ئەو پارەیەى بەغدا بۆ مووچە ناردوویەتى 155 ملیار دینار کورتهێنانى هەیە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگی تەمموز بە هاوتاکراوی، ١٥٥ ملیار دینار کورتهێنان هەیە؛ تاوەکو ئەو پارەیە نەنێردرێت وەزارەتی دارایی لیستی مووچە راناگەیێنێت، هەروەها تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ بە ناوى هەردوو مانگى تەمووز و ئاب تەنیا 856 ملیار دینارى ناردووە بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشیانەوە بۆ یەک مانگ پێویستى بە زیاتر لە یەک تریلیۆن و ١١١ ملیار دینارە.

 

هەروەها وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بڕى ٪١٠ی لە مووچەى فەرمانبەران بڕیوە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاسای خانەنشینى، کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى جبێەجێدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەى خانەنشینانى نەناردووە کە بۆ یەک مانگ بە هاوتاکردنەکەوە، پێویستى بە ١٧٦ ملیار دینار هەیە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ مووچەى مانگى تەمموز ٣٠٧ ملیار دینارى ناردووە، هەروەها زۆربەى مووچەى مەدەنى و بەشێک لە مووچەى هێزە ئەمنییەکانیشى بۆ ئەو مانگە نەناردووە، هەر بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى پڕکردنەوەى ئەو ١٥٥ ملیار دینارەیە کە کورتهێنانى تێدایە بۆ مووچەى مانگێک، کە لە لایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە بنێردرێت بۆ ئەوەى لیستى مووچەى مانگێک رابگەیێنن.

بەر لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان، هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 950 ملیار دینار بووە، بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان مانگانە دەبێ زیاتر لە 54 ملیار دیناری دیکەش بنێردرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار