هەڵگرتنى چەک لە بانگەشەى هەڵبژاردن قەدەغە کرا

12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە نمایشى سەربازى و هەڵگرتنی چەک وکاروانى ئۆتۆمبێل لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا قەدەغەیە و پەیامێکیش ئاراستەى لایەنە بەشدارەکانى هەڵبژاردن دەکات.
بەپێى فەرمانێکى پارێزگاى سلێمانى کە واژۆى دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکى لیژنەى ئارامیی پارێزگاى سلێمانى بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانی لەسەرە تێیدا هاتووە، هەڵگرتنى چەک و دیاردەى چەکدارى و نمایشى سەربازى و کاروان و کەژاوەى درێژى ئۆتۆمبێل کە ببێتە هۆى تێکدانى هاتوچۆى گشتى لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا قەدەغەیە.
لە نووسراوەکەشدا هاتووە، پێویستە کاندید و قەوارە وهاوپەیمانێتییەکان بە شێوازێکى مەدەنى هەڵمەتى بانگەشە ئەنجام بدەن و پابەندن بن بە پاراستن وئاسایش و ئارامى و رێنماییەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان.
داواشی لەلایەنە سیاسیەکان کردووە لەکاتى ڕوودانى هەرکێشەیەکدا خۆیان لە هێرش و تۆڵەکردنەوە بەدوربگرن و پەنا بۆ دادگا و کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان و دامەزراوە فەرمییەکان بەرن.
