سەعدی ئەحمەد پیرە: ناو زیاد دەکرێت بۆیە عێراق مووچە دەبڕێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وتەبێژی یەکێتی لەبارەی زیادبوونی ناوی زیادە لە لیستی مووچەدا دەڵێت” عێراق لە خۆیەوە مووچەی خەڵک نابڕێت، ناو زیاد دەکرێت بۆیە مووچە دەبڕێت”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی ڕایگەیاند، لیستی مووچەخۆران وەزارەتی دارایی دەیکات و سەرپەرشتی دەکات، ئەگەر ئێمە ناومان زیادکردووە لە کوێیە کام وەزارەت ئاسایش پێشمەرگە کامیان؟ ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆ 2000 کەسێک زیاد کراوە ئێمەی تێدا نییە، لە پێشمەرگە باس لە 30 هەزار دەکرێت یان لە پەروەردە هی ئێمە نین و ئێمە زیادمان نەکردوون واتە لە سلێمانی ناوی نوێ زیاد نەکراوە بۆ لیستی مووچە.

 

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێم یان لایەنێک دەیەوێت ناو زیاد بکات با بە ئاگاداری عێراق بێت، چونکە لە خۆیەوە مووچەی خەڵک نابڕێت، ناو زیاد دەکرێت بۆیە عێراق مووچە دەبڕێت و کيشەی بۆ دروست دەکرێت، بابەتی هەژماری من و هەژماری تۆ و زیاد کردنی ناو دەبێ کۆتایی پێ بهێنرێت، دەبێت ئەو بڕیارەی لە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لێدراوە سەبارەت بە مووچە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا ڕایگەیاندووە، ئەوەی وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی عێراق دەیکات ئەجێندای سیاسی و دەستی سیاسی لە پشتە بۆ سزاداری هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارتی چ پەیوەندیمان بەو با بەتەوە هەیە هەرچی دەکرێت وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی دەیکات.

سەبارەت بە زیادبوونی ناو لە لیستی مووچەدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا،  بەیاننامەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی هەیە، کە جەخت دەکاتەوە لە مانگی حەوت بە بەراورد بە مانگی هەشت 577 کەس لە کۆی لیستەکان کەمی کردووە نەک زیادی کردبێت، تەنها ئەوانە نەبێت کە لە ڕابردوودا بایۆمەترییان نەکردووە، لە هەموو سلکە مەدەنی و سەربازیەکان لە خودی عێراقیش چەندین کەس بایۆمەتری نەکردووە.

زیاتر لە 55 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، وەزارەتی دارایی هۆکارەکەی بۆ کەمکوڕتی لە لیستی مووچە دەگەڕێنێتەوە، لایەنەکانیش یەکتری “تۆمەتبار” دەکەن بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار