نابێ لەبیر بکرێ!
هەڵوێستی جەوهەر نامیق لە 31ی ئابدا
12 مانگ لەمەوپێش
کاوە شێخ عەبدوڵڵا
ئێوارەی 30ی ئاب، جەوهەر نامیق لەسەر مێزی نانخواردن لە ماڵی خۆیان وەڵامی پرسیاری هەندێک لە میوانەکانی دەداتەوە کە سەبارەت بە دوایین هەواڵەکانی شەڕ و ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی لێی دەپرسن. یەکێک دەڵێ: کاک جەوهەر هەست بە جموجوڵێکی سەربازیی پارتی دەکرێ لە دەوروبەری شەقڵاوە و سەڵاحەدین، دەوترێ پارتی دەیەوێ ئەمجارە هەولێر ئازاد بکات.
جەهەر نامیق کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، بە پێکەنینەوە دەڵێ: لە شەڕدا جوڵاندنی هێز شتێکی ئاساییە، بەڵام ئاگام لە هەواڵی دیکە نییە. جارێ باوەڕ ناکەم بۆ هەولێر بێ، مەسەلەی ئازادکردنی هەولێر شتێکی ئاڵۆز و موعەقەدە.
رۆژی 31ی ئاب، بەیانییەکەی زوو جەوهەر نامیق بەبێ ئەوەی بزانێ چی ڕوویداوە بە پەلە خۆی دەگەیەنێتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی و بە خەڵکە خرۆشاو و شادمانەکەی ناو بارەگاکە دەڵێ: هەولێر زۆری نەماوە بە تەواوی ئازاد بکرێ!
بەڵام پاش چەند سەعاتێک کە بۆی ڕوون دەبێتەوە ئازادکردنی هەولێر بە یاریدە و هاوکاری سوپای سەدام حسێن بووە، خێرا وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دەنووسێ و ئیدانەی داگیرکردن و کاولکردنی بینای پەرلەمانی کوردستان دەکات لەلایەن حەرەس جمهووری سەدامەوە.
جەوهەر نامیق دەقی بەیاننامەکەی دەنێرێ بۆ ڕۆژنامەکانی پارتی، بەڵام بۆی بڵاو ناکەنەوە. لەوانە (ڕۆژنامەی برایەتی) کە ناوی خۆی وەکو خاوەن ئیمتیاز بەسەر ڕۆژنامەکەوە بووە!
رۆژی دواتر جەوهەر نامیق بۆ دۆست و هاوڕێکانی ڕووندەکاتەوە، ئەو بۆیە دژی داگیرکردنی بینای پەرلەمانی کوردستان بووە، چونکە یەکەم سەرۆکی یەکەم پەرلەمانی کوردە؛ سوێندی خواردووە کە دژی شکاندن و بەزاندنی حەرەمی پەرلەمان بێت لەلایەن هێزی چەکدارەوە. جا ئەو هێزەش حەرەس جمهووری بەعس بێ! حەرەس جمهووری ژووری سکرتێری پەرلەمانیان کردووە بە تەوالێت، هەموو بەڵگەنامە و کەرەستەکانی سەرۆکی پەرلەمانیان بردووە بۆ بەغدا، ئیتر چۆن دژی ناوەستمەوە. من ئامادەم لەم پێناوەدا باجی گەورە بدەم، بەڵام ئامادەنیم ئەم داگیرکارییە قبوڵ بکەم.
چوار ڕۆژ دوای 31ی ئاب، جەوهەر نامیق وەک سەرۆکی پەرلەمان، ئەم ناڕەزاییەی خۆی کردە عەمەل و یەکەم کۆبوونەوەی پاش ئەو ڕووداوانەی بردە (مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە) و نەیبردە بینای داگیرکراوی پەرلەمانی کوردسانەوە لە هەولێر.
لەو کۆبوونەوەیەی مزگەوتی گەورەی شەقڵاوەدا، فرەنسۆ حەریری وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هەستا و بەنیگەرانییەوە وتی: پێم سەیرە لەم شوێنەدا پەرلەمان کۆبووەتەوە، ئەی ئەوە نییە بینای پەرلەمانی کوردستان ئازادکراوە؟
ئەم هەڵوێست و کردەوانەی جەوهەر نامیق کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و کەسێکی نزیک و تێکەڵاوی بنەماڵەی بارزانی بوو، شتێکی زۆر ئازایانە و مەبدەئیانە بووە بۆ ئەو کات و ساتە هەستیارە. ئەوێک کە حزبەکەی گەیشتووەتە لوتکەی سەرکەوتن و نەیارەکەی خۆی لە هەموو کوردستان دەرپەڕاندووە، بەڵام نەکەوتە ژێر کاریگەری دڵخۆشییەکان و لەناو گەرمەی هەیەجان و دڵخۆشییەکانی سەرکەوتندا، دەنگی ناڕەزایی لە پاڵنەرە سەرەکییەکەی ئەو سەرکەوتنە دەربڕی کە هێنانی سوپای سەدام حسێن بوو بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی لە هەولێر!
جەوهەر نامیق وەک پێشبینیکردبوو، لە ساڵانی داهاتوودا باجی گەورەی دا، بەڵام هەڵوێستەکەی و ناڕازیبوونەکەی لە هێنانەوەی سوپای سەدام حسێن بۆ هەولێر و کوردستان، وەک هەڵوێستێکی ئازایانە و جوامێرانە بۆ هەمیشە لکاند بە ناوەکەی خۆیەوە.
خۆزگە سەرکردایەتی هەموو حزبەکان، نموونەی وەک نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامیقی زۆرتر تێدا بوایە، تا سەرکردەکان نەیانتوانیایە بە ئارەزووی خۆیان هەموو بڕیارێکیان دەربکردایە و بەبێ لێپرسینەوە و ڕاگرتنیان بچن بۆ بڕیارێکی تر و سەپاندنی خواستێکی تر بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەنجامە ترسناکەکانی بڕیارەکانیان.
لە ڕۆژی 31ی ئابی هەموو ساڵێکدا، پێویستە ئەم هەڵوێست و کارەی جەوهەر نامیق وەک سەرۆکێکی ئازا و سەرڕاستی پەرلەمانی کوردستان یاد بکرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت.
تێبینی: زانیارییەکانی ئەم نووسینە، لە کتێبی بیرەوەرییەکانی فەرهاد عەونی بەناوی " ڕۆژگارم ئاوا تێپەڕی" وەرگیراوە. فەرهاد عەونی لە ڕۆژانی 31ی ئابدا سەرنووسەری ڕۆژنامەی برایەتی بووە و دواتر بوو بە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
