بەیاننامەکانی پارتی و یەكێتیی، ڕاگەیاندنی شكستی حوكمڕانیانە
خەڵك پێویستی بەموچە و دابینكردنی ژیانە، نەك بەیاننامەکانی پارتی و یەكێتیی.

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
🔹 بەیاننامەکانی پارتی و یەكێتیی، ڕاگەیاندنی شكستی حوكمڕانیانە
🔻 خەڵك پێویستی بەموچە و دابینكردنی ژیانە، نەك بەیاننامەکانی پارتی و یەكێتیی.
🔻 ئەوەی ئێستا روودەدات، چنینەوەی بەرهەم و سیاسەتی شكستخواردووی 10 ساڵی رابردووی خۆیانە
🔻 خەونی كورد لەسەربەخۆییەوە بۆتە ناردنی موچەی یەك مانگ، كەچی موزایەدە بەوەشەوە دەكەن
✍️ سەرتیپ جەوهەر
بێگومان ئەو بەیاننامەو تۆمەتبەخشینەوەیەی نێوان یەكێتیی و پارتی هیچ پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە نییە. خەڵكی كوردستان لە دۆخێكی ئێجگار خراپدان، پێویستیان بەدابینكردنی موچە و خزمەتگوزاریی و سەقامگیریی دەروونی و دەربازبوونە لەم دۆخە ناهەموارە، نەك بەیاننامەی گرژ و موزایەدەی سیاسی. ئەوە چەند رۆژێکە چەندین بەیاننامە لەسەر یەكتر دەردەكەن، كەچی هیچ بەیانێكی هەردوو حزب نەبووە بەباسی رۆژ و كاریگەری لەسەر هیچ دروستنەكردووە، چونكە هەردوو حزب پەیوەندیان بەژیانی خەڵكەوە نەماوە.
بەدرێژایی 10 ساڵی رابردوو پارتی و كەمینەیەكی بڕیاردەری ناوخۆی یەكێتیی، شەریكی هەموو بڕیارە خراپەكانی ئەم حوكمڕانییە بوون. ئێستا گلەیی لەچی دەكەن؟ خۆیان حوكمڕان بوون و خۆیان ئەوەل و ئەخیر بوون! ئەو بەیاننامانەی ئێستایان بەیانی دۆڕان و شكستیی ئەم حكومڕانیەیە كە هەردوولا تێیدا شەریكەبەشبوون و قوڕیان كرد بەسەری ئەم میللەتەدا. ئێستاش دەیانەوێ بەدروستكردنی گرژی سیاسی و موزایەدەی كوردایەتی دایبپۆشن.
ئەوەی ئێستا روودەدات، چنینەوەی بەرهەم و سیاسەتی شكستخواردووی 10 ساڵی رابردووی خۆیانە، هەر لەناردنەدەرەوەی نەوتەوە لەژێر ناوی سەربەخۆكردنی ئابورییدا بگرە تادەگاتە بەناهەق بڕینی موچەی خەڵك لەژێر ناوی پاشەكەوت، پرۆژەی ناوەختی ریفراندۆم، گفتوگۆی پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا، موسادەقەی ئەنجامی ساختەی هەڵبژاردن، درێژكردنەوەی تەمەنی نایاسایی پەرلەمان..هتد.
ئێستاش كە دۆخی هەرێمیان بەمڕۆژە گەیاند، هەریەكەیان دەیەوێت ئەم شكستە بخاتە ئەستۆی ئەویدی و بەیاننامەی تەخوینكردنی یەكتر دەردەكەن! ئەوان چارەنوسی میللەتیان ئاگرتێبەردا. جاران خەڵك خەونی بەسەربەخۆیی كوردستانەوە دەبینی، ئێستا خەون بەناردنی موچەی مانگێك دەبینن، كەچی پارتی و یەكێتیی لەسەر ئەوەش شەڕیانە، هەریەكەیان دەیەوێت بیكات بەدەستكەوتی خۆی و موزایەدەی سیاسی پێوەبكات.
