز.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی موچەی مانگی ئابی ڕەوانەی بەغداد نەکردووە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق موچەی مانگی ئابی نارد، کاتێک پرسیاریان لێکرا وتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی 7 مووچەی مانگی 8 مان بۆ ناردوون، ئەمە باشترین بەڵگەیە کە بەغدا ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیکات تەواو سیاسی و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێری و یاسایی نییە.
ڕێباز حەملان ڕاشیگەیاند، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی 7 کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی 7 مووچەی مانگی 8 نارد؟ بێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت.
ناوبراو ئاشکرای کرد، سبەی 8/28 شاندێکی هونەری و دارایی لە هەردوو بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بودجە و چاودێری دارایی هەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی 7 دەچنە بەغدا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق .
